ئەو وێنە دڵهەژێنەی منداڵێکی سوری کە چاوێکی لە هێرشێكی ئاسمانیدا لەدەستداوە هەڵمەتێكی لهسهر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بهرپاكرد، بەجۆرێك بەکارهێنەران وێنەی منداڵەکە و خۆیان بڵاودەکردەوە کە چاوێکیان داپۆشیبوو.
وێنەكه کەریم عەبدەڵای 40 رۆژەی پیشاندهدا، به چاکەتێکی سوری ئهستورهوه، برینێك لهشێوهی نیوهمانگدا لهشوێنی چاوی چەپی و ههڵئاوساوییهكی سوری تۆخ لهسهر ناوچهوانی.
بەگوێرەی خزمان و ئەو پزیشکەی کە تیماری کردبوو، هێرشێکی ئاسمانی حکومەت لە 29 تشرینی یەکەم بۆسەر بنکەی ئۆپۆزسیۆن له نزیك دیمەشق بەتوندی کەریمی بریندارکرد و دایکی کوشت -- كه وایکرد هەڵمەتێکی پشتگیریی جیهانی بۆ رێکبخرێت.
بەکارهێنەران وێنەی خۆیان دەگرن بەجۆرێك چاوێکیان پێچاوە و بڵاویدەکەنەوە لەسەر تویتەر و فەیسبوك بە هاشتاگی #SolidarityWithKarim.
هەڵمەتەکە گەیشتە نەتەوە یەکگرتوەکانیش، کاتێك باڵیۆزی بەریتانیا، ماتیو رایکرۆفت، لەسەر تویتەر وێنەیەکی خۆی لە ئەنجومەنی ئاسایش بڵاوکردەوە، دەستی راستی لەسەر چاوێکی بوو.
رایکرۆفت نوسی: "کاتێك لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان دانیشتبووین و هۆشداریمان دا لەوەی سستی مانای وایە خەڵکی زیاتر دەمرن و خوێندنگەی زیاتر بۆمباران دەکرێن و منداڵی زیاتر برینداردەبن، مەبەستمان ئەمە بوو."
"دەبێت کۆتایی بهێنین به بۆمباران و گەمارۆی غوتەی خۆرهەڵات."
هێزەکانی حکومەت ناوچەی غوتەی خۆرهەڵاتی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆنیان لە 2013وە گەمارۆدراوە، كه دەستڕاگەیشتنی بە خۆراك و دەرمان بۆ دانیشتوانە 400,000 کەسیەکەی سنوردارکردووە.
وێنەكان بۆ هاوسۆزی لەگەڵ کەریم بڵاوکرانهوه لەلایەن منداڵانی سوری و رۆژنامەنوسان و چالاکوان و ئەندامانی دەزگای رزگاری کڵاوسپیەکان کە لە ناوچەکانی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن چالاكن.
هەڵمەتەکە لەلایەن عامر موحیبانیەوە دەستپێکرا، وێنەگرێکی ئازاد لە غوتەی خۆرهەڵات و بەشدارێکی جارناجاری ئاژانسی فرانس پرێس.
موحیبانی، 28 ساڵ، وتی: "سەردانی کۆرپەکەم کرد و تەنانەت پێش گرتنی وێنەکەش کاریتێكردم. مێشکی داگیرکردووم."
وتی: "ئامانجی هەڵمەتەکە ... گەیاندنی دەنگی منداڵەکەیە بە جیهان، کە چاوی و دایکی لەدەستداوە."
ئەو هێرشەی کەریمی بریندارکرد بهر بازاڕێکی نێو حەموریە كهوت، شارۆچکەیەك لە غوتەی خۆرهەڵات، لە 29 تشرینی یەکەمدا.
غوتەی خۆرهەڵات یەکێکە لە چوار ناوچەی "هێوركردنەوە" کە لە ئایاردا رێککەوتنی لەسەر کرا لە هەوڵێکدا بۆ کەمکردنەوەی شەڕ لە هەندێك ناوچەی ئەو وڵاتە بەشەڕ کاولبووەدا.
زیاد لە 340,000 کەس کوژراون و نیوەی خەڵکی وڵاتەکە ئاوارەبوون لەوەتەی شەڕ دەستیپێکردووە لە 2011.
لەم چەند ساڵەدا، چەندین منداڵی سوری بوونەتە سیمبۆڵی مەینەتیەکانی خەڵکی مەدەنی بەهۆی شەڕەوە، لەنێویاندا عومران، کە لە ئۆتۆمبیلێکی فریاگوزاریدا وێنەیەکی خوێناویی گیرا لە دووههم شار، حەلەب لە 2016.