هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

عێراق کەمپێك بۆ ئاوارەکان دەکاتەوە لە حەدیسە

خالید تائی

کارمەندێکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران کۆمەك دەداتە منداڵێکی ئاوارە لە کیلۆ-18، خۆرئاوای رەمادی. [خاوەندارێتی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران]

کارمەندێکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران کۆمەك دەداتە منداڵێکی ئاوارە لە کیلۆ-18، خۆرئاوای رەمادی. [خاوەندارێتی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران]

حکومەتی عێراق کەمپێك دەکاتەوە بۆ لەخۆگرتنی شەپۆلێك لە مەدەنیە هەڵاتوەکانی شارەکانی خۆرئاوای ئەنبار پێش شەڕی داهاتوو بۆ دەرکردنی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لەم ناوچانە.

سەرۆکی ئەنجومەنی شارەوانی حەدیسە خالید سەلمان بە دیارونای وت کەمپەکە لە حەدیسە دەبێت و دەتوانێت بە هەزاران دانیشتووی ئاوارە لەخۆبگرێت کە لە شارەکانی عەننە و راوە و قائیمەوە هەڵدێن.

پلانەکە راگەیەندرا دوای گفتوگۆی چڕوپڕ دەربارەی رێگەکانی دڵنیابوون لە سەرکەوتنی هەوڵە مرۆییەکان لەكاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا.

لە 22 ئابدا، شاندێك بە سەرۆکایەتی وەزیری کۆچ و کۆچبەران جاسم محەمەد جاف سەردانی حەدیسەی کرد بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە و حكومه‌تی ناوخۆیی شارەکە.

سەلمان وتی: "تێگەیشتنێك هەیە دەربارەی تەواوکردنی هەموو ئامادەکارییە پێویستەکان بۆ یارمەتیدانی خێزانە هەڵاتووەکان و پێدانی داڵده‌ی ئارام پێیان."

روونیکردەوە: "وەزیر بڕیاریدا دەستبکات بە دامەزراندنی کەمپێك لە شارەکەمان لەبەر نزیکیی لە بەرەکانی شەڕ و بەهۆی ئەوەی ئاسایشی دابینکراوە."

وتی سەرەتا کەمپەکە زیاد لە 500 خێزان لەخۆدەگرێت و دواتر فراوان دەبێت بۆ لەخۆگرتنی ژمارەیەکی زیاتر بەگوێرەی ئاراستەی شەڕەکە.

سەلمان وتی: "وەزارەت ئامادەکارییش دەکات بۆ پڕتفاقکردنی کەمپەکە، کە یەکەمینە لەو جۆرە لە حەدیسە، تا پێداویستیەکانی فریاگوزاری پڕبکاتەوە و هەموو پێویستییە کتوپڕەکانی ئاوارەکان دابینبکات."

وتیشی دانیشتوانی خۆرئاوای ئەنبار هەموو رۆژێك لە ماڵەکانی خۆیانەوە هەڵدێن.

هه‌روه‌ها وتی: "زۆربەیان روودەکەنە شاری روتبە، کە لەوێ لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی عێراقەوە پێشوازییان لێدەکرێت و دەیانگوێزنەوە بۆ کەمپێکی داڵدەدانی گەورەتر لە پارێزگاکە. هەندێك لە ئاوارەکان دەڕۆن بەرەو حەدیسە تا لەگەڵ خزمەکانیاندا بژین لە ماڵی کاتییدا."

تا ئێستا وەزارەت 17,000 سه‌به‌ته‌ خواردنی گەیاندۆتە حەدیسە.

فریاگوزاری بۆ خێزانە هەڵاتوەکان

سەرۆکی بەڕێوبەرێتی کۆچ و کۆچبەرانی ئەنبار، محەمەد رەشید، وتی بڕیاری دامەزراندنی کەمپ لە حەدیسە "هەنگاوێکی دەستپێشخەرانە"یە کە فریاگوزاری دابینده‌كات بۆ خەڵکە هەڵاتووەکە.

ناوبراو بە دیارونای وت کەمپە نوێکە باری سەرشانی کەمپەکانی عامریەت فەلوجە و حەبانیە کەمدەکاتەوە، کە بەدەیان خێزانی ئاوارەیان لە بەشی خۆرئاوای ئەنبارەوە پێگەیشتووە.

وتی: "ئامادەییمان له‌ ئاستێكی به‌رزدایه‌ و دەتوانین بەخێرایی وەڵامی پێداویستیی ئەو کەسانە بدەینەوە کە بەمدواییانە ئاوارەبوون بە پێشکەشکردنی شوێنی مانەوە و خزمەتگوزاریی هه‌مه‌لایه‌نه‌."

رەشید ئاماژەی بەوەش کرد کە 180,000 خێزانی ئاوارە لەکۆی 350,000 کە بەهۆی داعشەوە ئاوارەبوون گەڕاونەتەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان لە شارە رزگارکراوەکانی ئەنبار.

ئەندامی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، راجح بەرەکات عەیفان، وتی تاڕاده‌یه‌ك هەموو ئاوارەکان لە شارەکانی هیت و کەبیسەوە گەڕاونەتەوە و زیاد لەسه‌دا 80یان گەڕاونەتەوە بۆ رەمادی و فەلوجە و کەرامە.

عه‌یفان بە دیارونای وت: "ئەو کەمپەی نیازوایە لە حەدیسە دروستبکرێت دەتوانێت زیاد لە 2,000 خێزان لەخۆبگرێت."

وتیشی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران پلانی وایە کەمپێکی دیکە بکاتەوە لە ناوچەی کیلۆ-18 بۆ لەخۆگرتنی خێزانی زیاتری ئاوارەکان.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500