چالاکوانێکی سوری بە دیارونای وت ژمارەیەك لایەنی سەربازی کە لەژێر ئاڵای تەحریر شامدا لە باکوری سوریا کاریاندەکرد، جیابوونەوەی خۆیان لە هاوپەیمانێتیەکە راگەیاندووە، لەگەڵ چەندین پیاوی ئایینی بەناوبانگ.
چالاکوانی بواری میدیا، ئیدلیب موسعەب عەساف، بە دیارونای وت سێشەممە (12 ئەیلول) ژمارەیەك پیاوی ئایینی و لایەنی چەکدار جیابوونەوەی خۆیان لەو هاوپەیمانێتیە توندڕەوە راگەیاند، کە لەلایەن بەرەی نوسرەی پێشووەوە کۆنترۆڵکراوە.
هۆکاری راگەیەنراو بۆ جیابوونەوەکە ئەوەیە ژمارەیەك تۆماری دەنگی کە لەسەر ئینتەرنێت بڵاوبوونەتهوە دەریانخستووه ئەمیرەکانی گروپەکە رقیان لە پیاوانی ئایینیە و پەراوێزیان خستوون.
عەساف وتی: "بەڵام هۆکاری راستەقینە ئەو ترسەیه كه لەنێو سەرکردە و ریزەکانی ئەو لایەنانەدا بڵاوبووهتهوه کە هاوپەیمانێتیەتەکە جێدەهێڵن، لهوهی که بەرەی نوسرە دەکرێت ببێتە ئامانجی هێرشی سەربازی بۆ بنەبڕکردنی بوونی لە باکوری سوریا."
وتی ئەو لایەنانەی کە دەیانەوێت جێیبهێڵن نایانەوێت بەرگریی لێبکەن، بەتایبەتی لەبەر ئەویە هۆکاری سەرەکی بۆ دامەزراندنی هاوپەیمانێتیەکە دەرکەوتووە: تا وابکات بەرەی نوسرە خۆی لەنێو لایەنەکانی دیکەدا بشارێتەوە و خۆی لە هێرشی چاوەڕوانکراو بپارێزێت.
عەساف وتی دەستلەکارکێشانەوەی زانایان، پیاوی ئایینی توندڕەوی سعودی عەبدوڵا موحەیسینی کە ئەندامی دامەزرێنەری هاوپەیمانێتیەکە بوو، لەگەڵ موسلیح عەلیانی، لە هاوپەیمانێتیەکە پشتڕاستکراوەتەوە.
وتیشی دەستلەکارکێشانەوەکان کاریگەرییەکی بەرچاویان دەبێت لەسەر ئەو گروپانەی کە هاوپەیمانێتیان لەگەڵ تەحریر شام هەیە و ههروهها لهسهر ئەمیر و ئەندامانیشیان، بەهۆی کاریگەریی ئەم زانایانهوه.
لایەنە ناوخۆییهكان دەڕۆن
یهكێك له دیارترینی ئەو گروپانهی هاوپەیمانێتیەکە جێدەهێڵن کەتائیب ئەبو رەبیعه، کە یەکگرتنی لەگەڵ ئەحرار شامی رکابەر راگەیاند، ههروهها کەتائیب فادی حەسیان، کە پێگەكهی لە چیای شەحەشبووە لە دەوروبەری پارێزگای ئیدلیب.
گروپەکانی دیکە بریتین له فەوجی ئەوەل، كه پێگەی لە دەوروبەری ئیدلیب و دەوروبەری حەلەبە، کەتائیب ئەحفاد عومەر، كه پێگەكهی لە دەوروبەری ئیدلیبە، کەتائیب ئەنسار وەلموهاجیرین، كه پێگەی لە سەرمەدایە لە دەوروبەری ئیدلیب، کەتائیب سویوف ئیسلام، کە لە خۆرئاوای ناوچه گوندنشینیهكانی حەلەبە.
عەساف وتی: "هەرچەندە ئەم گروپانە کەمتر تفاقیان پێیە و ژمارەیان کەمە، لە چەکدارانی ئەو ناوچانە پێکهاتوون کە تیایدان."
وتی: "بە پەیوەندیکردن بە تەحریر شامەوە، هاوپەیمانێتیەکەیان پاراست لە پەیوەندییهكی دوژمنکارانە لەگەڵ خەڵکی ئەو ناوچانە."
وتیشی ئێستا كه لێی جیابوونەتەوە، ئەو ناوچانە بەتەواوی دهكهونه دەرەوەی کۆنترۆڵی هاوپەیمانێتیەکە و بهوشێوهیهش بەرەی نوسرە.