لەکاتێکدا گەڕێکی نوێی هێرشە ئاسمانیەکان 10 مەدەنییان لە غوتەی خۆرهەڵات کوشت، نەتەوە یەکگرتوەکان و یەکێتی ئەوروپا دووشەممە (26 شوبات) داوایانکرد ئهو ئاگربەستهی به پاڵپشتی نەتەوە یەکگرتوەکان رۆژی شەممە بەکۆی دەنگ پهسهندکرا، دەستبەجێ جێبەجێبکرێت.
سەرۆکی نێردەی یەکێتی ئەوروپا فێدێریکا مۆغێرینی وتی بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایش، کە بانگهشه بۆ ئاگربەستێكی 30 رۆژە دەکات لە سوریا، دەبێت "بەبێ دواکەوتن" جێبەجێبکرێت.
وتی بڕیارەکە هەنگاوێکی "هاندەرانە" بوو، بەڵام پێویست بوو كردهوهی بهدوادابێت.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس دوشەممە داوای دەستبەجێ جێبەجێکردنی ئاگربەستەکەی کرد، لەکاتێکدا رژێمی سوریا بەردەوامبوو لە بۆمبارانی کوشندەی بۆسەر ئەو ناوچەیەی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن لە دەرەوەی دیمەشق.
![دوو منداڵ بەنێو داروپەردووهكانی غوتەی خۆرهەڵاتدا تێدهپهڕن، بەسوودبینین لە وەستانی کاتی تۆپباران و هێرشه ئاسمانییهكاندا. [خاوەنی وێنە: ناوەندی رۆژنامەوانی غوتە]](/cnmi_di/images/2018/02/26/11641-Ghouta-children-walk-600_384.jpg)
دوو منداڵ بەنێو داروپەردووهكانی غوتەی خۆرهەڵاتدا تێدهپهڕن، بەسوودبینین لە وەستانی کاتی تۆپباران و هێرشه ئاسمانییهكاندا. [خاوەنی وێنە: ناوەندی رۆژنامەوانی غوتە]
![دانیشتوانی ئهم ههرێمهی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن لە غوتەی خۆرهەڵاتی دەرەوەی دیمەشق دەڕواننە وێرانکاریی موڵكوماڵهكانیان لهمیانهی بۆمبارانه بەردەوامهكانی رژێمدا. [خاوەنی وێنە: ناوەندی رۆژنامەوانی غوتە]](/cnmi_di/images/2018/02/26/11642-Ghouta-damaged-property-600_384.jpg)
دانیشتوانی ئهم ههرێمهی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن لە غوتەی خۆرهەڵاتی دەرەوەی دیمەشق دەڕواننە وێرانکاریی موڵكوماڵهكانیان لهمیانهی بۆمبارانه بەردەوامهكانی رژێمدا. [خاوەنی وێنە: ناوەندی رۆژنامەوانی غوتە]
گۆتێرێس ستایشی پهسهندكردنی بڕیارەکەی کرد، بەڵام وتی رێککەوتنی لەوشێوەیە "تەنیا کاتێك مانادارە کە کاریگەرانە جێبەجێبکرێت".
گۆتێرێس لە وتاری دەستپێکی 37ههمین گەڕی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکاندا لە جنێڤ وتی: "هەربۆیە چاوەڕواندەکەم بڕیارەکە دەستبەجێ جێبەجێبکرێت و بەردەوامی پێبدرێت."
ههروهها بەرپرسی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکانیش، زەید رەعد حسێن، له وتارێكیدا لهبهردهم ئەنجومەنهكهدا وتی سوریا -- وه ناوچەکانی دیکەی پێکدادان -- "بوونەتە شوێنی زۆرترین قەسابخانەی مرۆیی لەم دواییانهدا".
هۆشداریشیدا لەوەی "هۆکار زۆره بۆ ئهوهی وریابین" و ئاماژەشیکرد بەوەی بڕیارەکە "دەبێت وەك ئەنجامی حەوت ساڵ لە شکست بۆ وەستاندنی توندوتیژی ببینرێت، حەوت ساڵ لە کوشتاری بەکۆمەڵی بێپشوودان و تۆقێنەر".
پاپا فرانسیز یەکشەممە داوای دەستبەجێ وەستاندنی توندوتیژیی کرد لە سوریا بۆ رێدان بە گواستنەوەی کۆمەك، بەتایبەتی لە غوتەی خۆرهەڵات.
