هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

ئەفغانستان رەخنە لە ئێران دەگرێت له‌سه‌ر راکێشانی منداڵان بۆ شەڕ لە سوریا

نەجیبوڵا

image

دانیشتوانی پارێزگای ئەلبورزی ئێران کۆدەبنەوە بۆ ناشتنی ئەندامێکی لیوای فاتمیون کە لە حەلەبی سوریا کوژرا لە 18ی ئابی 2016. [عارف فەتحیئەکبەری / ئاژانسی هەواڵی میهر]

ئەفغانستان ناڕەزایی دەردەبڕێت بەرامبەر ئێران دوای ئەوەی هەفتەی پێشوو چەند راپۆرتێك دەرکەوتن کە سوپای پاسدارانی ئێران تۆمەتباردەکەن بە ناردنی منداڵانی کۆچبەر و پەنابەری ئەفغانی بۆ شەڕکردن لە سوریا.

رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ 1ی تشرینی یەکەم رایگەیاند لێکۆڵینەوەیەك لە وێنەی گۆڕی گۆڕستانەکانی ئێران کە چەکدارانی سورییان تێدانێژراوە هەشت منداڵی ئەفغانی دەردەخات کە دیارە شەڕیان کردووە و كوژراون.

میدیای ئێرانی هەواڵی لانیکەم شەش منداڵی دیکەی بڵاوکردەوە کە دەوترێت لە شەڕی سوریادا کوژراون لەلیوای فاتمیون، كه‌ گروپێکی بەکرێگیراوی شیعەی ئەفغانین شانبەشانی هێزەکانی حکومەت لە سوریادا شەڕدەکەن.

رێکخراوەکە رایگەیاند "منداڵانی ئەفغانی، ته‌نانه‌ت له‌ تەمەنی 14 ساڵاندا شەڕیانکردووە لە فیرقەی فاتمیون" و ئاماژەیکرد بەوەی "راکێشانی منداڵان لەخوار تەمەنی 15 ساڵانه‌وه‌ بۆ بەشداریکردن لە کردەی دوژمنکاریدا تاوانی جەنگە".

image

دیمەنی گۆڕستانی ئەندامانی لیوای فاتمیون لە پارێزگای ئەلبورز، ئێران، لە وێنەیەکی بێ بەرواردا. [عارف فەتحیئەکبەری / ئاژانسی هەواڵی میهر]

image

پرسەیەك لە تاران گێڕدرا بۆ چەکدارێكی لیوای فاتمیون کە لە سوریا کوژرا، لەم وێنە بێ بەروارەدا. [خاوەندارێتی وێنە: شیار تورکۆ]

ئێران پەنابەران ده‌نێرێته‌ شه‌ڕ

بەگوێرەی شەکیب موستەغنی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان، هەواڵه‌ ناوخۆییه‌كان و سەرچاوە فەرمییه‌كان هەوڵه‌كانی ئێرانیان پشتڕاستکردۆتەوە بۆ راکێشان و ناردنی پەنابەرانی ئەفغانی بۆ شەڕ لە سوریا.

موستەغنی بە سەلام تایمزی وت: "بەداخەوە، پەنابەرانی ئەفغانی لە وڵاتانی خانەخوێ، لەنێویاندا ئێران، بە چەندین رێگە راکێشراون و هاندراون، له‌وانه‌ لەڕێی فشار و هه‌ڵخەڵەتاندنەوە، تا جۆرێك لە چالاکی ئەنجامبدەن کە دژی یاسای نێودەوڵەتییە."

حەبیبوڵا محەمەدی، 28 ساڵ، خه‌ڵكی ئه‌فغانستان، کە ساڵێك لەمەوبەر لە ئێرانەوە گەڕایەوە بۆ ئەفغانستان وتی ئێران ئەفغانیەکان لەڕێی هاندەری پارە و یاساییەوە رادەکێشێت.

