بهگوێرهی توێژینەوەیەکی سەربەخۆ، هەڵوێستی کرملن دەربارەی بنیاتنانەوەی سوریا -- کە هێزەکانی روسیا یارمەتی خاپورکردنیان دا بە هەڕەمەکی بۆمبارانکردنی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا -- تەواو پێچەوانەی هەوڵەکانی هاوپەیمانێتیی خۆرئاوایە.
وەزیری بەرگری روسیا، سێرگێی شۆیگو، پێشنیازیکرد کە کۆمۆنوێلسی دهوڵهتانی سەربەخۆ --لەنێویاندا کۆمارەکانی سۆڤێتی پێشوو لە ئاسیای ناوەند -- یارمەتیی بنیاتنانەوەی سوریا بدەن.
لەکاتی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیرانی بەرگریی کۆمۆنوێلسی دهوڵهتانی سەربەخۆ لە کیزیل له روسیا، 6 حوزەیران، شۆیگو وتی پاککردنەوەی مین و پاسەوانیی هاوبەش و کۆمەکی مرۆیی هەندێك لەو رێگایانەن کە ئەندامانی ئەو دەوڵەتانە دەتوانن تێیدا یارمەتیدەربن.
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگری روسیا، شۆیگو وتی: "پشتدهبهستین بە پشتگیریی ئێوه، کە یەکێتیمان دەردەخات لە شەڕی دژ به تیرۆریزمی نێودەوڵەتیدا و دڵنیابوونمان لە ئەمنیەتی هاوبەش."
تەنیا ئەندامێكی کۆمۆنوێلسی دهوڵهتانی سەربەخۆ کە لە سوریا شەڕدەکات، روسیایە.
هیچ لە روسیاوە
بانگەوازی شۆیگو بۆ کۆمەکی ئەندامانی کۆمۆنوێلسی دهوڵهتانی سەربەخۆ زیاد لە ساڵێك دێت دوای ئەوەی جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا میخایل بۆگدانۆڤ بەئاشکرا وتی وڵاتەکەی پارەنادات بۆ یارمەتیدانی بنیاتنانەوەی سوریا.
بەگوێرەی فاینانشیاڵ تایمز، بۆگدانۆڤ ئەو لێدوانە مکوڕەی بۆ باڵیۆزانی یەکێتی ئەوروپا دا لە مۆسکۆ لە شوباتی 2017.
بەگوێرەی دبلۆماتکارە ئامادەبووەکان، بۆگدانۆڤ وتی "بە دەیان ملیار دۆلار" پێویست دەبێت بۆ هەوڵەکانی بنیاتنانەوەی سوریا، وتیشی کە نابێت "هیچ" چاوەڕوان بكرێت له روسیاوه.
دبلۆماتکارێکی ئەوروپی وتی: "[روسیا دەچێتە] ناوەوە، بارودۆخهكه دەیشێوێنن، هەموو شتێك تێکدەدەن، دواتر دەیانەوێت ههمووان باجەکەی بدهن."
جیاوازی نێوان شۆیگو و بۆگدانۆڤ ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی روسیا چاوەڕوانی هەموو ئەندامانی دیکەی کۆمۆنوێلسی دهوڵهتانی سەربەخۆیه --لەگەڵ تەواوی جیهان -- باجی بنیاتنانەوەی ئەوە بدەن کە روسیا یارمەتیی خاپورکردنی داوە.
ئاسیای ناوەند بەگومانە بەرامبەر دووڕوویی روسیا
شیکاروانانی سیاسی له ئاسیای ناوەند بەتوندی رەخنە لەو بانگەوازە دهگرن بۆ پارەی بنیاتنانەوە كه خزمەت بە روسیا خۆی دهكات.
شیکاروانێكی سیاسی لە ئاڵمتای کازاخستان، ئیسلام کورایڤ، بە کارەڤانسەرای وت: "ئەمە یەکەمجار نیە روسیا داوای لە وڵاتانی ئاسیای ناوەند و بەتایبەتی کازاخستان کردووە بۆ [بەشداربوون] لە کاری گومانلێکراودا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی."
وتی: "بەڵام کازاخستان وڵاتێکی خاوەن سەروەرییە کە قەرزاری هیچ لایەنێك نیە. ئەو راستیەی کە بەرپرسێك له وڵاتێکی دیکەوه... پێشنیازێك دەسەپێنێت بەسەرماندا، پهسهندنەکراوە. دواجار، روسیا یەکەم و لەپێشترین شت بۆی بەرگریکردنه لە بەرژەوەندیە جیۆپۆلیتیکیەکانی خۆی [لە سوریا]."
شیکاروانێكی سیاسی لە بیشکیك، كیرگیزستان، ئاسکات دوکێنبایڤ، وتی پشتگیریی روسیا بۆ دیکتاتۆری رژێمی سوریا بەشار ئەسەد هۆکارێکە تا دوودڵ بین لە پشتگیریی دارایی له هەوڵەکانی بنیاتنانەوە.
