هه‌واڵه‌كانی عێراق

وەزیر: ژمارەی کوژراوانی تەقینەوەکەی بەغدا بەرزبۆوە بۆ 292

بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس رۆژی پێنجشەممە (7 تەمموز) وەزیری تەندروستی وتی ئەو تەقینەوەیەی لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام" (داعش)ەوە بەرپرسیارێتیی لەئەستۆگیرا، 292 کەسی کوشت، بەمەش ژمارەی کوژراوانی بەرزکردەوە، هەرچەندە پێشتریش یەکێك بوو لە کوشندەترین هێرشەکان لە عێراقدا.

بەیانیی یەکشەممە و پێش پشووی جەژنی رەمەزان کە کۆتایی مانگی پیرۆزی رەمەزانە، خۆکوژێك ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراوی تەقاندەوە لە بازاڕێکی قەرەباڵغی گەڕەکی کەڕادەی بەغدا.

لە راگەیەندراوێکدا کە رۆژی پێنجشەممە بڵاوکرایەوە، وەزیری تەندروستی عادیلە حەمود رایگەیاند شوناسی 177 کەسی کوژراو لە تەقینەوەکەدا هێشتا نادیارە، لەکاتێکدا 115 لاشە دراونەتەوە دەست خێزانەکانیان.

وەزیر وتی چاوەڕواندەکرێت پڕۆسەی ناسینەوەی هەموو لاشە نەناسراوەکان 15 بۆ 45 رۆژ بخایەنێت.

حەمود وتی هێرشەکە 200 کەسیشی بریندارکردووە.

هێرشەکە توڕەییەکی زۆری لەنێو عێراقییەکاندا دروستکرد و ئەو پشووی جەژنەی کە بەشێوەیەکی ئاسایی بۆنەیەکی شادە گۆڕی بۆ تازێباری و خەمباری.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500