تیمێکی لێکۆڵەرانی سەربەخۆ لە عێراق بەمزوانە بەڵگە کۆدەکەنەوە دەربارەی ستەم و تاوانەکانی ئەندامانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) تا دڵنیابن لەوەی دادپەروەری پیادەکراوە.
تیمەکە دوای بڕیاری 2379ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان پێکهێنرا، لە 21ی ئەیلول، بۆ پشتگیریکردنی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق تا ئەندامانی داعش بداتە دادگا لەسەر کارەکانیان.
بڕیارەکە داوای دامەزراندنی تیمێكی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی کرد کە بەڵگە کۆبکاتەوە، بیپارێزێت و بیهێڵێتەوە دەربارەی ئەو کارانەی بە تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید لەقەڵەمدەدرێن کە لەلایەن داعشەوە کراون.
وتەبێژی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراقی، عەلی بەیاتی، بە دیارونای وت: "عێراق هەوڵدەدات هەموو هەنگاوێکی پێویست بنێت تا بڕیارەکە جێبەجێبکات بە هەماهەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی."
وتی تیمی لێکۆڵینەوە، کە ئێستا پێکهێنراوە، دادوەرانی عێراقی تێدایە، کە کاردەکەن لەگەڵ پسپۆڕانی عێراقی و نێودەوڵەتی تا ئەو ئەندامانەی داعش تاوانبار بکەن کە تێوەگلاون لە تاوانی دژی مرۆڤایەتی.
وتیشی تیمی هاریکاریی هاوبەش "پاڵپشتی یارمەتی پسپۆڕانی عێراقی دەکات لە ئهركهكانی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی تاوانباركردنهكان و گەشەپێدانی پاکێجێکی گونجاوی سزا بۆ ئەو تاوانانە".
هەوڵەکانی پشتگیریکردنی ئاسایشی جیهانی
بەیاتی وتی بهپێی بڕیارەکە دهبێت تیمی لێکۆڵینەوەكه بەتەواوی رێزهوه لە سەروەریی عێراق و قەڵەمڕەوی دەربارەی ئهو تاوانانهی لە خاكی خۆیدا ئهنجامدراون.
تێبینی ئەوەشیکرد كه "داعش تەنیا گروپێکی ناوخۆیی نیە، بەڵکو نێودەوڵەتیە،" بە بوونی ئەندامانی بیانی و تۆڕی نهێنی و سەرچاوەی دارایی دەرەوەی عێراق.
وتی: "وڵاتانی دیکە پێیانوایە کە بەرژەوەندییان لەوەدایە پشتگیریی ئەم هەوڵانە بکەن تا تاوانبارانی ئەم گروپە دڕندەیە بەبێ سزا دهربازنهبن، تا نەتوانن ببنە هەڕەشە بۆ ئاسایشی نیشتیمانی."
وتیشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاگادارە لە مەترسی گەڕانەوەی چەکدارە بیانییەکان بۆ وڵاتانی خۆیان.
ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزاری له ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا حوسامەدین عهبار وتی: "بڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتوەکان مافی عێراق پشتڕاستدەکاتەوە لە بەدواداچوونی ئەو ئەندامانەی داعش کە تێوەگلاون لە تاوانی کۆکوژی و لاقەکردن و چەوساندنەوە."
عهبار بە دیارونای وت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیریی تیمەکە دەکات بە بەخشینی پسپۆڕی و راوێژی یاسایی دەربارەی سزادان و بەدادگاگەیاندنی ئەم كهسانه لەسهر ئازاردانهكانی خەڵکی عێراق.
بەدادگاگەیاندنی ئەندامانی داعش
عهبار وتی: "داوەریی عیراق ئەمڕۆ ئەو ئەندامانەی داعش دەداتەدادگا کە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە گیراون یان خۆیان رادەستکردووە، بە راستگۆیی و شەفافی."
وتیشی: "هەر ئەندامێکی دادگاییکراو سزاکەی وەردەگرێت بۆ ئەو تاوانەی ئەنجامیداوە دوای ئەوەی بەڵگەکان پشتڕاستکرانەوە و تاوانبارکرا." ئاماژەشی کرد بەوەی هیچ لایەنێك مافی ئەوەی نیە دەست لە دەسەڵاتی دادوەری وەربدات.
سەرۆکی رێکخراوی کلتوری یاسایی، تاریق حەرب، وتی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ پاڵپشتی هەوڵەکانی عێراق بۆ سزادانی تیرۆریستان زۆر نایابە.
حەرب بە دیارونای وت رێدەدات بە پێشکەشکردنی پاڵپشتی تهكنیكی و لۆجستی کە زیاتر دادوەری بەهێزدەکات بۆ بەدواداچوونی کەیسەکانی تیرۆریزم.
وتی: "بڕیارەکە رەنگدانەوەی خواستی ئەو وڵاتانەیە کە پاڵپشتی عێراقن و یارمەتی بنەبڕکردنی ستەمی تیرۆریزم دهدهن تا هەڕەشەكه لهناوبهرن."