بەرنامەیەکی ئاشتەوایی سەرپەرشتیکراو لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە لە عێراق وایکردووە سەدان خێزانی عێراقی کە کوڕەکانیان پەیوەندییان بە رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە کردبوو، بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان لە پارێزگای نەینەوا.
بهگوێرهی بهیاننامهیهكی نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ عێراق (یونامی)، "بهڵێننامهی شەرەف" لە 14 تشرینی یەکەم واژۆکرا بەمەبەستی هاندانی زیاد لە 1,100 خێزان، کە دەوترێت پەیوەستبوون بە داعشەوە، تا بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی رەسەنی خۆیان لە شارۆچکەی موحهلەبیە.
واژۆکردنەکە لەکاتی کۆنفرانسێکی "ئاشتی ناوخۆیی"دا جێبەجێکرا، كه لەلایەن لیژنەی ئاشتی ناوخۆیی له خۆرئاوای موسڵ رێکخرابوو، ههروهها لەلایەن پارێزگاری نەینەواوە پشیوانی دارایی کرابوو. بهرنامهی گەشەی نەتەوە یەکگرتوەکانیش پشتگیریی لێكرد.
لەنێو بەشداربوواندا ئەندامانی کۆمەڵگەی موحهلەبیە، کەسایەتیەکانی حکومەت، شێخەکان، سەرکردە کۆمەڵایەتیەکان و ئەندامانی خێزانی گەڕاوەکانی ههبوون.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی یونامی، بۆ زۆر خێزان واژۆکردنی بهڵێننامهکە وادەکات بۆ یەکەمجار لە ماوەی سێ ساڵدا بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان، لهوكاتهوهی ئۆپەراسیۆنەکانی رزگاری لە ناوچەکە دەستیانپێکرد.
لە ماوەی ساڵانی شەڕدا لەگەڵ داعش، زیاد لە شەش ملیۆن عێراقی ئاوارەبوون لە ناوچەکانی خۆیان. بە خەمڵاندن 1.4 ملیۆن کەس هێشتا ئاوارەن، لەنێویاندا نزیكهی 330,000 کەس تەنیا لە پارێزگای نەینەوا.
تەبایی کۆمەڵایەتی
بۆ ئەو کەسانەی گوماندهكرێت پەیوەستبووبن بە داعشەوە، ئاستەنگەکان زۆرجار هەڕەشەی چوساندنهوه و تووندوتیژییان تێدابووه لەکاتی ئاوارەییدا.
نوێنەری بهرنامهی گەشەی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق، زینە عەلی ئەحمەد وتی: "تەرخانکردنی لیژنەی ئاشتی ناوخۆیی بۆ یەکخستنەوەی ئەو خەڵکەی ئاوارەبوون لە کۆمەڵگەکانیان زۆر گرنگە بۆ دڵنیاییدان لە داهاتوویەکی بەهێز و تەبا بۆ خەڵکی عێراق."
وتیشی: "ئەم کۆنفرانسە و ئهو بهڵێننامهیەی لێوهی دهرهنجامی گرت، بەردی بناغەن بۆ موحهلەبیە و ئاماژەیەکی بەڵێندەرن بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی و سەقامگیری لە داهاتوودا."
قائیمقامی موسڵ، زوهەیر ئەعرەجی کە بەشدارییكرد له کۆنفرانسەکەدا وەك نوێنەرێکی حکومەتی خۆجێی لە نەینەوا، وتی گەڕاوەکان خێزانهكانی ئەو کەسانەیان تێدایە کە حاشایان لە کوڕە داعشەکانیان کردووە.
بە دیارونای وت ئەوە سەلمێنراوە کە ئەم خێزانانە "تێوەنەگلاون لەو تاوانانەی لەلایەن گروپە تیرۆریستیەکەوە ئەنجامدرابوون".
وتی پێگەی حکومەتی خۆجێی لە بابەتی ئەندامانی داعشدا وەك خۆی ماوەتەوە: "هیچ سازشێك نیە لەگەڵ ئەوانەی تێوەگلاون لە رشتنی خوێنی عێراقیەکان و ئەوانەی تاوانی کوشتن و تەقینەوە و رفاندنیان ئەنجامداوە."
ئەعرەجی جەختیکردەوە لەوەی ئاشتەوایی لەگەڵ ئەو كهسوكارانهی ئەندامانی داعش ئەنجامدرا کە خۆیان بەدوورگرتبوو لە گروپەکە و تاوانەکانیان رەتدەکردەوە و حاشایانلێدەکرد.
بەڕێوبەری پۆلیسی نەینەوا، عەمید لەیس خەلیل حەمدانی وتی پرۆژەی ئاشتەوایی لە چوارچێوەی یاسای عێراقدا و بهگوێرهی بنهمای ئەوە ئەنجامدرا کە هیچ کەس به تاوانی کەسێکی دیکە خەتابار ناکرێت.
بە دیارونای وت: "دەزگاكان و کاربەدەستانی ئەمنی لە پارێزگاکە زۆرباش دەزانن کێ [ئەندامی داعش] بووە و داتابەیسێکی چڕوپڕیان هەیە دەربارەیان و پەرۆشن بۆ دەستگیرکردن و گەیاندنیان بە دادپەروەری."
ئاستەنگەکانی بەردەم گەڕاوەکان
شێخێکی خێڵەکی لە پارێزگای نەینەوا، شێخ فائیز لوەیزی، وتی گەڕانەوەی خێزانەکان بۆ موحهلەبیە لە ئەنجامی هەوڵێکی چڕوپڕی پیاوانی ئایینی و خاوەن کاریگەریدا بهئهنجامگهیشت لەژێر سەرپەرشتی حکومەتدا تا ئاشتی و ئاشتەوایی بۆ ناوچەکانی خۆرئاوای نەینەوا بگەڕێتەوە.
بە دیارونای وت گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ قەزاکە بێ چەندین ئاستەنگ نییە، لەنێویاندا ئاستەنگە ئابوریەکان و ئاستەنگی یەکخستنەوەیان لەنێو کۆمەڵگە خۆجێیەکانیاندا.
وتی حکومەت دەبێت دۆخی ئابورییان باشتربکات و دەرفەتی کار دابینبکات بۆ خێزانە گەڕاوەکان و پشتیوانی داراییان بۆ دابینبکات تا یارمەتی بنیاتنانەوەی ماڵە رووخاوەکانیان بدات.
ئاشتەوایی لە موحهلەبیە بەشێکە لە پلانێکی بهرفراوانتری بهرنامهی گەشەی نەتەوە یەکگرتوەکان بەمەبەستی دهستگەیشتن بە 4,000 خێزان لە پارێزگاکانی نەینەوا و سەلاحەدین و ئەنبار لە ساڵی یەکەمدا، کە لە ساڵانی 2021 و 2022 خێزانی زیاتری بەدوادا دێت.