هێزەکانی عێراق، بەپشتیوانیی هێزە خێڵەکییەکانی ناوچەکە، ئەم هەفتەیە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی گەڕان و پشکنینیان ئەنجامدا بۆ پاشماوەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە پارێزگاکەی خۆرئاوا، ئەنبار، بەرپرسێک وتی.
جێگری فەرماندەی حەشدی شەعبی له ئەنبار، لیوا تارق عەسەل وتی هێزەکان دۆڵ و ناوچە بیابانەکانی نزیک سنووری عێراق-سوریایان پاککردەوە، لەئاکامدا دوو داواکراو و حەوت کەسی دیکەیان دەستگیرکرد بەتۆمەتی بوونی پەیوەندی بە تیرۆریزمەوە.
بە دیارونای وت 15 حەشارگەیان ئاشکراکرد کە پێکهاتبوون لە چەند ماڵێکی حەوانەوە و شوێنی بچووکی داعش کە کەرەستەی لۆجستی، چەک، تفاق و تەقەمەنییان لەنێودابوو.
وتی تەواوی حەشارگەکان بە کەرەستەکانی ناویانەوە تێكشكێنران و ئاماژەیکرد بۆ ئهوهی دوو ئۆتۆمبێلیش دەستیان بەسەردا گیرا.
عەسەل وتی زیاتر لە 7,000 کیلۆمەتر دووجا خاکە بیابانییەکان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا پاککراونەتەوە.
وتی هەڵمەتە ئەمنییە هاوبەشە بەردەوامەکان لە بیابانەکە "مەترسی تیرۆریزمیان لە شارەکانی ئەنبار دوورخستۆتەوە".
وتیشی: "لە کۆتایی 2017وە، هەفتەیەک تێنەپەڕیوە بەبێ ئەنجامدانی لانیکەم ئۆپەراسیۆنێک لەوێ" و ئاماژەیکرد بۆ ئەوهی تەنانەت وچانێکی کورتیش لە ئۆپەراسیۆنەکاندا دەکرێت رێبدات بە چەکداران ئازادانە چالاکییەکانیان دەستپێبکەنەوە.
'وریایی بەردەوام پێویستە'
عەسەل وتی: "فشارە ئەمنییەکە بۆته هۆی کەمکردنەوەی ژمارەی پاشماوەکان [ی داعش] و تواناکانیانی دابەزاندووە،" هەرچەندە وتی هەوڵەکانیان بۆ خۆڕێکخستنەوە بەردەوامە.
ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان سەرنجدەخەنە سەر ئەو ناوچانەی داعش بە بەردەوامی هەوڵیداوە ئامادەییەکی هەبێت، لهنێویاندا ئهو بیابانەی لە راوە و حەدیسەوه درێژدەبێتەوە بەرەو شارۆچکەی بێجی لە پارێزگای سەڵاحەدین و بیابانەکەی باشوری روتبە و ناوچەکانی باکوری نوخەیب.
وتی: "تیرۆریستەکان وەک شوان و ماسیگر خۆیان دەگۆڕن بۆئەوەی بتوانن لە نزیک کەناراوەکانی روباری فوڕات و دەریاچەکانی حهدیسە و سەرسار بمێننەوە، ئەمەش سەرچاوەیەکی خۆراك و نزیکییان لە شارەوە پێدەبەخشێت."
عەسەل وتی: "بهڵام هەمیشە چاودێریی ئەو ناوچانە دەکەین و لەوێ دووریاندەخەینەوە."
وتی فڕۆکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی بەرچاو بەشداربوون لە هەوڵەکانی چاودێریکردنی بیابانەکە و زانیاریی گرنگیان دەربارەی حەشارگەکانی داعش بە هێزە ئەمنییەکان داوە.
عەسەل وتی سنووری سوریا "هێشتا مایەی نیگەرانییە" سەرباری تووندیی رێوشوێنەکان بۆ ئەمینکردنی، بههۆی كهلێنه ئهمنییهكانهوه له ناوچهكانی دیوی سوریای سنوورهكه، بەرامبەر ناوچە عێراقییەکانی خەرەش، سەواب، حەلکوم و باکوری دەروازەی سنووریی وەلید.
وتیشی: "هەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەمنیەتی سنوور و رێگریکردن لە هەوڵەکانی دزەکردن لە سنوور(ی سوریا)وە."