هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

سیستمی نوێی چاودێری بۆ پاراستنی راوەی ئەنبار لە دەزەکردنی داعش

خالید تائی

بەرپرسانی سەربازی لە راوە ئامادەی دەستپێکردنی سیستمە نوێکە دەبن بۆ چاودێریکردن لە شارەکە و ناوچە بیابانییەکان. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

بەرپرسانی سەربازی لە راوە ئامادەی دەستپێکردنی سیستمە نوێکە دەبن بۆ چاودێریکردن لە شارەکە و ناوچە بیابانییەکان. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

كاربه‌ده‌ستانی عێراق سەرەتای ئەم مانگە سیستمێکی نوێی چاودێرییان خستەکار لە شاری راوە و ناوچە بیابانییەکانی چواردەوری لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار بۆ رێگرتن لە هەوڵەکانی دزەکردن لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ه‌وه‌.

حکومەتی ناوخۆیی راوە پرۆژەکە جێبەجێدەکات بە هاوکاری لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، کە بەکارهێنانی کامێرا پێشکەوتووەکان و ئامێرەکانی دیکە لەخۆدەگرێت لەناو شارەکە و ناوچەکانی دەوروبەری.

سەرۆكی شارەوانی راوە، حسێن عەکیدی بە دیارونای وت: "ئامادەکاریمان کرد بۆ جێبەجێکردنی سیستمەکە دوای ئەوەی شارۆچکەی راوەمان لە داعش گرتەوە لە کۆتایی 2017."

وتی هه‌ڵكه‌وتی ئەم شارە، کە درێژدەبێتەوە بەرەو سنووری سوریا و ئەو بیابانە بەرفراوانەی چواردەوری لە هەموو لایەکەوە، وایکرد دەسەڵاتی ناوخۆیی "ئەم پرۆژەیە دەستپێبکات بۆ به‌ته‌واوی پشتیوانیكردنی هێزە ئەمنییەکان."

سیستمی چاودیریکردنەکە لە 5 ئازار دەستیکرد بە کارکردن و "چەندین کامێرای گەرمی و بینین بە شەو لەخۆدەگرن کە توانای دۆزینەوە و بینینی درووستیان لە زۆر دوورەوە هەیە، جگە لە ئامێرەکانی دیکەی چاودێری کە هۆشداری پێشینە دەدەن".

وتی ئەو ئامێرانە بەیەکەوە بەستراونەتەوە و بنکەی کۆنترۆڵ و چاودێریش لە بینای شارەوانیدایه‌ لەگەڵ شاشەکان و بانکی دیجیتاڵی ڤیدیۆ تۆمارکراوەکان.

پاراستنی ناوچە بیابانییەکان

عه‌كیدی وتی سیستمی چاودێرییەکە ئێستا 24 کاتژمێر کاردەکات و "بەهیواین رەوشی ئەمنی بەشێوەیەك باشبکات بەخێرایی جوڵەی گوماناوی و دزەکردنەکان بدۆزێتەوە کە شارەکەمان دەکەنە ئامانج."

وتیشی: "رێگەیەکی کاریگەرتریش دابینده‌کات بۆ چاودێریکردنی ناوچە بیابانییەکان لە دەوری شارەکە و ئەو هەوڵانەی دوژمنیش بەرپەچده‌داتەوە کە دەیدەن بۆ خۆشاردنەوە و بەکارهێنانی بیابانەکە بۆ ئەنجامدانی هێرش بە موشەك."

ئەکیدی وتی بیابانەکە لە راوە، کە ناسراوە بە جەزیرە، "پارێزراوە بەڵام نەك هەمووی چونکە زۆر بەرفراوانە و نزیکیشە لە سوریا".

وتی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە و فەوجی 28 ی سوپا بەردەوام ئەرکە پلان بۆ دانراوەکانیان جێبەجێدەکەن بۆ پاکردنەوە و شەن و کەوکردنی بیابانەکە.

