خۆکوژێکی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) ئۆتۆمبیلە بۆمبڕێژکراوەکەی لە بازگەیەکی قەرەباڵغ لە باکوری بەغدا تەقاندەوە و 12 هاوڵاتی کوشت، بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی فرانس پرێس.
وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دیالە، عەقید غالیب عەتییە، هەروەها وتەبێژی بەشی تەندروستی پارێزگاکە، فارس عەزاوی، وتیان 37 کەس لەو تەقینەوەیەدا برینداربوون کە دەروازەی شارۆچکەی خالسدا رویدا.
عەتییە وتی بازگەکە ئۆتۆمبیلێکی زۆری لێبوو، ژمارەیەکیان لە تەقینەوەکەدا سوتان.
داعش لە بەیاننامەیەکدا هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت و رایگەیاند کە عێراقیەک ئەنجامی داوە.
ئەم تەقینەوەیە رۆژێك دوای تەقینەوەکەی گەڕەکی کازمیە دێت کە بەرپرسیاریی ئەویش لەلایەن داعشەوە راگەیەندرا و 15 کەسی کوشت.
لەسەرەتای ئەم مانگەشدا داعش تەقینەوەیەکی لە بازاڕێکی قەرەباڵغدا ئەنجامدا لە گەڕەکی کەڕادە لە بەغدا، 292 هاوڵاتی کوشت، کە یەکێک بوو لە خوێناویترینی ئەم جۆرە هێرشانە بۆسەر عێراق.