خێزانە جوتیارەکانی دەوروبەری دێرە زوور بەمدواییانە لە ناوچەکانی ژێردەستی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) رایانکرد بە یارمەتی قاچاخچیەکان بۆ چوونەناو کەمپێكی کاتی لە شارۆچکەی عەین عیسا لە دەوروبەری پارێزگای رەققە.
جوتیارێك بە ناوی عەبدولرەزاق محەمەد خەڵەف وتی سەرەڕای کەمیی کۆمەکی فریاگوزاری، ئێره زۆر باشترە وهك لە ژیان لە ناوچەکانی ژێردەستی داعشدا کە مەترسیدارن بەهۆی شەڕی بەردەوامەوە.
خەڵەفی تەمەن 60 ساڵی خەڵکی دەوروبەری دێرە زوور بە دیارونای وت خۆی و خێزانەکەی بەرەبەیانی 10 ئەیلول گەیشتنە ناوچەی عەین عیسا لە قافڵهیهكدا لەگەڵ پێنج خێزانی تر.
وتیشی ئەو گروپە رێککەوتنێکیان لەگەڵ قاچاخچییەك کردووە بۆ رێبەریکردنیان بۆ ناوچەکانی ژێردەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە 150,000 لیرەی سوری (290 دۆلار) بۆ هەر خێزانێك، ئاماژەشیدا بەوەی قاچاخچییەکە لە سەرەتادا داوای 50,000 لیرەی کردووە بۆ هەر کەسێك.
خەڵەف وتی: "رێگاکە پڕبوو لە مەترسی و ئەگەر به كۆمهكی قاچاخچیەکان نەبوایە، پێموانیە من و ئەوانی تر بمانتوانیایە بە سەلامەتی دەربچین."
وتیشی بە درێژایی رێگا، رێگاکان مینڕێژکراون، ئاماژەشیدا بەوەی هەندێك رێگا مەترسی زیاتریان ههبوو بەهۆی بوونی نیشانگرانهوه.
وتی لەگەڵ ئەوەشدا هەر جوڵەیەکی گومانلێکراو یان هەر شێوە روناکییەك دەبووە هۆی بۆردومانی ئاسمانی یان موشەك بۆ بە ئامانجگرتنی پێگەکانی داعش.
هەزاران هەڵهاتن بۆ عەین عیسا
خەڵەف وتی کاتێك گەیشتە قەراغ عەین عیسا توشی سەرسوڕمان بوو بە بینینی ئەوەی هەزاران ئاوارە پێشتر گەیشتبوونه ناوچەکە لە دەوروبەری دێرە زوور و شارەکانی ئەلبو کەمال و مەیادین و ئوقەیریبات.
وتیشی: "ئەوان لە ناوچەیەکی نوێ کۆبوبونەوە لهتهنیشت کەمپێكی کۆن چونکە کەمپە کۆنەکە توانای حەوانەوەی ئەو شەپۆلە نوێیەی ئاوارەکانی نەبوو."
هەروەها وتی له ههندێك كهسهوه كه سهربه ئەنجومەنی مەدەنی رەققەن بیستوێتی کە 5,400 ئاوارە گەیشتونەتە کەمپەکە لەماوەی یەك هەفتەدا.
وتی: "هیچ رێکخراوێکی مرۆیی لە کەمپەکەدا کار ناکات و توانایی رێکخراوە ناوخۆییەکان و ئەنجومەنی مەدەنی رەققەش زۆر سنوردارە."
هەزاران مەدەنی ناچارکراون لە دهرهوه بخەون بۆ نزیکەی یەك هەفتەی تەواو و هەندێکیان تەنانەت لەژێر ئەو تراکتۆرە کشتوکاڵیانەدا دهخەوتن کە توانیویانە لەگەڵ خۆیان بیانهێننەدەر تا ئەنجومەنەکە دەتوانێت خێوەتیان بۆ دابینبکات.
ئەو خێوەتانە ئێستا هەڵدراون و دراون بە خێزانە ئاوارەکان.
تا 19 ئەیلول، 200 خێوەت ههبوون کە لە روبەرێکی 30 دۆنمیدا (30,000 مەتر چوارگۆشە) بڵاوکرابوونەوە و لەلایەن ئەنجومەنەکەوە بۆ ئاوارەکان دابینکرابوون و ناویان لێبراوه "کەمپی نوێ" بۆ جیاکردنەوەی لە کەمپی ئاوارەکانی عەین عیسا.
خەڵەف وتی رێکخراوە کۆمەکبەخشەکانی سەربە ئەنجومەنەکە دەستیانکردووە بە دابەشکردنی هاوکاری و پێداویستیە سەرەکیەکانی وەك ئاو و نان کە گرنگی سەرەکی دراوە بەو خێزانانەی منداڵ و خەڵکی پیریان تێدایە.