https://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/features/2017/11/07/feature-02

×
×
تێرۆریزم |

داعش دانیشتوانی راوە بە بارمتە دەگرێت

خالید تائی

image

سەربازێكی عێراقی پێشوازی لە دانیشتوان دەکات لە گوندەکانی نزیك راوە کە لە دەست رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش) هەڵاتن لە چەند هەفتەی رابردوودا. [وێنەکە لە پەیجی فەیسبوکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانەوە وەرگیراوە]

رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) دانیشتوانی شاری راوەی خۆرئاوای پارێزگای ئەنبار بە بارمتە دەگرێت لەکاتێکدا هێزە عێراقیەکان خۆیان بۆ پێشڕەوی ئامادە دەکەن، بەرپسێکی خۆجێی سێشەممە (7 تشرینی دووەم) بە دیارونای وت.

هێزە عێراقیەکان هەینی قائیمیان رزگارکرد، گەورەترین شارۆچکەی ژێردەستی داعش لە عێراق.

به‌ کەوتنی قائیم تەنیا چەند شارێکی بچوکتری هاوسێ بەدەست چەکدارانی داعشەوە دەمێنێتەوە لەگەڵ پاشماوەکانی دەوروبەری لە بیابانێكی بەتاڵدا بەدرێژایی رووباری فورات.

هێزەکانی عێراق لەئێستادا لە چەندین لاوە دەوری راوەیان گرتووە لە ئامادەکاریدا بۆ هێرشکردنە سەری هەرکات گەڕان بەدوای چەکداراندا لە قائیم تەواوبوو و ناوچەکە لە تەقەمەنی پاککرایەوە.

قائیمقامی شارەکە، حسێن عەلی عەکیدی، بە دیارونای وت: "نزیکەی 250 خێزان هێشتا لە راوە لەلایەن داعشەوە گەمارۆدراون."

وتی چەکدارەکان ئەو خێزانانەیان بە بارمتە گرتووە و ناچاریانکردوون لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و جێینەهێڵن بەهەر هۆیەك بێت.

هه‌روه‌ها وتی: "پێشیانوتوون هەرکەسێك هەوڵبدات پەیوەندی بکات یان یارمەتی هێزە ئەمنیەکان بدات، دەیکوژن."

عەکیدی نیگەرانی دەربڕی لە چارەنوسی خەڵکە گیرخواردووەکە و جەختیکردەوە لەوەی کە "لە دۆخێکی زۆر خراپدان لە هەموو رەهەندێکەوە".

تەکتیکی لێدان و هەڵاتن

عەکیدی وتی سەرچاوەکان پشتڕاستیانکردەوە کە چەکدارانی داعش خەندەقی نهێنی و رێچکەیان کردۆتەوە لەنێوان ماڵه‌كانی دانیشتواندا و بۆمبیان لەسەر شەقامەکان چاندووە.

وتیشی بەم هەنگاوانە گروپەکە ئامانجێتی بەربەست لەبەردەم پێشڕەویی هێزەکانی عێراقدا دابنێت "بەبێ حسابکردن بۆ ژیانی خەڵکی ناوچەکە".

بەگوێرەی سەرچاوەکان تەنیا چەند دەرزەن چەکدارێك لە راوەدا ماونەتەوە كه‌ زیاتر ماتۆڕ بەکاردەهێنن بۆ رۆیشتن لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە تا خۆیان لە هێرشی ئاسمانی بپارێزن.

عەکیدی وتی توندڕەوان زۆرجار تۆپبارانی ئەو هێزانە دەکەن كه‌ لە دەوروبەری شارەکە جێگیرکراون بە هاوەن لەنێو ئه‌و گەڕەکانه‌وه‌ كه‌ خه‌ڵكیان تێدا ده‌ژی، پێش هەڵاتن و خۆشاردنەوەیان و وتیشی بەمه‌ سەختیی وەڵامدانەوەی راستەوخۆی سەرچاوەی تۆپبارانەکە دەقۆزنەوە.

وتی هەروەها سوود لەو راستیە دەبینن کە راوە بەڕووی بیابانێکی فراواندا دەکرێتەوە کە لە باکورەوە تا پارێزگای نەینەوا درێژدەبێتەوە و له‌ خۆرئاواشه‌وه‌ تا سەر سنووری سوریا.

عەکیدی وتی: "زۆر خێزان توانیویانە هەڵبێن لە راوە لە چەند هەفتەی دواییدا پێش شەڕی رزگارکردنی قائیم."

وتیشی نزیکەی 138 خێزان هەڵاتوون بەرەو شاری روتبە و نیشتەجێبوون لە کەمپی کیلۆ 18ی خۆرئاوای رەمادی و له‌ کەمپی شاری گەشتیاریی حەبانیە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
0
نەخێر
0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین