هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

کەمپی ئاوارەکانی عەین عیسا خۆی بۆ زستان ئامادەدەکات

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

خۆبەخشێك خێمەیەك راگیردەکات لە کەمپی ئاوارەکانی عەین عیسا له‌ پارێزگای رەققەی باكوور. [خاوەندارێتی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]

خۆبەخشێك خێمەیەك راگیردەکات لە کەمپی ئاوارەکانی عەین عیسا له‌ پارێزگای رەققەی باكوور. [خاوەندارێتی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]

چالاکوانان بە دیارونایان وت كه‌ ئەنجومەنی مەدەنی رەققە سه‌رقاڵی ئاماده‌كردنی کەمپی عەین عیسایه‌ بۆ زستان له‌ڕێی دابینکردنی خزمەتگوزاری و بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیداره‌ی کەمپەکە و چەندین رێکخراوی مرۆیی دیکە.

عەین عیسا، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناوچه‌ دێهاتنشینه‌كانی پارێزگای رەققەی باكووری سوریاوه‌، زیاد لە 23,000 ئاوارەی خه‌ڵكی رەققە، دێرەزوور و ئەو عێراقیانەی له‌خۆگرتووه‌ کە هەڵاتوون بۆ ئەوێ لەدەستی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).

ئەنجومەنی مەدەنی رەققە کە لەگەڵ رێکخراوە مرۆییەکانی ناو کەمپەکە کاردەکات، خێمەی هه‌ڵداوه‌ و موشەمای دابەشکردووە، نوسینگه‌ی تەندروستی كردۆته‌وه‌ و كوتانی دانیشتوانی عەین عیسای جێبه‌جێكردووه‌.

ئەندامی ئەنجومەن مەحمود فەیاز بە دیارونای وت ئەنجومەنەکە، کارگێڕیی کەمپەکە و ژمارەیەك رێکخراوی فریاگوزاریی و تەندروستی په‌له‌یانه‌ لە ئامادەکردنی کەمپەکە بۆ زستان.

دۆشه‌ك و كه‌لوپه‌لی تری فریاگوزاری لە کەمپی عەین عیسای پارێزگای رەققە چاوه‌ڕێی دابه‌شكردنن؛ كه‌مپه‌كه‌ زیاد لە 20,000 ئاوارەی سوری و عیراقی له‌خۆده‌گرێت. [خاوەندارێتی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]

دۆشه‌ك و كه‌لوپه‌لی تری فریاگوزاری لە کەمپی عەین عیسای پارێزگای رەققە چاوه‌ڕێی دابه‌شكردنن؛ كه‌مپه‌كه‌ زیاد لە 20,000 ئاوارەی سوری و عیراقی له‌خۆده‌گرێت. [خاوەندارێتی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]

وتی: "ئامادەکارییەکان هه‌مه‌لایه‌نه‌ن و ئه‌مانه‌له‌خۆده‌گرێت، ئامادەکردن و توندوتۆڵكردن و هه‌ڵدانی خێمە به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ به‌رگه‌ی زریان بگرێت، دابینكردنی ئامرازەکانی گەرمکردنەوە و بڕی پێویستی سوتەمەنی، به‌تانی و جلوبه‌رگ."

وتی ئەنجومەنەکە کاردەکات بۆ تەواوکردنی تۆڕێکی ئاوەڕۆ بۆ رێگرتن لەوەی ئاوی باران تێکەڵ بە ئاوی ئاوەڕۆ ببێت و کەمپەکە پیسبکات، كه‌ مەترسییەکی ژینگەیی و تەندروستی دروستده‌كات.

هەوڵەکان بەردەوامن بۆ دابینکردنی موشەما بۆ هەموو خێمەکانی ناو کەمپەکە تا بیانپارێزێت لە باران.

فەیاز وتی: "لە هەفتەی یەکەمی تشرینی دووەمدا، 4,000 موشەما دابەشکران تا بدرێن بەسەر خێمەکاندا و بیانپارێزێت لە باران و لکێنران بە زه‌مینی خێمەکانیشەوە تا بیانپارێزێت لە ئاو."

وتی ئەنجومەنەکە عه‌یاده‌ی کتوپڕیش دادەمەزرێنێت و پێداویستییه‌كانیشی بۆ دابیندەکات، لەکاتێکدا هەندێك رێکخراوی فریاگوزاریی خۆراك و ئامرازی گەرمکردنەوەیان دابەشکردووە.

هاوکات، رێکخراوی خێرخوازیی ئەرسەدۆکسی یۆنانی گۆپا دێرد شوێنکارێکی جلوبه‌رگی داناوە کە ژنانی کەمپەکە دەتوانن کاری تێدابکەن تا جلی پێویستی زستان بۆ خەڵکی کەمپەکە دابینبکەن، بەتایبەت منداڵان.

