رۆژنامەوانانی عێراق لە پارێزگای نەینەوا پرۆژەیەکی رۆژنامەوانییان دەستپێکردووە بۆ فەراهەمکردنی ئاشتی لە موسڵ لە چاوەڕوانیی ئازادکردنی تەواوەتییدا لەدەستی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).
تیمێك لە 25 رۆژنامەوان کۆڕبەندی رۆژنامەوانانی موسڵ بۆ پشتگیریی ئاشتییان دامەزراند، کە مەبەستیەتی باسی ژیانی دانیشتوانی شارەکە بگێڕێتەوە لە دەمی داعشدا و لە دوای قۆناغی ئازادکردنیش.
کۆڕبەندەکە تەرکیز دەخاتەسەر برەوپێدانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و بنبڕکردنی کلتوری رق و تۆڵە.
خدر دۆملی، یەکێك لەو رۆژنامەوانانەی کە راهێنان بە ئەندامانی تیمەکە دەکات، وتی بڕیاری دامەزراندنی کۆڕبەندەکە لە رۆڵی میدیاوە هاتووە "وەك ستونی سەرەکیی بنیاتنانەوەی کۆمەڵگەکان دوای جەنگ و کارەسات".
دۆملی بە دیارونای وت: "هەوڵەکانمان ئامانجی روونیان هەیە؛ دەمانەوێت وەك رۆژنامەوانان بەشداریبکەین لە دروستکردنی کەشی ئاشتەوایی لە موسڵ و نەینەوا بۆ قۆناغی دوای داعش."
وتی: "هەوڵدەدەین بەشداری بکەین لە نەهێشتنی کلتوری رق و توندڕەوی کە تیرۆریستەکان هەوڵیانداوە لە کۆمەڵگە خۆجێییەکاندا بیچێنن لەوێ و ئاشتی و سەقامگیری و یەکێتی بنیاتبنێین لەنێوان هەموو بەشەکانی کۆمەڵگەدا."
شەڕی کلتوری و ئایدۆلۆژی
دۆملی وتی: "دوای رزگارکردنی موسڵ، شەڕی داهاتوومان لەگەڵ تیرۆریزم لەسەر کلتور دەبێت بۆ بنبڕکردنی پاشماوە ئایدۆلۆژییەکانی، بە هاوکاریی هەموو بیرمەندان و نوسەر و رۆژنامەوانان."
ئەندامانی تیمەکە راهێنانێکی چڕوپڕیان پێدەکرێت بە سەرپەرشتیی [رێکخراوی] پشتیوانی میدیای نێودەوڵەتی، کە رێکخراوێکی ناحکومیه و بنکەکەی لە دانیمارکە.
راهێنانەکە تەرکیز دەخاتەسەر چۆنێتی نوسین و سازدانی راپۆرت و فیچەری رۆژنامەوانی کە پشتیوانی لە بنیاتنانەوەی پێکەوەژیانی ئاشتییانە دەکات لە ناوچە قەیراناوییەکاندا.
دۆملی وتی: "خولەکانی راهێنان ماوەی ساڵێکی تەواو بەردەوامدەبن و رۆژنامەوانی زیاتر دەرفەتی پەیوەندیکردنی بە تیمەکەوە دەبێت و ههروهها ههركهسێك كه حەزبكات خزمهت به کۆمەڵگەکهی بكات."
وتیشی: "تیمەکە سنووردارناکرێت بۆ ژمارەیەکی دیاریکراو لە خەڵك."
چیرۆكهكانی مەینەتی و بهرگری
تیمەکە دەستیکردووە بە کۆکردنەوەی چیرۆكهكان دەربارەی ئەزموونهكانی خەڵکی موسڵ.
ئەمانەش تۆماری خراپەکارییەکانی داعش دەکەن و هەڵاتنی خەڵکی شارەکە بۆ کەمپی ئاوارەکان دەگێڕنەوە و رزگارکردنیان لەلایەن هێزە رزگارکەرەکانەوە.
لە نیوەی حوزەیراندا، یەکەم گروپ لە چیرۆكهكان، بە یاوەری وێنە و ڤیدیۆ، دەستەبەردەبێت لەسەر ماڵپەڕێك کە وەك یەکەمین پێگەی رۆژنامەوانیی کۆڕبەندەکە کاردەکات.
سوفیان مەشهەدانی، رۆژنامەنوسێك کە بەشداریی لە کۆڕبەندەکەدا کردووە، وتی: "چەندین ستۆریمان کۆکردۆتەوە لە خەڵکی ناوچەکە و لەئێستادا 15 ستۆریی رۆژنامەوانیمان ئامادەی بڵاوکردنەوەن هەرکات ماڵپەڕەکەمان خرایەگەڕ."
مەشهەدانی بە دیارونای وت: "هەوڵدەدەین ئهو چیرۆكانه ههببژێرین كه سروشتێكی مرۆیی و سۆزدارانە یان ههیه. ئامانجی سەرەکییمان لەم پرۆژەیە تەرکیز خستنەسەر تاوانەکانی داعش و دروستکردنی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتییە کە دژی ئەو ئایدۆلۆژیا توندڕەوە بوەستێتەوە و ئاشتی فەراهەمبکات."
مەشهەدانی وتیشی: "هەوڵدەدەین شەڕی ئەو ئاکام و کێشە کۆمەڵایەتییانە بکەین کە لەلایەن داعشەوە بەتایبەت لەنێو خەڵکی موسڵدا دروستکراون و تەونی نیشتیمانی لەنێوان تاکەکاندا دروستبکەینەوە."
وتیشی: "تیرۆریستان وێرانکاری و تاوانی زۆر گەورەیان ئەنجامدا کە بۆتە هۆی برینی قووڵ، بەڵام باوەڕمان بە سوربوونی خەڵك هەیە لەسەر یهكگرتنهوه و دەستپێکردنهوهی ژیانێکی خاڵی لە تیرۆریزم."
مەشهەدانی وتی تیمەکە مەبەستیەتی "خۆڕاگری و بوێریی خەڵکی موسڵ و تەحەدا و قوربانیەکانیان بخاتەڕوو لەکاتی بەرەنگاریدا دژی داعش لەدەمی داگیرکاریی شارەکەدا".
وتیشی: لاپهڕهی فەیسبوکی کۆڕبەندەکە، "موسڵ 2020" رەنگدانەوەی "خواستەکانمانە وەك رۆژنامەوانان بۆ دەستەبەری ئارامی و خۆشگوزەرانیی شارەکە و چێژوەرگرتن لە بنیاتنانەوەی تا 2020".