چالاکوانانی ناوخۆیی دەڵێن هەزاران مەدەنی هەڵهاتوون لە غوتەی رۆژهەڵات پێنجشەممە (15 ئازار) دوای ئەوەی رژێمی سوریا و هێزە هاوپەیمانەکانی پێشڕەوییانکرد بەرەو حەموریە بە پشتیوانی هێرشی ئاسمانی و تۆپبارانی چڕ.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگهیاند كه هێرشە ئاسمانیەکان بۆ سەر ههرێمهكهی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن هەینی لانیکەم 57 مەدەنی کوشتووە.
ئاژانسی فرانس پرێس لە راپۆرتێکدا رایگهیاند كه سەرۆکی روانگەکە رامی عەبدولرەحمان بە ئاژانسەکەی وتووە هێرشەکان لەلایەن فڕۆکەکانی روسیاوە ئەنجامدراون بۆ سەر ناوچەکانی سەقبە و کفەر بەتنە لە باشوری ئهو ههرێمهی پارچهپاچهبووه.
چالاکوانێكی ناوخۆیی محەمەد بهیك بە دیارونای وت هێزەکانی رژێم توانییان پێنجشەممە کۆترۆڵی تەواوەتی حەموریە و ناوچەکانی چواردەوری بکەن دوای پێشڕەویەکانیان لە دەرەوەی شارۆچکەکە.
![ژنان و منداڵان لە گەڕەکی قەدامی غوتەی رۆژهەڵاتەوە دەگوێزرێنەوە بۆ ناوچەی ئیدلیب. [خاوەنی وێنە: محەمەد بهیك]](/cnmi_di/images/2018/03/16/11904-Syria-qadam-evacueees-600_384.jpg)
ژنان و منداڵان لە گەڕەکی قەدامی غوتەی رۆژهەڵاتەوە دەگوێزرێنەوە بۆ ناوچەی ئیدلیب. [خاوەنی وێنە: محەمەد بهیك]
بەڵام روانگەکە رایگهیاند كه هەینی چەندین گروپی توندڕەو کە چەندین ساڵە باڵادەستن لە ناوچهكانی ئهم ههرێمهدا، توانیویانە زۆربەی شارۆچکەکە بگرنەوە.
روانگەکە راشیگهیاند: "تەحریر شام و فەیلەقی رەحمان خەریکە بە تەواوەتی شارۆچکەکە دەگرنەوە بەڵام شەڕ بەردەوامە لە چواردەوەری شارۆچکەکەدا." ئاماژەشیدا بهوهی تەنیا چەند کەسێك لە دانیشتوانەکە ماونەتەوە لە حەموریە.
بەڵام روانگەکە رایگهیاند كه لە شوێنی دیکە رژێم شارۆچکەی ریحانی گرتەوە لە هێرشێکدا کە راوێژکار و ئەفسەرە روسەکان سەرکردایەتیان کردووە.
سەدان هاولآتی توانییان لە حەموریە و شارۆچکەکانی چواردەوری هەڵبێن بە شەو، كه بهیك لهقهڵهمیدا به "جەهەنەمئاسا" بەهۆی بەردەوامیی تۆپباران و هێرشە ئاسمانیەکانەوە.
بهیك وتی لهههمانكاتدا هێزەکانی رژێم لە گەڕەکی قەدەمیش پێشڕەوییان کردووە دوای بهدهستهێنانی رێکەوتنێك لە گەڵ چەکدارەکان لەو ناوچەیەدا و زۆربەی چەکدارەکان سەر بە تەحریر شام و هاوپەیمانەکەی بوون کە ناوی ئەجنادی شامە و لە ناوچەکە کشاونەتەوە بەرەو ئیدلیب.
بەڵام چەکدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە ناوچەکانی تەنیشتەوە دزەیانکردۆتە ناوچە چۆڵکراوەکانی قەدەم، ئەمەش بووە هۆی شەڕ لەنێوان ئەوان و رژێم و هاوپەیمانەکانیدا و شەڕهكه تا پێنجشەممە بەردەوامبوو.
راپۆرتە سەرەتاییەکان دەڵێن ژمارەیەکی زۆر چەکدار لە هەردوولا کوژراون.
کۆڕەوێك له غوتەوه
بهیك وتی رێگەیهك کرایەوە بۆ سەدان مەدەنی پێنجشەممە دوای ئەوەی چالاکوانە سوریەکان چەندین داواکارییان بەرزکردوە لەرێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە چونکە ترسیان زیاتر دەبوو لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی بەهۆی پێشڕەویەکانی رژێمەوە.
مەدەنیە هەڵهاتووەکان گوێزرانەوە بۆ پەناگەکان لە ناوچەکانی ژێردەستی رژێم لە نزیك دیمەشق و ئەوانی دیکەش بەرەو شاری دەرعای ژێردەستی رژێم چوون.
ئاژانسی فرانس پرێس لە راپۆرتێکدا رایگهیاند نزیکەی 20,000 کەس لە ههرێمهكه لە 24 کاتژمێردا هەڵهاتن بەرلەوەی لێشاوەکە پێنجشەممە بوەستێت.
ئاژانسەکە کۆڕەوەکەی ناونا به "گەورەترین جێگۆڕکێ لەسەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانهوه تا ئێستا بۆ سەر غوتە".
نەتەوە یەکگرتوەکان دەڵێت هەوڵیداوە بۆ ئەوەی بزانێت چەند کەس ناوچەکەیان جێهێشتووە.
بهیك وتی کۆمیتەی خاچی سوری نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان توانییان چەندین قافڵەی نوێ بگەیننە شاری دوما و خۆراك و دەرمان بۆ 25,000 مەدەنی دابینبکەن.
لیژنهی خاچی سووری نێودەوڵەتی، کە لەگەڵ مانگی سووری عەرەبیی سوری هاوکاریەکانی گەیاندووە، رایگهیاند: "ئەمە تەنیا بەشێکی بچوکە لەوەی خێزانەکان پێویستیانە."
25 لۆری بهسته خۆراك و فەردە ئاردیان گەیاندە دانیشتوانە برسیەکەی دوما لەکاتێکدا ناوچەکانی دەوروبەری هاوەنباران دەکران.
ئاژانسی فرانس پرێس رایگهیاند كه كارمهندانی کۆمەك بهپهله ههوڵی خۆشاردنهوهیان دهدا، بەڵام كهمێك دواتر دهستیاندهكردهوه به گهیاندنی کۆمەکەکان.