شاری موسڵ پێنجشەممە (1 کانونی یەکەم) ماراسۆنێکی لەخۆگرت، كه گەورەترین و یەکەمینی لەو شێوەیەیه لە شارەکە لەوەتەی لە تەمموزدا لەدەستی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) رزگارکراوە.
سەدان ژن و پیاوی پێشبڕکێکار بەشدارییانکرد لە "ماراسۆنی نێودەوڵەتی نەینەوا بۆ ئاشتی" بۆ پەیداکردنی پارە بۆ خێزانەکانی خۆرئاوای موسڵ، کە وێرانکارییەکی گەورەی بەخۆوە بینی لە شەڕی گرتنەوەیدا لەدەست داعش.
بەڕێوەبەری پۆلیسی نەینەوا عەمید واسیق حەمدانی بە دیارونای وت: "ئەمە رۆژێکی تایبەتە لە مێژووی شارەکەماندا."
وتیشی: "ئەمە یەکەمجارە ئەم بۆنەیە لێرە و بەو هەموو بەشداربووانەوە ئەنجامدەدرێت."
![عێراقیەکان خۆیان تۆماردەکەن بۆ ماراسۆنی نێودەوڵەتی نەینەوا بۆ ئاشتی، کە 30 تشرینی دووەم ئەنجامدرا لە خۆرئاوای موسڵ و زیاد لە 1,000 پێشبڕکێکار بەشدارییانکرد. [خاوەندارێتی وێنە: پەیجی فەیسبوکی ماراسۆنی نێودەوڵەتی نەینەوا بۆ ئاشتی]](/cnmi_di/images/2017/12/01/10559-marathon-registration-600_384.jpg)
عێراقیەکان خۆیان تۆماردەکەن بۆ ماراسۆنی نێودەوڵەتی نەینەوا بۆ ئاشتی، کە 30 تشرینی دووەم ئەنجامدرا لە خۆرئاوای موسڵ و زیاد لە 1,000 پێشبڕکێکار بەشدارییانکرد. [خاوەندارێتی وێنە: پەیجی فەیسبوکی ماراسۆنی نێودەوڵەتی نەینەوا بۆ ئاشتی]
وتی زیاد لە 1,000 وەرزشوان لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق و چەندین وڵاتی وەك جەزائیر و مەغریبەوە، لەگەڵ دانیشتوانی موسڵیش، بەشداری دەکەن.
ههروهها وتی ماراسۆنەکە به دهستپێشخهریی مامۆستاكانی زانکۆی موسڵ و چالاکوانە عێراقیەکان سازكرا، بە هەماهەنگی لهگهڵ وەزارەتی وەرزش و لاوان.
راکردن بۆ ئاشتی
حەمدانی وتی ئامانجەکەی "گەیاندنی ئەو پەیامەیە بە جیهان کە موسڵ هەردەم شاری خۆشەویستی و ئاشتی و پێکەوەژیان" دەبێت و ئاماژەی بەوەش کرد کە زۆربەی بەشداربووان جلی سپی و باجی سپییان پۆشیبوو وەك ئاماژهیهك به ئاشتی.
وتیشی: "موسڵ گەڕاوەتەوە بۆ شێوازەکەی لەوەوبەری، شارێکی چالاك و بزێو كه جێگای تیرۆریزم و توندڕەویی تێدا نابێتهوه."
هێزهكانی پۆلیس و سوپا و ئۆتۆمبیلە سەربازییەکان جێگیرکرابوون بەدرێژایی رێگەی پێشبڕکێکارهكان.
حەمدانی وتی: "سەرکەوتووبووین لە دەستهبەرکردنی ئەمنیەتی بۆنەکە، کە بەڕوونی دەیسەلمێنێت تواناکانمان گەشەیانکردووە و شارەکەمان بەتەواوی ئامادەیە بۆ لەخۆگرتنی بۆنەی بهرفراوان."
وتیشی رێگەی ماراسۆنهكه بهدرێژایی 6 کیلۆمەتر لە پارکی کاتبەسەربردنەوە لە ناوچەی غابات لە خۆرهەڵاتی موسڵ درێژبووبووهوە تا بینای زانکۆی موسڵ.
وتی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ناوچەکە بەشدارییان لە بۆنەکەدا کرد کە گردبووبوونەوە بۆ سەیرکردنی ئەو بۆنە وەرزشییە دانسقەیە.
حەمدانی وتی: "ئەمڕۆ ئامادەین و دەتوانین گەورەترین فیستیڤاڵ و بۆنەکان بپارێزین." هیوای خۆشی دەربڕی بەوەی ماراسۆنەکە ببێتە سەرەتای قۆناغی بوژانەوە لە موسڵ.