هێزەکانی عێراق دووشەممە (9 نیسان) رێگرییانکرد لە چوار چەکداری رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) کە پلانیان دادەنا بۆ ئەنجامدانی هێرش لەنێو شاری حەدیسەدا لە پارێزگای ئەنبار.
سەرۆکی ئەنجومەنی خۆجێیی حەدیسە خالید سەلمان وتی کاتژمێر سێی بەیانی بەکاتی ناوچەکە، چەکداران توانییان "بەهۆی تاریکییەوە دزەبکەنە نێو گەڕەکی مەلعەبی نێوەندی شار تا خۆیان بتەقێننەوە له نزیك ئامانجە ئەمنیەکانهوه".
سەلمان بە دیارونای وت: "هێزە ئەمنی و خێڵەکیەکان هەرزوو بە هێرشبەرەکانیان زانی و پێکدادان روویدا بۆ زیاتر لە دوو كاتژمێر و سیانیان لێکوشتن."
چوارەم ئەندامی داعش، کە لە ماڵێکی ئەو نزیکانەدا خۆیشاردبووهوە، خۆی تەقاندەوە کاتێك هێزە ئەمنی و خێڵەکیەکان نزیكبوونەوە لە شوێنەکە و دوو ئەندامی پۆلیسی فریاكهوتنی کوشت و شەشی دیکەی بریندارکرد.
سەلمان وتی رێگرییەکەی هێزە ئەمنیەکان بۆ ئەندامانی داعش "ئاماژەیەکی روونە بۆ وریایی و ئامادەیی هێزەکان بۆ شکستهێنان بە هەر هەوڵێکی تیرۆریستان بۆ هەڕەشەکردن لە ئەمنیەتی حەدیسە".
وتی حەدیسە سێ ساڵ خۆڕاگربوو بەڕووی هەوڵە یەک لەدوای یەکەکانی داعشدا بۆ داگیرکردنی، لەکاتێکدا گروپەکە شارەکانی دیکەی ئەنباری داگیردەکرد. ههروهها جەختیشی لەوە كرد كه شارەکە "ههرگیز زهفهری پێنابرێت لهلایهن تیرۆریستانهوە".
وتیشی هێزەکانی سوپا و پۆلیس، بە پاڵپشتی خێڵەکانی ناوچەکە، بەنێو حەدیسەدا بڵاوبوونهتهوه و ئۆپەراسیۆنی دەستپێشخەرانە ئەنجامدەدەن بۆ پاککردنەوەی ناوچە بیابانییهكه لە پاشماوەکانی داعش.
ههوهها وتی دانیشتوان بەشداریدهكهن له هەوڵە ئەمنیەکاندا لەڕێی هاوکاریكردنی تهواوی هێزە ئەمنیەکانهوه و پێدانی زانیاری دەستبەجێ دەربارەی هەر چالاکیەکی داعش.