https://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/features/2017/08/30/feature-02

×
×
ئاساییش |

سوپای عێراق راهێنانی ئۆپەراسیۆنی دەروونیی پێدەکرێت

خالید تائی

image

ئەندامێکی فیرقەی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرای سه‌ربه‌ هێزەکانی عێراق رادیۆیەکی وایەرلێس بەکاردەهێنێت لە دەرەوەی زرێپۆشەکەی لەکاتی پێشڕەویدا دژی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش) لە خۆرئاوای موسڵ لە 6 ئایاردا. [فازل سینا / ئاژانسی فرانس پرێس]

ماوەیەکە وەزارەتی بەرگریی عێراق راهێنانی سەربازیی دەروونی پێشکەش بە کادرەکانی دەکات بۆ یارمەتیدانیان بۆ سەرکەوتن لە شەڕیاندا دژی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).

بەڕێوەبەری رۆژنامەنووسیی وەزارەت عەمید تەحسین خەفاجی وتی وانەکان لەلایەن وانەبێژی عێراقی و پسپۆڕ و راوێژکاری بیانییەوە دەوترێنەوە، کە لە بوارەکانی میدیا و پروپاگەندە و شەڕی دەروونیدا وانەدەڵێنەوە.

خه‌فاجی بە دیارونای وت وابڕیاره‌ تا کۆتایی ئەمساڵ بەردەوامبن.

وتی: "هێزەکانی هاوپەیمانان کادرێکی تایبەتی راهێنان و ئامێری تەکنەلۆژییان پێداین، لەگەڵ توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی پێشکەوتوو لە بواری زانستی دەروونناسیدا."

وتیشی: "بەرنامەی راهێنانه‌كان پەیوەندیدارە بە چۆنێتی روبەڕوبوونەوەی پروپاگەندە و زانیاری ساختە کە لەلایەن داعشەوە دەکرێت و روبەڕوبوونەوەی دەنگۆكانیش."

خەفاجی وتی هەروەها پەیوەستیشە بە "ئاراستەکردنی راهێنراوان و بەهێزکردنی لێهاتوویی و تواناکانیان بۆ سەرکەوتوانە بەڕێوەبردنی کاریگەریی دەروونیی [شه‌ڕ] و هەڵبژاردنی ئامرازی کاریگەر بۆ لاوازکردنی ورەی دوژمن."

وتیشی: "بەهیواین بەهۆی ئەم پرۆگرامەوە زیاد لە 300 کەس دەربچن لەنێو ئەو کادرانەی تایبەتن بە شەڕی دەروونی و سوود لە ئەزمونیان ببینین لە ئامادەکاری و راهێنانی ئەندامی زیاتردا."

هه‌روه‌ها وتی ئەم جۆرە لە راهێنان شتێکی باوە و بەردەوامیش دەبێت، "بەتایبەتی كه‌ حکومەت ئارەزووی ئەم جۆرە لە راهێنان دەکات لەبەر رۆڵە کاریگەرەکەی لە بەدیهێنانی سەرکەوتن بەسەر باندە تیرۆریستیەکاندا".

تەکتیکی نوێ بۆ بەرەكانی شەڕ

خەفاجی وتی لەکاتی شەڕی موسڵدا وەزارەت "پێڕەوی شێوازێکی نوێی کرد كه‌ تەرکیزی ده‌خستەسەر ئاوێتەیەك لە شەڕ و ئۆپەراسیۆنی دەروونی".

وتی ئەمە سەرکەوتوو بوو.

پسپۆڕی ئەمنی، سەعید جەیاشی، بە دیارونای وت تەکتیکە دەروونیەکان بەشێکی گرنگ بوون لە شەڕی دژی داعش.

روونیکردەوە: "ئەم رۆڵە دوو رەهەندی هەیە، یەکەمیان ئاراستەی دوژمن دەکرێت بۆ بێهێزکردنی ورەی ئەندامانی و چاندنی ترس و نیگەرانی لەنێویاندا بۆ لێكهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌یان لەناوەوەڕا."

