فەرماندەیی پۆلیسی دیالە هەینی (11 کانونی دووەم) رایگهیاند كه ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکانی ئەمدواییانە لە دیالە چەندین حەشارگەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)یان لەناوبردووە لە ناوچە دوورەدەستەکانی پارێزگاکەدا، کە لهوێ بە ژمارەیەکی کەم ماون.
وتەبێژی پۆلیس عەقید غالیب عەتیە بە دیارونای وت چەکدارانی داعش "ئیدی بوونیان لە شارەکانی دیالە نەماوە و ئێستا سەرنجیان لەسەر بەشەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای پارێزگاکەیە".
وتی: "ماون بەڵام بە ژمارەیەکی زۆر کەم، ئەوانەش کە ماون لە ناوچەکانی حەمرینن لەگەڵ ئهو سنووره بیابانییەی دیالە لە پارێزگای سەڵاحەدین جیادەکاتەوە."
وتیشی پاشماوەکانی داعش لە دۆڵە دوورەدەستەکان و لەناو ئەشكەوتەکاندا خۆیان حەشارداوە.
![سەربازانی عێراقی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی ئەنجامدەدەن له 19 تشرینی یەکەم بۆ پاكکردنەوەی گوندەکانی باکوری دیالە لە چەکدارانی داعش. [خاوەنی وێنە: نوسینگهی راگەیاندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە]](/cnmi_di/images/2019/01/11/16194-Diyala-security-operation-600_384.jpg)
سەربازانی عێراقی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی ئەنجامدەدەن له 19 تشرینی یەکەم بۆ پاكکردنەوەی گوندەکانی باکوری دیالە لە چەکدارانی داعش. [خاوەنی وێنە: نوسینگهی راگەیاندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە]
ههروهها وتی: "لەڕێی چاودێریی ئاسمانی و زانیارییە هەواڵگرییەکانەوە ئۆپەراسیۆنی لەناکاو ئەنجامدەدەین بۆ لەناوبردنی ئەو بنکانە و کوشتن و گرتنی تیرۆریستەکانی لەناویاندان."
عەتییە وتی: "لەسەرەتای ئەمساڵەوە چەندین پشکنین و هێرشمان بۆ سەر پاشماوەکانی داعش ئەنجامداوە لە بەرزاییەکانی حەمرین و باشوری بەهراز و بەلەد روز و گوندەکانی دەوروبەری سنوورهكه لهگهڵ سەڵاحەدین."
وتی: "لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانماندا، چوار پەناگەیانمان لەناوبرد، دووانیان لە بەهراز و دووانی دیکەیان لە باکوری پارێزگاکە بوون."
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه هەندێك لەو بنکانە تازه دروستکرابوون و ئەوانی دیکە دروستکردنیان تەواونهبووبوو.
نەهێشتنی توانای داعش بۆ جوڵەکردن
عەتییە وتی هێزی ئاسمانی سوپا نۆ بنکەی داعشی لە دیالە لەناوبردووە لەگەڵ هەشت لۆری و ماتۆڕی چەکدارەکان، کە بۆ گواستنەوە بەکاریاندەهێنان، ئەمە سەرباری لەناوبردنی دوو شوێنی هەڵگرتنی سوتەمەنی و ئهو مۆلیدانهی کارەبایان بۆ گروپەکە دابیندهكرد.
وتی دوو چەکداری داعش لە ئۆپەراسیۆنەکاندا کوژران و یهكێكی تریش دەستگیرکرا كه "مەترسیدار" بوو لە بەلەد روز و دواتر "ددانینا بە تیرۆرکردنی ژمارەیەك له ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان لەکاتی جیاوازدا".
وتیشی: "تیرۆریستەکە زانیاری گرنگی پێداین لەسەر ئەو تۆڕەی بەڕێوەیبردووە و زانیارییەکان ناو و ناسنامە و شوێنەکانی خۆشاردنەوەیانی ئاشکراکرد و ئێمەش لە هەوڵداین دهستگیریان بكهین و گروپەکەیان هەڵوەشێنینەوە."
سەرباری ئەو ئۆپەراسیۆنانە، پۆلیسی دیالە لە چەند رۆژی رابردوودا زنجیرەیەك هەڵمەتی ئەنجامدا لە بەعقوبە و حەبحەب و بەهراز و جەلەولا.
وتی توانیویانە لانیکەم 10 کەس دەستگیربکەن کە بەتۆمەتی جۆراوجۆر داواکرابوون و دووانیان لەسەر تۆمەتی تیرۆریزم داواکرابوون.