دوکێنبایڤ بە کارەڤانسەرای وت: "گەر هەندێك کۆمپانیای کەرتی تایبەت خواستیان لەوە بێت [لە داوای پشتگیریی دارایی شۆیگو] ئەوە کاری خۆیانە، تەنانەت گەر لەژێر سزاکانی ئەمریکاشدا بن. بەڵام دەزگاکانی حکومەتی كیرگیزستان دەبێت خۆیان دووربگرن تا ئاشتی دێتەنێو سوریاوە، کە تەنیا کاتێك دەبێت کە بەشار ئەسەد دەڕوات."
شیکاروانی سیاسیی تاجیکی دانیشتووی پراگ، نورموخەمەد خۆلزۆداش داوای وریایی کرد.
خۆلزۆداش بە کارەڤانسەرای وت: "هەر بەشدارییەك لەلایەن تاجیکستانەوە لە هەر هاوپەیمانێتیەکدا، تەنانەت گەر [بۆ بنیاتنانەوە]ی ئاکامی شەڕیش بێت، دەبێت لەژێر سەرپەرشتی رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و لەسەر بنەمای بڕیاری دەزگا نێودەولەتییەکان بێت کە دەسەڵاتی شیاویان هەیە."
وتی: "تاجیکستان توانای تهكنیكی مەزن یان پارەی ههڵگیراوی زۆری نیە. وڵاتەکە خۆی پشت بە کۆمەکی [دەرەکی] دەبەستێت، لە قەرز و کۆمەکی مرۆیی."
جێگری پێشووی وەزیری ئابوری تاجیکستان کەریمجۆن ئاخمیدۆڤ بە کارەڤانسەرای وت: "هێشتا دەبێت ئاشتی لە سوریا بەرقەراربێت و هاوپەیمانەکانی روسیاش خۆیان تێگەیشتنێکی هاوبەشیان نیە."
ئاخمیدۆڤ پرسیاری کرد: "ئایا باشتر نیە [بۆ تاجیکستان] بەشداریبكات لە سەقامگیریكردنی ئەفغانستاندا؟"
شیکاروانێكی سیاسی له ئۆزبەکستان، ئومید ئاساتولایڤ، وتی سەقامگیرکردنەوەی ئەفغانستان بۆ ئۆزبەکستانیش كاری لهپێشینهیه.
ئاساتولایڤ بە کارەڤانسەرای وت: "لەکاتی دوایین کۆبوونەوەی نێوان [سەرۆکی ئۆزبەکستان شەڤکەت میرزایۆڤ] و [سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ]دا، كۆمهڵێك خاڵی روونیان دانا: ئەولەویەتی ئۆزبەکستان بنیاتنانەوەی ئەفغانستانە و هەموو هەوڵەکان بەو ئاراستەیەدا دەبن."
عەبدولڕەحمان سەمەندارۆڤ، 28 ساڵ، لە تاشکەند بە کارەڤانسەرای وت: "دڵنیانیم لەوەی هیچ کەس لە ئۆزبەکستان پشتگیریی رژێمی سوریای ئەسەدی بوێت. ئەو چەندین ساڵە شەڕی ناوخۆی دژی خەڵکی خۆی بەرپاکردووە، بەهۆی ئەوەوە [رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)] دامەزرا. لەئێستادا چەکدارەکانی ئەو رێکخراوە لە ئەفغانستانەوە هەڕەشەمان لێدەکەن و هەوڵدەدەن دزەبکەنە ئۆزبەکستانەوە."
وتی: "نابێت هیچ کۆمەكێك بنێرین تا حکومەتێك لە سوریا پێکدێت کە هەموو [سورییەکان] قایلبن لەسەری."
کوشتاری هەڕەمەکی روسیا لە سوریا
لەکاتێکدا هێرشە ئاسمانیەکان بەڕێژەی لهسهدا 150 بەرزبوونەتەوە لەوکاتەوەی روسیا دەستیوەردایە شەڕەکەوە لە 2015، تەنیا لهسهدا 14ی ئەو هێرشە ئاسمانیانە لە ئامانجهكانی داعشیان داوە-- بەپێچەوانەی بانگەشەکانی روسیاوە بۆ زیاتر بەئامانجگرتنی ئەو گروپە تیرۆریستیە نێودەوڵەتیە، جەین لە ناوەندی تیرۆریزم و یاخیبوونی ئای ئێچ ئێس لە 15 ئایار رایگەیاند.
بهگوێرهی راپۆرتەكە هێرشەکان "بەتایبەتی چڕببوونەوە لەو ناوچانەدا کە داعش کەمتر، یان هیچ بوونێکی کردەیی تیایاندا نەبوو".
بەگوێرەی روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ، پزیشکانی بێسنوور، لێبووردنی نێودەوڵەتی و چەندین رێکخراوی ناحکومی دیکە بۆمبەکانی روسیا لە نەخۆشخانە و ئامانجی مەدەنیی قەدەغەکراوی دیکەیان داوە لە خواستی تێرنەبوویاندا بۆ بنەبڕکردنی ئۆپۆزسیۆنی دژی ئەسەد.
