هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

له‌گه‌ڵ پێشڕەویی رژێمدا ئاوارەیی روودەکاتە غوتە

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

هێزەکانی رژێمی سوریا و میلیشیاکانی هه‌واداری، پێشڕەوییان کرد لە ناوچەی غوتەی خۆرهەڵاتی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن لە دەوروبەری دیمەشق. [خاوەنی وێنە: محەمەد بەیك]

هێزەکانی رژێمی سوریا و میلیشیاکانی هه‌واداری، پێشڕەوییان کرد لە ناوچەی غوتەی خۆرهەڵاتی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن لە دەوروبەری دیمەشق. [خاوەنی وێنە: محەمەد بەیك]

ژمارەیەکی زۆر له‌ دانیشتوانی غوتەی خۆرهەڵات ئاوارەبوون بەهۆی پێشڕەویی رژێمی سوریا و میلیشیا هه‌واداره‌كانیه‌وه‌، چالاکوانانی خۆجێیی بە دیارونایان وت -- کە ناچاربوون بەهۆی تۆپباران و هێرشی ئاسمانی بێپچڕانەوە بگوێزنەوە.

دکتۆر ئەنەس یاسر کە کارمەندێکی تەندروستیە لە غوتەی خۆرهەڵات وتی شەوی شەممە (3 ئازار) و بەیانی یەکشەممە، هێزەکانی رژێم لە چەند بەرەیەکەوە پێشڕەوییانکردە نێو ئه‌و هه‌رێمه‌ی ئۆپۆزسیۆن لە دەرەوەی دیمەشق.

یاسر بە دیارونای وت ئەمە بووە هۆی بڵاوبوونەوەی ترس لەنێو مەدەنیەکانی ئەو ناوچانە و ناوچەکانی دەوروبەریاندا، کە وایکرد خەڵك هەڵبێن بۆ نێو قوڵایی ئەو ناوچە گەمارۆدراوانە لەترسی دەستگیرکردن یان زیان پێگەیاندن لەلایەن هێزەکانی رژێم و هاوپەیمانانیەوە.

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند كه‌ دووشەممە هێزەکانی رژێم و هاوپەیمانانی چوونەنێو غوتەی خۆرهەڵاته‌وه‌ و لەئێستادا سێیەکی ناوچەکەیان گرتۆتەوە.

منداڵێك رادەکات بەنێو داروپەردووی بینایەکدا کە بەهۆی تۆپباران و هێرشە ئاسمانیەکانی سەر غوتەی خۆرهەڵاتەوە بەتەواوی رووخاوە. [خاوەنی وێنە: ناوەندی رۆژنامەوانی غوتە]

منداڵێك رادەکات بەنێو داروپەردووی بینایەکدا کە بەهۆی تۆپباران و هێرشە ئاسمانیەکانی سەر غوتەی خۆرهەڵاتەوە بەتەواوی رووخاوە. [خاوەنی وێنە: ناوەندی رۆژنامەوانی غوتە]

مەدەنیەکان دەڕواننە ئەو زیانەی بەهۆی تۆپبارانی غوتەی خۆرهەڵاتەوە هاتۆته‌كایه‌وه‌. [خاوەنی وێنە: ناوەندی رۆژنامەوانی غوتە]

مەدەنیەکان دەڕواننە ئەو زیانەی بەهۆی تۆپبارانی غوتەی خۆرهەڵاتەوە هاتۆته‌كایه‌وه‌. [خاوەنی وێنە: ناوەندی رۆژنامەوانی غوتە]

روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند: "لەئێستادا هێزەکانی رژێم له‌سه‌دا 33 یان سێیەکی غوتەی خۆرهەڵاتی گەمارۆدراویان گرتووە."

بەڕێوبەری روانگەکە رامی عەبدولڕەحمان رایگەیاند: "هێزەکانی رژێم بەخێراییەکی زۆر پێشڕەوی دەکەن بەهۆی ئەوەی ئۆپەراسیۆنەکان ئێستا زیاتر لە ناوچە کشتوکاڵیەکاندا ئەنجامدەدرێن."

تا دووشەممە، تەنیا دوو کیلۆمەتر لە باشوری خۆرهەڵاتی دوما دووربوون.

ئاوارەبوونێكی زۆر

ئەبو یاسر بە دیارونای وت تا یەکشەممە، شارۆچکە و گوندەکانی ژێردەستی رژێم بریتیبوون له‌ حوش ساڵحیە، حوش زەواهیرە، شەیفونیە، تەل فەرزات، زورەیقیە، نەشابیە، حەزرەمە، ئەب (ئەب دوما) و رەیحان.

وتی ئاواره‌بوونێکی زۆر لە هەموو ئەم ناوچانەوه‌ په‌یدابوو، هه‌روه‌ها له‌ شارۆچکەی میسرابە و شارۆچکەی بەیت سەوای هاوسێیه‌وه‌.

ئەبو یاسر وتی دۆخی مرۆیی ناهەموارە بۆ ئەم مەدەنیانە و ئاماژەیکرد بەوەی فشار زیادیکردووە لەو ناوچانەی خەڵك لێی هەڵاتوون.

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند كه‌ ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دووشەممە فەرمانی دا بە لێکۆڵینەوەیه‌كی دەستبەجێ له‌ دۆخی غوتەی خۆرهەڵات و داوای دەستڕاگەیشتنی مرۆیی دەستبەجێی کرد بۆ ئەو ناوچانە.

ئەنجومەنەکە دەنیگدا بە بڕیارێك كه‌ داوای لە لێکۆڵەرانی مافه‌كان کرد "خێرا لێکۆڵینەوەیەکی چڕوپڕ و سەربەخۆ ئه‌نجامبده‌ن بۆ رووداوەکانی ئەمدواییەی غوتەی خۆرهەڵات".

به‌ 29 دەنگی به‌ڵێ و 14ی نائامادە و چوار دژی، ئەم ئەنجومەنە باڵایەی مافەکان داوای دەستبەجێ دەستڕاگەیشتنی مرۆیی کرد بۆ ئەو ناوچانە.

کاروانێكی مرۆیی دەگات

نەتەوە یەکگرتوەکان دووشەممە رایگەیاند، بە دەیان لۆری فریاگوزاری چوونەنێو غوتەی خۆرهەڵاتەوە -- یەکەم کاروانی کۆمەك لەوەتەی ئەو هێرشە وێرانکەرە دەستیپێکردووە.

وتەبێژێکی نوسینگەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ هەماهەنگی و کاروباری مرۆیی لە سوریا رایگەیاند کە 46 لۆری کۆمەك چۆتە ناوچەکە و گەیشتۆتە دوما.

ئەبو یاسر وتی: "بە بەردەوامبوونی گەمارۆ، نەبوونی خۆراك و کاڵای تەندروستی و بەردەوامبوونی تۆپباران و هێرشی ئاسمانی، کە لانیکەم 20 مەدەنی کوشت لە یەکشەممەدا، دۆخی ناوچەکە زۆر ناهەموارە."

وتی شەڕەکان نەوەستان تا شەوی یەکشەممە، تەنانەت لەو ناوچانەی هێزەکانی رژێم چووبوونە ناویان، بە کەمین و هێرشی پێچەوانە کە وایکرد هێزە پێشڕەوەکان لە هەندێك ناوچە بکشێنەوە تا زیانه‌كانیان سنوورداربكه‌ن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500