https://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/features/2018/08/28/feature-02

×
×
ئاساییش |

بەرپرسانی عێراق: رفاندنەکانی داعش له‌داكشاندان

خالید تائی

image

لەم وێنەیەدا کە 3 حوزەیران لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە، دایكوباوکێك بە دوو کوڕەکەیان دەگەنەوە، دوای ئەوەی هێزەکانی عێراق ئەو کوڕە لاوانەیان ئازادکرد کە لەلایەن داعشەوە لە شەرگاتی پارێزگای سەلاحەدین لە باکور رفێندرابوون. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵ]

هەڵکوتانەسەری پێشوەخت بۆسەر پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە ناوچە دوورەدەستەکانی عێراق، ئامادەییەکی زیاتری سەربازی و هەواڵگریی بەهێزی خۆجێی بوونەتە هۆی بەرگرتن بە هەوڵەکانی رفاندن، بەرپرسانی عێراق وتیان.

بەهۆی شکستیەوە لە عێراق و لاوازبوونی سەرچاوەی داهاتی، داعش تادێت زیاتر روودەکاتە رفاندن بۆ بەدەستهێنانی پارە بەرامبەر بارمتە تا گەنجینەکانی پڕبکاتەوە.

بەرپرسانی ئەمنی بە دیارونایان وت بەڵام بەهۆی هەنگاوی توندی ئەمنیەوە ئەم بەبارمتەگرتنانە بەڕادەیەکی زۆر سنووردار روودەدەن.

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، کەریم کەربولی وتی بۆنمونە لە پارێزگای ئەنبار لە خۆرئاوا، لە چەند مانگی رابردوودا تەنیا "یەك تا دوو" رفاندن هەبووە لەلایەن داعشەوە.

image

لەم وێنەیەدا کە 21 تشرینی یەکەم 2015 بڵاوکرایەوە، ئەندامانی هێزە عێراقیەکان دەستبەسەرێك ئازاددەکەن لەدەست رفێنەرەکانی لە بەغدا. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵ]

وتی هەرچەندە کێشەکە چیتر جێی نیگەرانی نیە، "وریاین بەرامبەر هەر چالاکیەکی تیرۆریستان، بە هەر جۆر و بڕێك".

جەختیشیکردەوە: "کێشەی رفاندن کە بە چالاکی تیرۆریستی لەقەڵەمدراوە بەردەوام لە بەرنامەی کاری بەرپرسانی ئەمنی و خۆجێییدایە."

هاندەری پارە

کەربولی وتی هاندەری سەرەکی ئەم تاوانە پارەیە و ئاماژەیکرد بەوەی کە تەنانەت بڕێکی کەمی پارە دەتوانێت توانای ئەوە بە گروپەکە ببەخشێت کە سەقامگیری نەهێڵێت و هەڕەشە بێت بۆ ئارامی.

وتیشی: "هێزە ئەمنیەکان هەموو توانای سەربازیی خۆیان ته‌رخانكردووه‌ بۆ پاراستنی رێگا دەرەکیەکان." ئاماژەیکرد بەوەش كه‌ ئەو رێگایانە بەنێو چاڵوچۆڵی و بیاباندا تێده‌په‌ڕن.

وتی: "فشاری ئەمنی بۆسەر چەکداران لە قوڵایی بیابانەکە بواری ئەوەی نەهێشتۆتەوە کە هیچ هێرشێك ئەنجامبدەن، بەتایبەت کردەی رفاندن."

لەکۆتایی 2017، ژمارەیەك حاڵەتی رفاندنی مەدەنیەکان بەدەستی داعش هەبوو، زۆربەیان لە ناوچە بیابانییە دوورەدەستەکان روویانده‌دا.

هەندێك رفێنراو ئازادکران دوای ئەوەی خێزانەکانیان دەیان هەزار دۆلاریان دا بە رفێنەرەکان، بەڕێگەی نهێنی و گواستنەوەی بانکی ئاسایی.

بۆ بەرگرتن بەم جۆرە لە تاوان، بانکی ناوەندی ئابی رابردوو رایگەیاند کە بە هاوکاریی دەزگاکانی حکومەت لیژنەیەکی تایبەتی دامەزراندووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پشتگیریی دارایی تیرۆریزم.

'زەنگی مەترسی نیە'

ئەندامی لیژنەی ئەمنی له‌ ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، بنیان جەربا وتی زۆر کەمتر لە رابردوو داعش رفاندن ئەنجامدەدات.

جەربا بە دیارونای وت: "رووداوی لەوجۆرە کەمتر هەیە و بەڕادەی کەمتر روودەدەن، کە هیچ زەنگی مەترسی نیە."

وتی ئەو بڕە پارەیەی داعش دەتوانێت بەرامبەر بارمتە کۆیبکاتەوە "هیچی وانیە" و ئاماژەیکرد بەوەی پشتگیریی جەماوەری بۆ هێزە ئەمنیەکان و زانیاری دراو لەلایەن دانیشتوانی ناوچەکەوە فاکتەری سەرەکی کەمبوونەوەی رفاندنەکانن.

وتیشی فاکتەرێکی دیکە ژمارەی هێرشە بەرپێگرییەکانە "کە چەکداران لە هەموو ناوچەکان دەکەنە ئامانج، جا بیابان، چیا، دۆڵ یان ئەو شانە نوستوانە بێت کە لەنێو مەدەنیەکاندا خۆیان شاردۆتەوە".

وتی ئەمڕۆ هێزە ئەمنیەکان پیشەوەرن و راهێنانی ئاستی باڵایان پێکراوە کە كۆمه‌كی دیاریکردنی شوێنی رفاندنی کەسەکان و شوێنی شاردنەوەیان دەکات تا رزگاربکرێن لەدەست رفێنەرەکانیان.

جەربا وتی دەتوانرێت ئەمنیەت بەهێزتریش بکرێت بە زیادکردنی ئەفسەرانی پۆلیسی ناوخۆی پارێزگای نەینەوا.

بەئامانجکردنی تاوانی رێکخراو

پسپۆڕێكی بواری ستراتیژی، ئەحمەد شەریفی بە دیارونای وت رفاندنەکان "دەتوانرێت بە تاوانی رێکخراو پۆلێنبکرێن".

وتی: "هەرچەندە ئەم رووداوانە بەشێوەیەکی یەکجار زۆر کەمبوونەتەوە، تەنیا مانەوەیان ئاماژەیە بەوەی تیرۆریستان بەدوای سەرچاوەی جێگرەوەدا دەگەڕێن بۆ جێگرتنەوەی ئەو سەرچاوانەی لەدەستیانداوە."

وتیشی سەرچاوە داراییه‌كانی پێشووی داعش داهاتی زەبەلاحیان بە گروپەکە دەبەخشی کە بەهۆی تاڵانی و قاچاخی نەوت و سەرچاوە نیشتمانیەکانەوە بوو لەگەڵ دەستگرتن بەسەر بازگە سنورییەکان و کۆنترۆڵکردنی بازرگانیدا.

شەریفی وتی ئامانجێکی دیکە لەپشت رفاندنەکانه‌وه‌ "بۆ تۆقاندنی خەڵك و شەرمەزارکردن و بێورەکردنی هێزە ئەمنیەکانە".

وتشی: "نەهێشتنی تاوانی رێکخراو تەنیا بە هێزی سەربازی روونادات،" به‌ڵكو پێویستی بە هەوڵی باڵای ئەمنی هەیە کە پشت دەبەستێت بە هەواڵگری و کردەی چاودێری و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بۆ دەستنیشانکردنی سەرچاوەكانی هەڕەشە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
0
نەخێر
0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین
Captcha