دوای چەندین ساڵ لە هەبوونی نیشانە دیارەکانی رەوشی سەربازی، ئێستا لە پایتەختی عێراق هەموو ژێرخانە سەربازییەکان لە شەقامەکان لادەبرێن کە نیشانەی باشتربوونی رەوشی ئەمنییە.
دوای ئەوەی له 16 کانونی یەکەم دەستکرا بە جێبەجێکردنی پلانە نوێکە، وەك یەکەم هەنگاو فەریق جەلیل روبەیعی خۆی لەگەڵ چەند ئەفسەرێکی پلە باڵادا چوونە شەقامەکان بۆ سەرپەرشتیکردنی لابردنی 22 بازگەی ئەمنی و دیواری کۆنکرێتی لە چەندین ناوچەی بەغدا.
ئەمەش هاوكات بوو لهگهڵكردنهوهی بهشێكی زۆنی سەوزی تووند پارێزراو بۆ دانیشتووانەکە دوای 15 ساڵ لە داخستنی لەبەر هۆکاری ئەمنی.
بەغداد پڕە لە بازگەی ئەمنی كه لە دەروازەی گەڕەکەکاندا دانراون و لە نزیك فهرمانگه حكومهیهكان و رێگا سەرەکییەکاندا، لەکاتێكدا دیواری کۆنکرێتی چەندین گەڕەكیان بهتهواوی داخستووه و لاڕێكانیان گرتووه و زۆنی سەوزییش بهتهواوی تهلبهندكراوه.
![دیوارە کۆنکرێتییەکان لادەبرێن و شەقامەکان دەکرێنەوە لە گەڕەکی حارسییەی بەغدا له 17 کانونی یەکەم. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا]](/cnmi_di/images/2018/12/31/15934-Iraq-Baghdad-barriers-600_384.jpg)
دیوارە کۆنکرێتییەکان لادەبرێن و شەقامەکان دەکرێنەوە لە گەڕەکی حارسییەی بەغدا له 17 کانونی یەکەم. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا]
بەغداد بازگەی لێنامێنێت
جێگری سەرۆکی لیژنەی ئەمنی له ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا، محەمەد روبەیعی وتی: "پلانەکە داوای لابردنی دیوارە کۆنکرێتییەکان و بازگەکان دەکات لە پایتەخت لە ماوەی شەش مانگدا."
بە دیارونای وت دەزگا هەواڵگرییەکان ئەرکی پاراستنی ئەمنییەتیان لەئەستۆگرتووە و دوای گروپە تیرۆریستییەکان کەوتوون و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه دەزگا ئەمنییەکان دەستیانکردووە بە دانانی تۆڕێکی بەرفراوانی کامێراکانی چاودێری.
وتی: "رەوشی ئەمنی لە بەغدا ئێستا ئاساییە، بەتایبەتی دوای سەرکەوتن بەسەر 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش)دا."
روبەیعی وتی مەرجە سیاسییەکان باشتربوون و نیشانەکانی باشتربوونی رەوشی ئابووریش دەرکەوتوون لەگەڵ بوژانهوهی بازرگانی.
وتیشی وریایی بەردەوام و ئاگاداربوون پێویستە بەڵام "چونکە دوژمن شەڕانگێزە، چاوەڕێی هەلە [بۆ هێرشبردن]."
لابردنی رێکارە سەربازییە دیارەکان لە بەغدا چەند رۆژ دوای راگەیاندنێکی سەرهكوەزیران عادل عەبدولمەهدی هات کە وتی حکومەت بەشێکی زۆنی سەوز، کە ئەمنییەتی توندی هەیە و شوێنی دهزگا فهرمییه سهرهكیهكانه، بۆ پێنج کاتژمێر بۆ هاوڵاتیان دەکاتەوە لە 10 کانونی یەکەمەوە.
فەرماندەیهك له هێزی تایبەت بۆ پاراستنی زۆنی سەوز، لیوا جاسم یەحیا وتی: "کردنەوەی زۆنی سەوز بەشێکە لەو فەرمانانهی لەلایەن فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانەوە دەرچوو بۆ کردنەوەی هەموو شەقامەکانی بەغدا."
بە دیارونای وت لابردنی دیواری کۆنکرێتی و کردنەوەی شەقامەکان بە هەوڵی هاوبەش ئەنجامدەدرێن لەلایەن ئەمانەتی بەغداوه، کە پێکهاتووە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا و هێزی تایبهت.
لەناوبردنی شانە نووستووەکان
شرۆڤەکاری سەربازیی عێراقی، سەفا ئهعسهم، بە دیارونای وت دەزگا ئەمنییە عێراقییەکان سەرکەوتووانە زۆربەی شانە نووستووەکانیان لە بەغدا لەناوبردووە، "کە مەترسی زۆر گەورەیان هەبوو بۆ ئەمنییەتی ناو شارەکان".
وتی توانیویانە ئەمنییەتی دەرەوەی پایتەختیش بپارێزن، بەتایبەتی پاراستنی پشتێنەی ئەمنی دەوری بەغدا و لەناوبردنی هێلانەکانی شانە نووستووەکان و پێگەکانیان لە ناوچەکانی جورف ئەلسەخر کە دەچنەوە سەر ئەنبار.
ئهعسهم وتی: "بڕیاری لابردنی بازگەکان هەروا لەخۆوە نەدرا بەڵکو دوای حەوت مانگ لە پلان و ئامادەکاری هات كه تێیدا رەوشی ئەمنی باشترکرا و پێشێلکارییە ئەمنییەکان نههێڵران."
وتی بڕیارەکە "کاردانەوەی ئەرێنی لەلایەن خەڵكی ئاسایی لێدەکەوێتەوە" و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە دەبێتە هۆی هاوکاری زیاتری هاونیشتمانیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا.
وتیشی نیگەرانییە ئەمنییەکانی پێشتر لەسەر بەغدا "جارێکی دیکە روونادەن" تا سنووری نێودەوڵەتی لەگەڵ سوریا لەنزیکەوە پارێزگاری لێبکرێت بۆ رێگریکردن لە دزەکردنی گروپە تیرۆریستیەکان.