دووه‌میان "رەهەندێکی ئەرێنی" هه‌یە كه‌ ئامانجی "بەهێزکردنی مێشکی چەکدارەکانمانە، روونکردنەوەی ئامانج و ئەرکەکانیان و بەرگرتنە بەوەی لەڕووی دەروونیەوە کاریگەریی پروپاگەندەی دوژمنیان لەسەربێت".

جەیاشی وتی حکومەت گرنگی زۆر دەداته‌ پێویستی به‌ پێشکەشکردنی پاڵپشتی دەروونی و راهێنانی ئۆپەراسیۆنی دەروونی بۆ هێزەکانی.

بەرنامە سەربازییە نوێکە "یەکەمین کۆڵەکەیە بۆ دروستکردنی شێوازێکی دەروونی بەرنامە بۆ داڕێژراو لە چوارچێوەی پلانێکی چڕوپڕدا".

وتیشی: "ئێمە هێشتا لە قۆناغی دامەزراندنی ئەم هەوڵە تایبەتەداین، کە هەوڵدەدەین بیکەین بە هەوڵێکی دەزگایی لەنێو سیستمی سوپادا."

'ده‌ره‌نجامه‌ جۆرییه‌كان'

جەیاشی ئاماژەی دا بە ئەنجامی جۆریی ئەو ئۆپەراسیۆنە دەروونیانە کە هاوشانی شەڕی موسڵ بوون.

روونیشیکردەوە: "بۆ یەکەمجار، توانیمان ئەم ئۆپەراسیۆنانە لە شەڕدا پیاده‌بكه‌ین و ده‌رەنجامی باشمان دەستکەوت."

وتی "توانیمان ورەی دوژمن داببەزێنین بەهۆی پەیامی راستەوخۆوە کە وایکرد زۆر ئەندام چەك دابنێن و خۆیان رادەستبکەن و سەریکێشا بۆ ئەوەی ئەوانیدیکە حەشارگەکانیان ئاشکرا بکەن" لەگەڵ ئەو بنکانەی لەژێردەستیاندا مابوون.

وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، عەمید فیراس بەشار سەبری، وتی فه‌رمانده‌ییه‌كه‌ سوورە لەسەر "پشتبەستن بە ئامرازەکانی فشاری دەروونی لە شەڕی دژی ئەندامانی داعشدا، بەهۆی کاریگەریی گەورەیانەوە لە شەڕی موسڵدا".

وتیشی: "لەو شەڕەدا چەندین ئامرازی فشارمان بەکارهێنا، بەرچاوترینیان بەگەڕخستنی وێستگەیەکی رادیۆیی بوو کە شەپۆلی بڵاوکردنەوەی دەگەیشتە موسڵ و دەوروبەری."

هه‌روه‌ها وتی هێزەکانی عێراق دواتر لە خەڵکی موسڵەوە زانییان کە وێستگەکە ئەندامانی داعشی توڕەکردووه‌ و "ویستویانە شوێنەکەی بزانن و بەئامانجی بگرن".

وتیشی: "لە بەرەی شەڕدا، لەڕێی بڵندگۆوە پەیوەندیمان دەکرد و پەیاممان دەنارد بە دووریی شەش کیلۆمەتر،" کە بووە هۆی لەرزاندنی ورەی ئەندامانی داعش و وایکرد هەندێکیان ریزەکانیان جێبهێڵن و خۆیان بدەن بەدەستەوە یان هەوڵبدەن هەڵبێن.

سەبری وتی ئەو نامیلکانەی لەڕێی فڕۆکەوە بەردەدرانەوە رۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە دڵنیاکردنەوەی دانێشتوان و ئاراستەکردنیاندا بەرەو رێچکە و شوێنی سەلامەت.

وتیشی: "ئەم سەرکەوتنە لە دانانی کاریگەریدا هاندەرمان دەبێت تا سەرنجی زیاتر بدەینە لایەنی دەروونیی شەڕەکە." ئاماژەشی دا بە رۆڵی گرنگی راهێنان لەم پرۆسەیەدا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
3
نەخێر
0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین
Captcha