دەوترێت سوپای پاسداران نزیکەی 500 دۆلاری مانگانەیان پێدەدات و بەڵگەنامەی نیشتەجێبوونیش دەدات بە ئەندامانی خێزانی چەکدارە کوژراوەکان لە سوریا.

محەمەد بە سەلام تایمزی وت: "سەرەتا بەهۆی جەنگ و نەبوونی ئاسایش و بێکارییەوە [لە ئەفغانستانەوە] رۆیشتم بۆ ئێران، بەڵام نەمویست بچم بۆ شەڕ لە سوریا، بۆیە لە ئێرانەوە گەڕامەوە بۆ وڵاتەکەم."

محەمەد وتی خاوەنکارەکەی لە کۆمپانیایەکی پیشەسازی بە کارمەندانی دامەزراندنی سوپای پاسدارانی ناساندووە تا بتوانێت لە سوریا شەڕبکات. وتی بەوە قایلنەبووە و بە نهێنی گەڕاوەتەوە بۆ ئەفغانستان.

ژمارەیەك هاوڵاتی ئەفغانی کە پێشتر لە ئێران دەژیان هەمان شت پشتڕاستدەکەنەوە.

خوێندکاری دکتۆرا لە زانکۆی قاهیرە، شیار تورکۆ، کە توێژینەوە دەربارەی دارایی پاسداران دەکات وتی: "بەشداریی ئێران لە راکێشانی چەکدارە ئەفغانییەکان گومانی تێدانەماوە چونكە بە وێنە و ڤیدیۆ و سەرچاوەی باوەڕپێکراو سەلمێنراوە."

وتی زۆرینەی ئەو ئەفغانیانەی لە ریزەکانی لیوای فاتمیوندان لە خێڵی هه‌زارەی ئەفغانییەوە هاتوون -- کە ئەندامانی كه‌وتنه‌به‌ر هێرشه‌ تائیفییه‌كانی تالیبان.

وتیشی پاسداران بە هەزاران لەم خێڵەکییانەی پێگەیشتووە و لە کەمپی پەنابەراندا جێیکردووەنتەوە لەسەر سنوری ئێران-ئەفغانستان.

تورکۆ وتی: "ئەمڕۆ ژمارەیان لانیکەم لە دوو ملیۆن پەنابەر زیاترە."

وتیشی رژێمی ئێران دۆخی کارەساتباری خێڵەکە دەقۆزێتەوە بۆ هاندانیان بۆ پەیوەندیکردن بە شەڕی سوریاوە شانبەشانی گروپەکانی سەر بە پاسداران، وتیشی خۆبەخشان بە بەڵێنی کارتی نیشتەجێبوونی ئێرانی راکێشراون.

پێشێلکردنی مافی مرۆڤ

وتەبێژی کۆمسیۆنی سەربەخۆی مافی مرۆڤی ئەفغانی، بیلال سادقی، وتی دامەزراندنی پەنابەری منداڵ بۆ بەشداریکردن لە شەڕدا پێشێلکاریی رێککەوتن و جاڕنامەکانی مافی مرۆڤە.

سادقی بە سەلام تایمزی وت بابەتی مافی ئاوارەکان دەبێت لەلایەن وڵاتانی خانەخوێوە، بەتایبەتی ئێران، رێزلێگیراو بێت و منداڵان نابێت بەکاربهێنرێن لە جەنگ و سیاسەتدا.

وتی حکومەتی ئەفغانی دەبێت "هەموو هاوڵاتیان بپارێزێت، جا منداڵ بن یان پێگەیشتوو، نابێت رێ بە هیچ کەس و حکومەتێك بدات پێشێلکاری مافی هاوڵاتیانی ئەفغانی بکات".

راوێژکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی ئەفغانی، حەفیزوڵا میاخیل، وتی هەر وڵاتێك پەنابەر و منداڵانی ئەفغانی بەکاربهێنێت بۆ ئامانجی سیاسی و ئەمنی ئەوە پێشێلکارییەکی نایاسایی و بێپاساوی مافی پەنابەران دەکات.

