ژینگە

بارانی بەخوڕ چەرمەسەری بۆ کەمپی عەین عیسای سوریا دەهێنێت

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

image

بارانی بەخوڕ لافاوی هه‌ستاندووه‌ له‌ کەمپی عەین عیسا لە پارێزگای رەققە، کە شوێنی هەزاران ئاوارەی عێراقی و سورییە. [خاوەنی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]

دانیشتوانی کەمپی عەین عیسا لە باکوری سوریا دەناڵێنن بەدەست دۆخێکی کارەساتئامێزەوە بەهۆی بارانی بەخوڕه‌وه‌ کە دوو رۆژ لەوەبەر لە ناوچەکە باری و خێمەکانی شڕكردوون، بەگوێرەی ئەنجومەنی مەدەنی رەققە.

عەین عیسا، له‌ پارێزگای رەققە له‌ باكور، زیاد لە 23,000 ئاوارە له‌خۆده‌گرێت كه‌ له‌ رەققە و دێرەزور و عێراقەوه‌ له‌ده‌ست لەدەست رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) هەڵاتوون.

ئەندامی ئەنجومەنی مەدەنی رەققە، مەحمود فەیاز، کە کەمپەکە بەڕێوەدەبات، وتی بە دەیان خێمە بەتەواوی له‌كاركه‌وتوون، چونکە ئاو رژاوەتەوە چه‌ندین بەشی کەمپەکەوە و "کردوونی بە گۆمێکی گەورە".

فەیاز بە دیارونای وت: "به‌ڕێوبه‌رێتی کەمپەکە هەوڵدەدات ئەوەی لەتوانایدایە بیکات بەوەی لەبەردەستیدایە." ئاماژەشیکرد بەوەی ئەنجومەنی مەدەنی رەققە ئه‌و خێمه‌ و راخەر و بەتانیانە دەگۆڕێت كه‌ به‌هۆی لافاوه‌كه‌وه‌ زیانیان پێگه‌یشتووه‌.

image

کچێکی ئاوارە لە کەمپی عەین عیسا رێده‌كات لەسەر رێگەیەکی قوڕاوی كه‌ بەهۆی بارانی بەخوڕەوە هاتۆته‌كایه‌وه‌ و وایکردوە زۆرێك لە خێمەکانی کەمپەکە بۆ ژیان نەشێن. [خاوەنی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]

وتی بە هاوکاریی رێکخراوەکانی فریاگوزاری، ئەنجومەن خزمەتگوزاری تەندروستی و کتوپڕ زیاددەکات و تەرکیز دەخاتەسەر چارەسەرکردنی هەڵامەت و هەوکردنی سنگی منداڵان.

ئەنجومەنەکە ئامێری گەرمکردنەوە و سوتەمەنی، لەگەڵ بەتانی و جلی زستانە دابەشدەکات و رێگری دڵۆپە بۆ خێمەکان دادەنێت.

وتی خێمەکان "کێشەیەکی ئاڵۆزن" چونکە بای بەهێز کە بارانی لەگەڵدا بێت دەیاندڕێنێت و به‌كه‌ڵكی نیشته‌جێبوون نامێنن.

دانیشتوی کەمپی عەین عیسا، ئەحمەد سەعدون، 50 ساڵ، بە دیارونای وت: "کەمپەکە بووەته‌ گۆمێکی گەورە و بە دەیان خێزان ئێستا بێ شوێنن."

وتی ئەو خەڵکەی کە خێمەکانیان زیانی پێنەگەیشتووە بە بارانی بەخوڕ و با، داڵده‌ی ئەو خێزانانە ده‌ده‌ن کە خێمەکانیان لەدەستدا تا خێمەی نوێیان پێدەگات.

سەعدون وتی کاری چڕوپڕ پێویستە بۆ رێگری لە دووبارەبوونەوەی کارەساتەکە و ئاماژەیکرد بەوەی پێویستە ئاستی بنچینه‌ی ژێر خێمەکان بەرزبکرێتەوە بە بەرد و کۆنکرێت.

وتی بەڵام، "ئەمە پێناچێت رووبدات بەهۆی بەرزی نرخ و نەبوونی سەرچاوەی دارایی لەلایەن کارگێڕیی کەمپەکەوە".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500