بنیاتنانەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی موسڵ، کە تاڕادهیهك بەتەواوی لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە تێكدرا، دەستیپێکردووە، کارگێڕی خۆجێی پارێزگای نەینەوا سێشەممە (6 ئازار) رایگەیاند.
بەڕێوەبەری راگهیاندنی پارێزگاکە سالار کوران بە دیارونای وت کارگێڕییەکە یەکەم قۆناغی بنیاتنانەوەی ئەو فڕۆکەخانە مەدەنیەی دەستپێکردوە، کە پێنج کیلۆمەتر له باشوری شاری موسڵە، چەندین کۆمپانیا بهشدارییانکردووە له تهندهری پرۆژەی بنیاتنانەوەی فڕۆکەخانەکەدا.
بەگوێرەی کوران چەکدارانی داعش فڕۆکەخانەکەیان تەختکردبوو دوای روخاندنی هەموو بیناکانی و ژێرخانەکەی، بەجۆرێك ئاستی زیان گەیشتبووە لهسهدا 100.
دەستبەجێ دوای گرتنی موسڵ لە حوزەیرانی 2014، گروپەکە رێچکەی رۆیشتنی فڕۆکەخانەکەی تەقاندەوە و دواتریش بورجەکانی کۆنترۆڵ و هۆڵەكانی پێشوازی و جێهێشتن و کارگێڕی و ئەمنیەت.
پێش دەستپێکی شەڕەکان بۆ رزگارکردنی موسڵ لە تشرینی یەکەمی 2016، ئەندامانی داعش فڕۆکەخانەکەیان بۆمبڕێژکرد بە بۆمبی دەستکرد و خەندەقیان لێدا بۆ رێگرتن لەوەی لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە بەکاربهێنرێت بۆ نیشتنەوەی فڕۆکە.
پرۆژەیەکی گرنگ
فڕۆکەخانەکە کە لە 1920 دروستکراوه، لە 2008 بۆ هاتوچۆی ئاسمانی نۆژەنکرایەوە و پلانێکی سەرهکی داڕێژرابوو بۆ گەشەپێدانی، بەڵام دوای ئەوەی داعش موسڵی داگیرکرد، وەستێنرا.
کوران وتی بنیاتنانەوەی فڕۆکەخانەکە "یەکێکە لە گرنگترین پرۆژەکان لە قۆناغی دواتردا" و ئاماژەیکرد بەوەی دەستپێکردنەوەی گەشتەکان کلیلی بوژاندنەوەی پارێزگاکەیە دوای جەنگ.
وتیشی کارگێڕی خۆجێی گرنگییەکی زۆر دەدات بە کەرتی گواستنەوە كه رۆڵێكی سەرەکیی ههیه لە برەوپێدانی گەشتیاری، هاتوچۆ و وەبەرهێنان، زیندوکردنەوەی بازاڕە بازرگانیەکان و گەشەپێدانی شارەکان.
ههروهها وتی: "هەموو رێگە زەمینیەکانمان کردۆتەوە کە موسڵ دەبەستنەوە بە شارەکانی دیکەوە، دوایینیان رێگەی موسڵ-دهۆك بوو، کە دووشەممە (5 ئازار) کرایەوە."
ئەو رێگە 75 کیلۆمەتریە داخرابوو بۆ گەشتیاران و لۆری بارهەڵگر لەکاتی کۆنترۆڵکردنی موسڵدا لەلایەن داعشەوە.
وتی رێگەکە بەتەواوی بێکەڵك نەکراوە و ئێستا تەواو ئهمینه بەهۆی هەماهەنگی نێوان سوپا و پۆلیس و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان.