https://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/features/2017/09/26/feature-01

×
×
ئاساییش |

داعش خاکی زیاتر لەدەستدەدات لە بەرزاییەکانی حەمرین

خالید تائی

image

سەربازانی عێراق لە بەرزاییەکانی حەمرین جێگیردەبن وەك بەشیك لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بۆ راوەدونانی ئەندامانی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش). [خاوەنی وینە: پەیجی فەیسبوکی فەرماندەیی پۆلیسی دیالە]

ریکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لەمەودوا هیچ حەشارگەیەکی ئارامی لە بەرزاییەکانی حەمرین نیە و راپۆرتەکانیش پشتڕاستیدەکەنەوە كه‌ هەڵمەتی سەربازی چڕوپڕ و ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی گروپەکەیان هێناوه‌ته‌ له‌رزه‌ و هیچ شوێنێکی نەماوە بۆ خۆحەشاردان.

داعش سودی لە سەختیی سنوری ئەو ناوچەیە وەرگرتبوو بۆ بڵاوبوونەوە لەسەرانسەری ناوچەیەکی فراوانی نێوان پارێزگاکانی دیالە و سەڵاحەدین و کەرکوكدا تا خۆی حەشاربدات و لەو حەشارگانەوە هێرشبکاتە سەر ناوچە شارییەکان.

ئەفسەرێكی میدیای پۆلیسی دیالە، عەقید غالیب عەتییە، وتی گروپەکە بۆ ماوەیەکی درێژ هه‌وڵیده‌دات ده‌ستی بگات به‌ بەرزاییەکانی حەمرین کە ئه‌و ناوچه‌یه‌ و باخه‌ زۆره‌كانی وایکردووە ببێتە شوێنێکی باش بۆ شەڕکەران بۆ خۆشاردنەوە و خۆڕێكخستنه‌وه‌.

عەتییە بە دیارونای وت: "لەگەڵ ئەوەشدا ئەمڕۆ ناوچەکە چیتر شوێنێكی ئارام نیە بۆ چەکدارەکان بەتایبەتی بۆ ئەوانەی لە شەڕی رزگاری هەڵدێن."

وتیشی: "هێزەکانی ئێمە بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە و سوپا و شەڕکەرانی نێوخۆیی چەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازییان ئەنجامداوە بۆ پاککردنەوەی ناوچەکە لە تیرۆریستان و تێکشکاندنی حەشارگە و کەمپەکانیان."

هەروەها وتی ئەو ئۆپەراسیۆنانە "سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە."

كێوماڵكردنی ئەمنی لە حەمرین

عەتییە وتی: "دوایین ئۆپەراسیۆنی لەم شێوەیە لە 9 ئەیلول ئەنجامدرا کە توانیمان 14 تیرۆرست بکوژین کە پشتێنی بۆمبڕێژكراویان به‌ستبوو، چوار حەشارگەش ته‌قێنرانه‌وه‌ كه‌ به‌ میوانخانه‌ ناسراون و بۆ خۆئامادەکردنی خۆکوژان بەکاردەهاتن."

وتیشی هێزە ئەمنیەکان ناوچەیەکی فراوانی حەمرینیان پاککردەوە لە ئیمام وەیسەوە بۆ نەفت خانە لە باکوری رۆژهەڵاتی دیالە.

هەروەها وتی چاودێریی ئاسمانیش بووە هۆی دۆزینەوە و تێکشکاندنی چەند پێگەیەکی شاراوە کە لە زەمینەوە دیارنەبوون و رێگەی لە چەکداران گرت بتوانن بە ئازادی بجوڵێنەوە.

وتیشی: "ئەوە مانای ئەوە نیە مەترسیەکە بەتەواوی لەناوبراوە کە هێشتا چەکداران لە ناوچەکەدا هەن کە لێرە و لەوێ خۆیان حەشارداوە هەرچەندە بە ژمارەی بچوك و چەکی سوکیشیان پێیە."