میدڵ ئیست مۆنیتۆر رایگەیاند لە 2017، 112 هێرشی پشتڕاستکراوە هەبووە بۆ سەر دەزگا تەندروستیەکان لە سوریا. هێرشەکان 73 مەدەنییان کوشتوە و 149یان بریندارکردووە، بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان.
بەگوێرەی وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان، فەرحان حەق، لهههمانكاتدا، شەش مانگی سەرەتای 2018، رژێمی سوریا و روسیای هاوپەیمانی، 92 جار هێرشیانکردۆتە سەر نەخۆشخانەکان، 89 کەسیان کوشتوە و 135 کەسیان بریندارکردووە.
کرملن هەرگیز قەرەبووی نەداوە و هەمیشە رایگەیاندووە کە بۆمبارانەکانی تەنیا تیرۆریستان و هاوسۆزانی ئەوانی کوشتووە.
ئەو مکوڕییه لە وتەکانی باڵیۆزی روسیادا بۆ یەکێتی ئەوروپا، ڤلادیمێر چیژۆڤ، بەرجەستە بوو، كه قسهی بۆ تەلەفزیۆنی ئەی ئاڕ دی ئەڵمانی كرد لە نیساندا.
کاتێك پرسیاری ئەوەی لێکرا بۆچی ئەوروپا دەبێت پارەی ئەو زیانە بدات کە روسیا خوڵقاندوێتی، چیژۆڤ نکۆڵیی كرد لەوەی فڕۆکە جەنگیەکانی وڵاتەکەی لە نەخۆشخانەیان دابێت و سووربوو لهسهر ئهوهی: "تەنیا ئهو بینایانه بوونهته ئامانجی [روسیا]... كه هی رێکخراوە تیرۆریستیەکان بوون."
ملیاران دۆلار لە ئەمریکاوە
لەکاتێکدا سوپا و فڕۆکەکانی روسیا وێرانکاری ئهنجامدهدهن لە ناوچەكانی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆندا لە سوریا و هیچ پارێزگارییەك لە مەدەنیەکان ناکەن، ئەمریکا -- گەورەترین بەشداریکەر بۆ هاوپەیمانێتی خۆرئاوا لهدژی داعش -- شێوازێکی زۆر جیاوازی هەیە.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن سولیڤان لە 22 ئازار لە واشنتن وتی: "ئەمریکا گەورەترین بەخشەری کۆمەکی مرۆییە لە سوریا ... نزیکەی 7.7 ملیار دۆلاری داوە لە دەستپێکی قەیرانەکەوە لەو وڵاتە."
وتی: "هەر مانگێك، ئەم کۆمەکە یارمەتی سوریەکان دەدات لەهەموو پارێزگایەك، لەگەڵ زیاد لە پێنج ملیۆن و نیو سوری لە وڵاتانی دراوسێ."
سوپای ئەمریکا هەوڵی زۆریشی داوە کە مەدەنیەکان بپارێزێت له ئۆپهراسیۆنهكانیدا دژی چەکدارانی داعش لە سوریا.
ئهم هاوپەیمانێتییه كه لەلایەن ئەمریکاوە پێشڕەویدهكرێت، لە حوزەیراندا رایگەیاند: "ئێمە بەردەوامین لەوەی بەجۆرێك هێرشەکانمان ئەنجامبدەین کە کاریگەریی بۆسەر خەڵکی مەدەنی کەمترین بێت... وه پابەندین بە شەفافیەت لە راپۆرتداندا دهربارهی ئهو قوربانییه مەدەنییانهی دهرهنجامی نهخوازراوی هێرشەکانمانن."
بەیاننامەکە وەڵامێك بوو بۆ راپۆرتێکی 5 حوزەیرانی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی دەربارەی مەرگی مەدەنیەکان لەکاتی ئۆپەراسیۆنهكاندا بۆ گرتنەوەی رەققە، پایتەختی بەناو خەلافەتی داعش لە سوریا.
هاوپەیمانێتیەکە رایگەیاند: "واقعی حاڵ له عێراق و سوریا وایە کە شەڕی دوژمنێك دەکەین کە پابەندی هیچ یاسا و نۆرم و وابەستەگییەکی مرۆیی نیە." راشیگهیاند کە هاوپەیمانێتیەکە "هەوڵی زۆر دەدات لەگەڵ کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری ... پێش هەر هێرشێك بۆ بەکردەیی خاپورکردنی [داعش] لەکاتێکدا گهیاندنی کەمترین زیان بە دانیشتوانه مهدهنییهكه".
[ئارمان کالیڤ لە ئاڵمتای، نێگماتوڵۆ میرسایدۆڤ لە خوجاند و ماکسیم یەنیسیڤ لە تاشکەندەوە بەشدارییان لەم راپۆرتەدا کردووە.]