وتی: "ئەم شوباتە یەکێك بووە لە توندوتیژترین (كاتهكان) لهم حەوت ساڵەی جەنگەکەدا. ئەمە نامرۆییە. ناتوانیت شەڕی شەڕانگێزی بە شەڕانگێزییهكی تر بکەیت."
وتیشی: "هەربۆیە داوای دەستبەجێ راگرتنی توندوتیژی دەکەم بۆ رێدان بە گواستنەوەی کۆمەکی مرۆیی -- خۆراك و دەرمان -- و گواستنەوەی بریندار و نەخۆش."
هێرشی کیمایی گومانلێکراو
روانگەی سوری بۆ چاودێری مافی مرۆڤ رایگەیاند هاوکات یەکشەممە، منداڵێك مرد و لانیکەم 13 کەسی دیکە توشی تەنگەنەفەسی بوون دوای هێرشێکی کیمیایی گومانلێکراو بۆ سەر گوندێك لە غوتەی خۆرهەڵات.
بەگوێرەی روانگەکە، 14 مەدەنی توشی تەنگەنەفەسی بوون دوای ئەوەی فڕۆکە جەنگیەکانی رژێم لە گوندی شافونیەیان دا.
بەرپرسی روانگەکە رامی عەبدولڕەحمان وتی منداڵێك مرد و ژنێك لە دۆخی هەستیاردابوو.
دکتۆرێك کە چارەسەری ئەوانەی دەکردكه توشبووبوون، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند گومانی هەیە لە "چەکی کیمیایی، رەنگە هێرشی گازی کلۆر بێت"، وتیشی کە منداڵێکی 3 ساڵە بەهۆی نەبوونی ئۆکسجینەوە مردووە.
وتی: "زۆربەی نەخۆشهكان بۆنی کلۆر لە جلەکانیان و پێستیان دەهات. زۆربەیان دوچاری تەنگەنەفەسی و هەستیاریی پێست و چاو بووبوون."
وەزیری دەرەوەی روسیا سێرگێی لاڤرۆڤ دووشەممە تۆمەتهكانی هێرشی کیمیایی رەتکردەوە و ناویبردن به "چیرۆکه ساختەكان".
هێرشهكانی رژێم بەردەوامن
چالاکوانان یەکشەممە بە دیارونایان وت تۆپباران و هێرشی ئاسمانی کە لەلایەن رژێم و میلیشیاکانی سەر بەوەوە ئەنجامدەدرێن لە غوتەی خۆرهەڵات نەوەستاون و هاوکاتن بە هەوڵێکی رژێم بۆ پێشڕەوی بۆ نێو ناوچەکانی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن.
ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان شەممە بەکۆی دەنگ بڕیارێکی دا و داوای ئاگربەستێكی 30 رۆژەی کرد لە سوریا بۆ رێدان بە گواستنەوەی کۆمەکی مرۆیی و گواستنەوەی بریندارە سەختەکان.
چالاکوانێكی لیژنەی هەماهەنگی دیمەشق، محەمەد بەیك، وتی: "بەڵام هیوای گەورە بە وەستانی تۆپباران و هێرشه ئاسمانیهكان لە یەکشەممەدا نەما، چونکە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بەردەوامبوون."
بهیك بە دیارونای وت بێهیوایی لەنێو مەدەنیەکاندا بڵاوبۆتەوە کە هیوایان دەخواست بە راوەستانی هێرشهكان.
وتیشی گروپە ئۆپۆزسیۆنە سەرەکیەکانی ناوچەکە، لەنێویاندا جەیش ئیسلام و فەیلەق رەحمان، نیازی خۆیان راگەیاندووە لە پەیوەستبوون بە ئاگربەستەکەوە، گەر رژێم و هاوپەیمانانی پابەندبن پێوەی.
بەیك وتی هێرشە ئاسمانیەکان شەممە بۆ چەند کاتژمێرێك وەستان بەهۆی کەشوهەوای خراپەوە بەڵام بەخێرایی دەستیانپێکردەوە و بەخەمڵاندن 60 کەسیان کوشت و بە دەیانی دیکەیان لە مەرج، شافونیە، بەیت سەوا و حەوش زەواهرە بریندارکرد.
وتی هەروەها بۆمبارانی چڕوپڕ شاری دوما و شارۆچکەکانی جسرهین، کەفر بەتنە، حەرەستە، جوبار و حەموریەی کردە ئامانج.
وتی رژێم بەردەوامیش بوو لە هەڵمەتی بۆ ناوچەكانی زیندانی ژنان، زوراقیە، حەوش زەواهرە، حەزرەمە و ریحان.