عەتییە وتی بەڵام ئەوانەی ماون "بەتەواوی بێوورە بوون و بەدڵنیاییەوە توانای ئەنجامدانی هێرشی گه‌وره‌یان نیە و لەوانەیە پەنا ببەنە بەر شەڕی پارتیزانی."

وتیشی: "تەنانەت ئەگەر ئەو تاکتیکەش بەکاربێنن کە ساڵانی رابردوو بەکاریان دەهێنا ئێمە ئامادەین وەڵامیان بدەینەوە. تیرۆرستان هیچ بژاردەیەکیان نیە جگە لە خۆبەدەستەوەدان، بەبێ بەرگری، یان کوشتنیان."

چاودێریکردنی جموجۆڵی داعش

راپۆرتە میدیاییەکان ئەوە پیشاندەدەن چەند سەد ئەندامێکی داعش هەن کە خۆیان لە دۆڵ و ناوچە دووردەستەکانی حەمریندا حەشارداوە.

جێگری سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، عەبدولخالق عەزاوی، وتی چەکدارە ماوەکان خۆیان حەشاردەدەن لەشێوەی "گروپی بچوكدا، کە سنوردارە و زیاترنیە لە پێنج بۆ شەش چەکدار لەهەر گروپێكدا."

عەزاوی بە دیارونای وت هەڵمەتی گەڕان و تێکشکاندن ئەندامانی داعشی شەکەتکردووە و گورزی گیانی و مادی لێداون و لاوازی کردوون.

وتیشی شوێن و جموجۆڵیان لە ئاسمانەوە چاودێری دەکرێت و لەسەر زەویش راودەنرێن.

هەروەها وتی لەگەڵ ئەوەشدا گروپەکە "هێشتا هەندێكی ماوە لە بەرزاییەکانی حەمرین، عەزیم، مەنسوریە و ناوچەکانی باکوری میقدادیە و ئەو مانەوەیەش مەترسی دەخاتە سەر دانیشتوان."

'گروپه‌ لاوازه‌كانی شەڕکەران'

شارەزای ستراتیژی، ئەحمەد شەریفی، وتی هێزی داعش لە ناوچەی حەمرین لاوازبووە و ئەندامانی ئێستا "بەزۆری گروپی لاوازن و خۆیانخزاندۆته‌ حەشارگەكانه‌وه‌."

وتیشی: "ئەوان چەك و توانای تەواویان نیە بۆ قایمکردنی شوێنپێیان و شکاندنی هێڵی [بەرگری] یان هێرشکردنە سەر شار و گوندەکان."

شەریفی بە دیارونای وت گروپەکە وەڵامی ئەو دۆڕاندنانه‌ ده‌داته‌وه‌ بە هەراسانکردنی هێزە ئەمنیەکان بە هێرشی لێدان و راکردن.

هەروەها وتی لەگەڵ ئەو هێرشە پچڕپچڕانەش داعش هەوڵیداوە بارودۆخی ئەمنی بشێوێنێ و سود لەکات وەربگرێت پێش دەستپێکردنی هەڵمەتی سەربازی گەورە بۆ ئازادکردنی حەویجە و بەشەکانی رۆژئاوای کەرکوك.

وتیشی ئەوان لەو ناوچانە هەڵدێن بۆ بەرزاییەکانی حه‌مرین و رۆژهەڵاتی پارێزگای سەڵاحەدین.

هەروەها وتی ئەگەر بارودۆخی ناوچه‌كانی بەرزاییەکانی حەمرین چارەسەر نەکرێت چەکدارە ماوەکان دەبنە مەترسییەکی هێشتراوە تەنانەت دوایئەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانیش تەوادەبن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
4
نەخێر
2 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین
Captcha

خوا هەوڵە باشەکان و دەوڵەته‌ ئازاد و دیموکراتیەکەی عێراقمان بپارێزێت!

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌

خوایە گیان سەرکەوتنمان پێببەخشە و ئاشتی ببەخشە بە عێراقی خۆشەویستمان! خوایە گیان سەربازە دلێرەکانمان بپارێزە و هەموو ئەوانەش کە بەرگری لە خاکی نیشتیمانمان دەکەن!

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