میاخیل بە سەلام تایمزی وت: "داوا لە وڵاتانی خانەخوێ دەکەین لە دیدگایەکی مرۆییەوە لە دیاردەی کۆچبەری بکۆڵنەوە و بابەتی کۆچبەران جیابکەنەوە لە هەر بابەتێکی سیاسی و ئەمنی."

خوێندکاری رۆژنامەوانی لە زانکۆیەکی ئەهلی کابوڵ، رەحیموڵا میرزاد، وتی زۆربەی ئەو ئەفغانیانەی کۆچدەکەن لەبەر جەنگ و نەبوونی ئاسایش دەیکەن.

میرزاد بە سەلام تایمزی وت: "بەداخەوە گەنج و هەرزەکارەکانمان کۆچ دەکەن تا داهاتویەکی باشتر بۆ خۆیان بنیاتبنێن." وتیشی ئێران سود لە بێچارەییان دەبینێت. "بەڵام حکومەتەکانی وەك ئێران، سودی خراپ لە کۆچبەران دەبینن و داهاتویان ده‌شێوێنن بە ناردنیان بۆ جەنگ."

داواکارییەکانی کابوڵ

موستەغنی وتی حکومەتی ئەفغانی کێشەی ناردنی هاوڵاتیانی ئەفغانی بۆ شه‌ڕی سوریا له‌لایه‌ن پاسدارانه‌وه‌ باسکردووە، چەندین جار و له‌ ئاستی جیاوازدا، له‌وانه‌ له‌ کۆبوونەوە و گردبوونەوە نێودەوڵەتیەکانیشدا.

لە رابردوودا، وەڵامی ئێران ئەوە بوو کە بابەتەکە فشار و خەڵەتاندن نیە، بەڵکو هاوڵاتیانی ئەفغانی خۆبەخشانە بەشداری لە جەنگدا دەکەن.

وتی: "بەڵام ئێستا کە دەزگا نێودەوڵەتیەکان کێشەکەیان پشتڕاستکردۆتەوە، [حکومەتی ئەفغانی] جارێکی تر نیگەرانی جددی خۆی دەردەبڕێت و داوا لە ئێران دەکات زۆر لە هاوڵاتیانی ئەفغانی نەکات لە رێگەی وەك فشار و خەڵەتاندنه‌وه‌ تا لە سوریا شەڕبکەن."

وتی زیاتر لەوەش، دەبێت هەنگاوبنرێت بۆ رێگرتن لە راکێشانی گەنجان، وتیشی کە دەبێت رێز لە مافی پەنابەر و کۆچبەران بگیرێت.

بەڕێوەبەری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ، سارا لی ویتسۆن، وتی: "دەبێت دەستبەجێ ئێران کۆتایی بە دامەزراندنی منداڵی سەرباز بهێنێت و هەر مناڵێکی ئەفغانی ناردووە بۆ شەڕ لە سوریا، بیگەڕێنێتەوە."

وتی: "لەجیاتی راوکردنی کۆچبەر و پەنابەری منداڵی هەستیار، بەرپرسانی ئێران دەبێت هەموو منداڵان بپارێزن و ئەوانەی منداڵانی ئەفغانییان راکێشاوە بەرپرسیارێتی لە ئەستۆبگرن."

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە بەشداری لەم راپۆرتەدا کردووە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

ئەوەی دەیڵێن راست نیە. ئێمەی شیعە باوەڕێکی راستمان هەیە و باوەڕمان وایە ئەرکی خۆمانە و لە شەریعەتدا هاتووە شەڕی تەکفیریەکان بکەین لە سوریا بن یان عێراق. ئاشتی خودا بۆ ئەو کەسانە بێت کە لەسەر ئەو رێچکەیەن، چونکە لێیانەوە فێربووین خۆمان چاکبکەین و قوربانی بدەین تا ئەو تیرۆریستانە بکوژین کە هیچ پەیوەندییەکیان بە ئایینەوە نیە؛ بەڵکو رەگی لاوازیین لە نەتەوەکەی محەمەددا.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