خەڵکی دێرەزوور یەکشەممە (24 ئەیلول) ئەنجومەنێکی مەدەنییان دامەزراند بۆ بەڕێوەبردنی ناوچە ئازادکراوەکان لەدەست رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).
دوو هاوسەرۆك و جێگرەکانیان و ئەندامانی چەندین لیژنە هەڵبژێردران لەکاتی کۆبوونەوەکەدا و دەستبەجێ دەستدهكهن بە کاركردن.
ئەم لیژنانە هەموو بوارەکانی کارگێڕی دەگرنەوە، لە دۆخی ژیانەوە لە ناوچەکەدا بۆ خزمەتگوزاری تەندروستی، ئابوری، پەروەردە و ئاسایش.
سالم حەمود، خەڵکی دێرەزوور و بەشدارێكی کۆنفرانسەکە، وتی لیژنەی دامەزرێنەری ئەنجومەنی مەدەنی دێرەزوور یەکشەممە کۆبوونەوەیەکی فراوانی رێکخست.
حهمود بە دیارونای وت خەڵك و خێڵەکانی ناوچەکە لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون، لەگەڵ ئەنجومەنە مەدەنیەکانی رەققە و تەبقەو کارگێڕیی مەدەنیی مەنبیج.
هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەنجومەنی سەربازیی دێرەزووریش لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەریان هەبوو.
حەمود وتی بەشداربووان جەختیان كردهوه لە بنهمای بەشداریكردنی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینیەکانیان لە ئیدارەی ناوچەی دێرەزووردا، لەگەڵ ژنان و لاوان و پێویستی به سوودبینین لەو ئەزمونهی ههیه.
وتیشی: "ئەولەویاتەکانی قۆناغی داهاتوویان دانا، کە گرنگیدان بوو بە خەڵکی ئاوارە و هەموو چینەکانی کۆمەڵگا، لە بچوکترین گوندەوە بۆ شاری گەورە، بەبێ ئەوەی هیچ تاکێك پهراوێزبخرێت."
سەرکردایەتی هەڵبژێردرا
کۆبوونەوەکە بناغەی داڕشت بۆ ئەو کارانەی دەبێت لە قۆناغی داهاتوودا بکرێن و دوو هاوسەرۆکی بۆ ئەنجومەنەکە هەڵبژارد کە لەیلا حەسەن و غەسان یوسف بوون.
حەمود وتی زیاب جیلات، ئەحمەد بەتاع، کەمال موسا، شەمسە حسێن و سامر عەبدوڵا وەك جێگری سەرۆك هەڵبژێردران.
ئەنجومەنەکە ئەو لیژنانەشی هەڵبژارد کە دەبێت دەستبەجێ دەستبەکاربن.
چەند لیژنەیەك هەن بۆ پەروەردە، خزمەتگوزاری، شارەوانی و ئاسایشی ناوخۆ، لەگەڵ پاراستن، لاوان و وەرزش، ژنان، شوێنەوار، کلتور، کشتوکاڵ و ماڵداری، ئابوری، خێزانی شەهیدان، دادوەریی کۆمەڵایەتی، دارایی، کاروباری رێکخراوەیی و مرۆیی، رێکخراوەیی ئەنجومەن و خزمەتگوزاریی تەندروستی.
حەمود وتی ئەنجومەنەکە بەشەکانی فراواندەکات، لە قۆناغەی داهاتوودا و لەڕێی کۆبونەوەکانی دواترەوە پلان دادەنێت و کاردەکات.
وتیشی: "ئامانجەکە ئەوەیە ئەم ئەنجومەنە ببێتە ناوەڕۆکی ئەو ئەنجومەنەی کە ئیدارەی دێرەزوور دەکات دوای ئەوەی بەتەواوی لەدەست داعش رزگارکرا، بە بەکارهێنانی تەواوی پسپۆڕیی خەڵکی ناوچەکە."
حەمود وتی ئەنجومەنەکە بنکەی کاتیی داناوە لە شارۆچکەکانی جەزرە تا شاری دێرەزوور رزگاردەکرێت، لەوکاتەشدا دەگوازرێتەوە.