هێزەکانی عێراق سێشەممە (5 کانونی یەکەم) 50 خێزانی ئاوارەیان گواستەوە بۆ ماڵەکانیان لە ناوچەی زاویەی ئەوپەڕی خۆرئاوای پارێزگای ئەنبار.
بەرپرسێکی ناوخۆ وتی ئەمە یەکەم گروپی ئاوارەکانن کە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکەیان لەوەتەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) دەرکراوە.
سەرۆکی ئەنجومەنی ناوخۆی حەدیسە، خالید سەلمان، وتی: "ئەمڕۆ 50 خێزانی ئاوارە گەڕانەوە ناوچەی زاویە لە قەزای حەدیسە، نزیك بە شاری عەننە."
سەلمان بە دیارونای وت ناوچەکە "بەتەواوی دەستەبەرکراوە و خزمەتگوزاری گەڕێنراوەتەوە".
وتیشی گەڕانەوەی ئەم خێزانانە نمونەی "دەستپێکی هەوڵەکانی هێزە ئەمنیەکان و حکومەتی خۆجێییە بۆ گەڕاندنەوەی هموو ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆرئاوای ئەنبار و پشتگیریكردنی سەقامگیری لەوێ".
زاویە یەکێك بوو لە یەکەمین ئەو ناوچانەی هێزەکانی عێراق گرتیانەوە لەکاتی هەڵمەتە فراوانەکەیاندا لە خۆرئاوای ئەنبار، کە لە 17 تشرینی دووەم کۆتایی هات بە ئازادکردنی راوە،دوایین شاری ژێردەستی داعشلە وڵاتەکەدا.
سەلمان وتی خێزانی زیاتر دەتوانن بگەڕێنەوە دوای تەواوبوونی نەهێشتنی پاشماوەکانی شەڕ و گەڕاندنەوەی خزمەتگوزاری گشتی.
پشتگیریی هەوڵەکانی بنیاتنانەوە
سەلمان وتی نوێنەرانی رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان، لەنێویاندا مونتەدای گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتوەکان، ئەم هەفتەیە سەردانی حەدیسە و راوە و عەننەیان کرد.
سێشەممە، سەردانی شاری قائیمیان کرد تا ئاستی زیانەکان بۆ ژێرخانی شارهكه بخەمڵێنن و شێوازی بەشداریکردن لە پاڵپشتی هەوڵەکانی بنیاتنانەوەی دیاریبکەن.
سەلمان تێبینیکرد كه هەوڵی چڕوپڕ هەیە بۆ بەخێرایی گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی و هیوای خواست کە قۆناغی ئاوارەیی کۆتایی بێت لە شارەکانی خۆرئاوای ئەنبار لە چوار مانگی داهاتوودا.
وتی ئاسایشی ئەم شارانە بەتەواوی دابینکراوە لەلایەن فەرماندەیی جەزیرە، فیرقەی 7ی سوپا، یەکەکانی دۆخی کتوپڕ و خێڵەکییەکانی ناوچەکەوه.
وتیشی شارەکان لەهەموو لایەکەوە ئەمنیەتیان تووندکراوە بە بەربەست و بازگەی ئەمنی و ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەردەوام بۆ شوێنکەوتنی پاشماوەکانی داعش کە هەڵاتوون بۆ ناو بیابان.
هێزەکانی عێراق کێوماڵی 14,000 کیلۆمەتری چوارگۆشەیان کردووە لە بیابانی پارێزگای ئەنبار بۆ بهدوکەوتنی پاشماوەکانی داعش.
لەکاتی ئەم ئۆپەراسیۆنانەدا، توانییان بنکە و عەمبار و گەنجینەکانی داعش تێکبشکێنن کە بۆمبی دەستکرد و ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو و ئۆتۆمبیلی دیکەی تێدابوو كه چەكی تاك-لولهییان بهسهرهوه بوو، جگه له تانکەر و ماتۆڕ.