یەکەم کاروانی کۆمەك دووشەممە (5 ئازار) گەیشتە غوتەی خۆرهەڵات، بەڵام ئۆپەراسیۆنەکە سەرکەوتوونەبوو بەهۆی ئەوەی هێرشە ئاسمانیەکان لە ناوچەکەیان دەدا، لانیکەم 68 مەدەنیان کوشت، بەگوێرەی روانگەی سوری بۆ چاودێری مافی مرۆڤ.
سێشەممە هێرشی ئاسمانی نوێ ئەو ناوچەیەی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆنی تەنی لەکاتێکدا پێویستی زۆری بە گەیشتنی کۆمەك هەبوو بۆ دەیان هەزار مەدەنی گەمارۆدراو، بەڵام کۆمەکەکە بەهۆی شەڕەوە وەستا.
روانگەکە رایگەیاند بەیانی سێشەممە لانیکەم نۆ مەدەنی کوژران لە هێرشە ئاسمانیەکانی سەر شارۆچکەی جسرهیندا، لەکاتێکدا لە شارۆچکەی سەرەکی دوما، هێرشە ئاسمانیەکان گەیشتنە ماڵەکان و لەهەردوو بەری رێگاکە ماڵەکانیان کرد بە داروپەردوو.
روانگەکە رایگەیاند هێزەکانی رژێم بەخێرایی پێشڕەوییانکرد لە ناوچە کشتوکاڵیەکانی غوتەی خۆرهەڵات هەفتەی رابردوودا لە بەیانی سێشەممەش لهسهدا 40 ناوچەکەیان کۆنترۆڵکرد.
چل و شەش لۆری کۆمەك چوونەناو غوتەی خۆرهەڵاتەوە رۆژی دووشەممە بۆ یەکەمجار لەوکاتەوەی هێرشەکە لە 18 شوبات دەستیپێکرد، بەڵام دەبوو گواستنەوەکە بوەستێنن و بڕۆن بەهۆی بۆمبارانی چڕوپڕەوە.
پاوڵ کریزیسیك لە كۆمیتهی نێودەوڵەتی خاچی سوور دواتر رایگەیاند: "ئەو خەڵکەی بینیومانن لێرە شتی باوەڕپێنەکراویان بینیوە. شەکەت دەردەکەوتن."
وتی: "هەربۆیە ئەو کۆمەکەی ئەمڕۆ گواستمانەوە بەهیچ جۆرێك بەشی نەدەکرد."
گواستنەوەی کۆمەك دواخراوە
چالاکوانێكی فریاگوزاریی ناوچەکە، بەها ساحلی، بە دیارونای وت دەبوو کۆمەکی خۆراك و تەندروستی یەکشەممە بەڕێوەبکەوێت، بەڵام رۆژێك دواخراوە "بەهۆی رێکنەکەوتن لەنێوان لایەنە شەڕکەرەکاندا لەسەر مەرجەکانی ئۆپەراسیۆنەکە".
لهوانهش رەتکردنەوەی رژێم بۆ رێگەدان بە چوونەناوەوەی هەندێك کۆمەکی پزیشكی، بەتایبەتی كهرهسهی نەشتەرگەری، ئامێری شتنهوهی گورچیله و هەندێك دەرمانی وەك ئەنسۆلین.
ساحلی وتی: "قەدەغەکردنی ئەم كهلوپهلانه وەك هەوڵێکی رژێم دەردەکەوت بۆ فشارخستنە سەر دانیشتوان تا غوتەی خۆرهەڵات بەجێبهێڵن بۆ چارەسەر."
وتی کاروانەکە بەیانی دووشەممە گەیشتە دەروازەی وافیدین و دەستیکرد بە چوونە ناوچەی غوتەی خۆرهەڵاتەوە لە نیوەڕۆدا بە ئاراستەی دوما.
ئەو کاروانە لەلایەن نوێنەری رێکخراوی جیهانی تەندروستی و پرۆگرامی خۆراکی نێودەوڵەتی و مانگی سووری سوری و خاچی سووری نێودەوڵەتییەوە یاوەری دەکرا.
ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان قەیرانەکە تاوتوێ دەکات
ساڵحی وتی کۆمەکەکە توانرا بگوازرێتەوە بەهۆی ئەو رێکخراوە فریاگوزارییانەی کە جێی متمانەبوون و لە ناوچەی دوما کاریاندەکرد، کە دووبارە کۆمەکەکە رێکدەخەنەوە و دابەشیدەکەنەوە و هەوڵدەدەن تا بتوانرێت درێژەی پێبدەن.
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، بڕه تەواوەکە -- گەر کۆمەکەکە بگەیشتایە -- بەشی 27,500 کەسی دەکرد بۆ ماوەی دوو هەفتە. نزیکەی 400,000 مەدەنی لەئێستادا لە غوتەی خۆرهەڵات گیریانخواردووە.
دبلۆماتکاران رایانگەیاند سێشەممە فەرەنسا و بەریتانیا داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکانیان کرد بۆ تاوتوێکردنی شکستی ئاگربەستی 30 رۆژە کە دەبوو لە سوریا بکرێت.
چاوەڕواندەکرێت ئەنجومەنەکە چوارشەممە کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی هێرشە ئاسمانیەکان و پێکدادان لە غوتەی خۆرهەڵات کە سەرەڕای ئەو ئاگربەستەی 10 رۆژ لەمەوبەر لەلایەن ئەو ئەنجومەنە باڵایەی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە داواکرا، بەردەوامبوو.