ئیدارەی ناوخۆیی راوە دەستیکردووە بە ههڵمهتێك بۆ گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەکیەکان بۆ شارەکە لەنێو وروژمی چالاکیی پاککردنەوە و بنیاتنانەوەدا، قائیمقام حسێن عەلی عەکیدی چوارشەممە (29 تشرینی دووەم) بە دیارونای وت.
ئەم شارەی خۆرئاوای ئەنبار تووشی وێرانکارییەکی فراوان بوو پێش ئەوەی لە 17 تشرینی دووەمدا لەدەست رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بسەنرێتەوە.
عەکیدی وتی: "ئاستی وێرانکاریی لهسهدا 70 بوو."
وتیشی ئەندامانی داعش زۆربەی ژێرخانی راوەیان وێرانكردووه، لەنێویاندا محەویلەی کارەبایی 13 ڤۆڵت، وێستگەی ئاو و ئاوەڕۆ، خوێندنگە و نەخۆشخانە.
ههروهها وتی: "ههڵمهتێكمان دەستپێکردووە بۆ گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییه سەرەتاییهكان، بەتایبەتی بۆ زیاد لە 300 خێزان کە لە شارەکە ئاوارە نەبووبوون."
وتی نوسینگە سەرەکییەکانی خزمەتگوزاری -- لەنێویاندا ئیدارەی ناوخۆیی، شارەوانی، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس -- لە بینای دیکەدا کراونەتەوە.
وتیشی: "ئێمە تهنها پرۆژەیەکی ئاویشمان کردۆتەوە بۆ شارەکە و کارەبامان بۆ دانیشتوان دابینکردووە لەڕێگەی بەکارهێنانی مۆلیدەی بچوکەوە." ههروهها وتی بەڕێوەبەرێتی کارەبا بەردەوامە لە چاککردنەوەی تۆڕە تێکدراوەکانی دابەشکردن.
وتی خۆبەخشان داروپەردوویان نەهێشتووە لەسەر شەقامەکان بە بەکارهێنانی ئامرازی سەرەتایی، چونکە داعش زۆربەی بلدۆزەرەکان و شۆفڵ و ئۆتۆمبیلەکانی پاککردنەوەیان تێكشكاندبوو.
عەکیدی وتی: "بەڕێوەبەرێتی تەندروستی ئەنبار نەخۆشخانەی گەڕۆکی ناردووە بۆ شارەکە بە ستافی دکتۆر و شارەزای پزیشکیهوه بۆ دابینکردنی چارەسەر و خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ خەڵکی ناوچەکە."
هەوڵەکانی لابردنی مین
وتی دۆخی راوە سەقامگیرە و شتەکان بهباشی بهڕێوهدهچن.
وتی بەڵام مین و تەقەمەنی چێنراو لەلایەن داعشەوە لە سەرانسەری شارەکەدا "گەورەترین بەربەست"ن لەبەردەم هەوڵەکانی بنیاتنانەوە و گەڕانەوەی ئاوارەکاندا.
وتیشی: "سوپا کارێکی گەورە دەکات بە پوچەڵکردنەوەی هەزاران بۆمبی چێنراو لەنێو بینا حکومیەکان و ماڵەکاندا."
ههروهها وتی: "تائێستا نزیکەی لهسهدا 60 تەقەمەنی پوچەڵکراونەتەوە، بەڵام ئەرکەکە ماندووکەرە و هەدنێك بۆمب و بۆمبی دەستکرد باش شاردراونەتەوە."
عەکیدی وتی: "چاوەڕوانی گەیشتنی تیمە تایبەتەکانین کە بەکرێگیراون لەلایەن حکومەتەوە بۆ بەشداریکردن لە هەوڵەکانی پاککردنەوەدا." وتیشی پێشبینی دەکرێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا دەست بەکار بکەن.