فەیاز وتی لەنێو دانیشتوانی کەمپەکەدا، "ژمارەیەکی کەم لە خێزانەکان بەمدواییانە گەڕاونەتەوە بۆ شاری رەققە و گوندەکانی و رەنگە زیاتریشی بەدوادابێت"، وتیشی کە زۆربەیان ناتوانن بگەڕێنەوە بەهۆی بەربڵاویی مین و وێرانکاریی زۆرەوە.

خزمەتگوزاریی تەندروستی لە کەمپەکە

بەرپرسێکی کوردی هیلالی سور ئازاد دودێکی وتی ماوەیەکە هیلالی سوری کوردی کاردەکات لەگەڵ لیژنەکانی پزیشکی و تەندروستی ئەنجومەنی مەدەنی رەققە تا سەنتەری تەندروستی دابینبکات بۆ کەمپەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوە فریاگوزارییەکانی دیکەدا.

وتی ئامانجەکە چارەسەرکردنی نەخۆشی باو و دۆخی کتوپڕە تا بەدووربن لە پێویستی گواستنەوەی خەڵکی بۆ شوێنی دیکە بۆ چارەسەر له‌ زستاندا.

وتیشی كوتانی منداڵان بەردەوامە لە کەمپەکە، بەهاوکاریی لەگەڵ رێکخراوەکانی وەك پزیشکانی بێسنوور.

دودێکی وتی "چاوەڕواندەکرێت دووەمین نوسینگەی تەندروستی لە مانگێك یان کەمتردا بکرێتەوە بۆ خزمەتکردن بە دانیشتوانی کەمپەکە،" وتیشی کە خزمەتگوزاری تەندروستی بەخۆڕایی پێشکەش بە مەدەنیەکان دەکرێت.

رێکخراوەکانی وەك رێکخراوی ناحکومی فەرەنسی "ئاژانسی هاریکاریی تەکنیکی و گەشەپێدان" (ACTED) و مەوادە بە سەدان بوخچەی خۆراك، بەتانی، دۆشه‌ك و کاڵای پاکوخاوێنی تاکەکەسییان دابەشکردووە.

وتیشی مه‌تبه‌خێكی خێرخوازیی دامەزرێنراوە بۆ دابینکردنی ژەمی گەرم بۆ دانیشتوانی کەمپەکە و کارکردن بەردەوامە بۆ فراوانکردنی مه‌تبه‌خه‌كه‌ بۆ زیادکردنی بەرهەمی ژەمە گەرمەکانی لە زستاندا.

دانیشتوانی کەمپەکە هاوكاری یه‌كتر ده‌كه‌ن

دانیشتووی کەمپەکە مەحمود عەلی سالم وتی: "هەموو خەڵکی کەمپەکە پێکەوە کاردەکەن بۆ ئامادەکاریی بۆ وەرزی ستان چونکە ئەو سەرچاوانەی لەلایەن رێکخراوەکانی فریاگوزاری و ئەنجومەنی مەدەنیەوە دابینکراوە خاکەڕایین بەبەراورد بە ژمارەی زۆری ئاوارەکان."

ئەو کە پێشتر لە دێرەزوور نیشتەجێبوو بە دیارونای وت خەڵکی کەمپەکە هەوڵدەدەن خۆیان بگونجێنن لەگەڵ کۆمەکی ئامادەکراو بۆیان و لەنێو خۆیاندا دابەشیدەکەن لە ئامادەکارییاندا بۆ زستان.

وتی: "پیاوان و لاوانی کەمپەکە ژێرخێمەکانیان بەردڕێژ كردووه‌ و بەرزتریان دەکەنەوە تا لە رووی زەوی کەمپەکە بەرزتربن و ئاو نەچێتە ناویانەوە."

وتیشی هەندێك ژێرخێمە كۆنكرێتكراون بۆ باشکردنی کواڵیتییان.

سالم وتی گەرمای هاوین زۆر لە خێمەکانی تێکدا و وایکرد بۆ بەکارهێنان نەشێن.

وتیشی : "ئەمەش لەوکاتەدا کە شەپۆلی ئاوارەکانی دێرەزوور و خەڵکی عێراقیش رۆژانە زیاتر دەهاتن، کورتهێنانی خێمەی دروستکرد."

وتی هەندێك ئاوارە توانیان بە پارەی خۆیان خێمە و موشەما بۆ خۆیان و خەڵکی دیکە بکڕن.

وتیشی: "بۆ به‌تانی و دۆشه‌كیش، ئه‌و بڕه‌ی ئێستا هه‌یه‌ بەشی پێویستییەکان ناکات، بەڵام خێزانەکان لەنێو خۆیاندا توانیویانە کارەکە رایی بکەن."

وتی دانیشتوانی کەمپەکە دەزانن دەبێت هه‌ر چۆنێك بووه‌ زستان به‌ڕێ بكه‌ن له‌ کەمپەکەدا، لەبەرئەوەی ناتوانن بگەڕێنەوە ماڵەکانیان تا ئۆپەراسیۆنەکانی لابردنی مین و داروپەردوو تەواونەبێت.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500