وتیشی بەبێ ئەو ئۆپەراسیۆنانە، پاشماوەکانی داعش "دەتوانن شوێنپێیه‌ك بۆ خۆیان بدۆزنەوە لە بیابانەکەدا و لەوێشەوە ببنە هەڕەشە بۆ سەر شارەکە و تەواوی پارێزگاکەی [ئەنبار]."

'گۆڕانێكی چۆنایه‌تی'

کەسایەتییه‌كی ناسراو و سەرۆکی موختارەکانی راوە، شێخ ریاز عەمار حەمید وتی سیستەمەکەی چاودێری "یەکێکە لەو پرۆژانەی گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی نیشاندەدات لە سێکتەری ئەمنیدا".

بە دیارونای وت: "سیستمەکە چاودێریی ورد لە نزیكەوە دابیندەکات بۆ شارەکەمان، بەتایبەتی لەبەری رۆژئاواوە، کە پێشتر ئێمە پێماندەوت سێگۆشەی مەرگ چونکە دەروازەیەکی سەرەکی بوو بۆ تیرۆریستەکان لە چه‌ند ساڵی رابردوودا."

وتی دانانی کامێرا لەسەر دووڕیان و شەقامە سەرەکییەکان و بارەگاکانی حکومەت لە شارەکە و چواردەوریدا بینین لە دوورەوه‌ ئاساندەکات تەنانەت لەکاتی رەوشی خراپی کەش و هەوادا.

نوێنەرانی ئیدارەی ناوخۆیی شارەکە و هێزە ئەمنییەکان لە نزیك بنکەی کۆنترۆڵی چاودێریکردنەوەکەن و هەماهەنگی دەکەن بۆئەوەی بەخێرایی دەستوەردانبکەن کاتێك هەر جۆرە دزەکردنێك روودەدات یان مەترسییەکی ئەمنی دەدۆزرێتەوە.

حەمید جەختیکردەوە كه‌ ئەمنییەت لە راوە باشە لەدوای رزگاربوونەوە و ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ "ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان لە بیابانەکەدا و بڵاوکردنەوەی هێزی ئەمنی زۆر لەناو شارەکەدا".

وتیشی بڕوای زیاتری هاونیشتمانیان بە هێزە ئەمنییەکانیان رۆڵێکی گرنگی هەیە بۆ باشترکردنی ئارامی و ئاسایش.

دووبارەکردنەی هەوڵەکان لە شارەکانی دیکەی ئەنبار

سەرۆکی لیژنەی ئەمنی له‌ ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، نەعیم كه‌عود وتی گرنگە سیستمەکە لە سەرانسەری شارەکانی پارێزگای ئەنبار دابنرێت بەتایبەتی لە ناوچە سنوورییەکان.

بە دیارونای وت: بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو وەك ئه‌و کامێرانه‌ی هەستەوەریی گەرمییان تێدایه‌، دەمێکە لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاوە داواکراوە."

روونیکردەوە كه‌ سیستمەکە هاوکاردەبێت لە دۆزینەوەی ئامانجە مەترسیدارەکان و باری سەرشانی هێزە ئەمنییەکانیش سووكدەکات.

وتی: "دڵخۆشین ئەم تەکنەلۆژیایەمان لە راوە هەیە چونکە شارۆچکەکە کەوتۆتە سەر دووڕیانی نێوان پارێزگای سەڵاحەدین و نەینەوا لە باکور و رۆژهەڵاتەوە و لە رۆژئاواشەوە نزیكە لە سنوور (لەگەڵ سوریا)."

وتیشی: "هیوادارین هەموو شارەکانی ئەنبار، بەتایبەتی شارۆچکە سنوورییەکانی وەك روتبە و قائیم لەم پرۆژانە سوودوەربگرن و بەتەواوتی دەروازەکانی رۆژئاوای پارێزگاکەمان پارێزراوبن."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500