https://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/features/2017/03/10/feature-02

×
×
میدیا |

هێرشە ئاسمانییەکانی عێراق رادیۆیەکی داعش لە موسڵ بێدەنگ دەکەن

خالید تائی

image

وێستگەی رادیۆی بەیان لە خۆرئاوای موسڵ، کە 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام' پروپاگەندەی خۆی تێیدا پەخشدەکرد، بەهۆی هێرشێکی ئاسمانیی عێراقەوە لەکارخرا لە 25 شوباتدا. [فایل]

رادیۆی بەیان، كه‌ دەزگایەکی میدیایی سەرەکیی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) ه‌ لە خۆرئاوای موسڵ، مانگی پێشوو بەهۆی هێرشێکی ئاسمانیی عێراقەوە لەکارخرا.

ئەو وێستگە رادیۆییە، کە به‌ درێژایی رۆژ و شه‌و بەرنامەی پێشکەشدەکرد لە كۆنه‌ بینایەکی حکومییه‌وه‌ لە گەڕەکی رافیدەینی موسڵ، لە 25 شوباتدا لەکارخرا.

وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا عەمید فیراس بەشار سەبری بە دیارونای وت هێزی ئاسمانیی عێراق ئەو وێستگەیەی کردە ئامانج بۆ "بێدەنگکردنی گەورەترین دەزگای میدیایی داعش کە درۆکانی خۆی تێدا بڵاودەکردەوە".

وتی هێرشی سەر وێستگە رادیۆییەکە بەشێك بوو لە ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی سەربازیی کە لە 19ی شوباتدا ده‌ستیپێكرد بۆ گرتنەوەی خۆرئاوای موسڵ.

image

هێزەکانی عێراق پاسەوانیی ئەو ناوچانە دەکەن کە لە خۆرئاوای موسڵ گرتیانەوە لەدەستی 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام' لەکاتی پێشڕەوییاندا لە شارەکە لە 9 ئازاردا. [ئاریس مێسینیس / ئاژانسی فرانس پرێس]

سەبری وتی داعش لە سەرەتای 2015وە دەستیکرد بە پەخش لەڕێی شەپۆلی ئێف ئێمەوە دوای ئەوەی دەستیگرت بەسەر ئامێری گواستنەوەی شەپۆل و پەخشدا.

وێستگەکە پەخشی بۆ هەموو خەڵکی موسڵ دەکرد و یەکێك بوو لە دەزگا سەرەکییە میدیاییەکانی گروپەکە، کە سەرکردایەتیه‌كه‌ی بەکاریاندەهێنا بۆ بڵاوکردنەوەی گوتار، لێدوان و بڕیار بۆ خەڵکی ناوچەکە.

"پەیامە رادیۆییەکانی داعش هەمووی هەڵبەستراو و درۆ بوون." سەبری وتی: "ئەوان راهاتبوون کە سەرکەوتنی ساختە رابگەیەنن و بەشێوەیەکی هەڵە رایبگەیەنن کە چەند ناوچەیەکیان لە موسڵ گرتۆتەوە دوای ئەوەی لێی دەرکران، لە هەوڵێکدا بۆ بەرزکردنەوەی ورەی چەکدارەکانیان و فریودانی خەڵکی ناوچەکە."

وتی هێزەکانی عێراق "وێستگەکەیان بۆ هەتاهەتایە بێدەنگکرد"، وتیشی کە ئەوان "پێشڕەویی باش دەکەن" لە ئۆپەراسیۆنه‌ سەربازییه‌كاندا بۆ ئازادکردنی تەواوی موسڵ.

پەیامی سه‌رلێتێكده‌ر

رۆژنامەنووس و جێگری سەرۆکی پەیمانی میدیایی نەینەوا سوفیان مەشهەدانی وتی دوای ئەوەی داعش موسڵی گرت، گروپەکە دەستیانگرت بەسەر وێستگەکانی رادیۆ و تەلەفزیۆندا لە شارەکەدا.

بە دیارونای وت: "توانییان وێستگەكه‌ی خۆیان، بەیان، بەگەڕبخەن بە بەکارهێنانی گوێزەرەوەی شەپۆلی دزراو لەم وێستگانە."

مەشهەدانی وتی وێستگەکە تاکە دەزگای میدیایی گروپەکە بوو.

وتی، "وێستگەکە تەرکیزیده‌كرده‌سەر بڵاوکردەوەی نەشید (سروودی ئاینیی) و تۆماری دەنگیی و گوتاری سەرکردەکانی داعش،" لەگەڵ راپۆرتی رۆژانەی زیادەپێوەنراو دەربارەی پێشڕەوییه‌كانی شەڕه‌كان و ئۆپەراسیۆنەکان.

وتی: "هەموو بەرنامەکانی تەرکیزیان لەسەر پروپاگەندەی ئایدۆلۆژیی بوو بۆ گروپەکە و ئایدۆلۆژیا توندڕەوەکەی، لەگەڵ جوانکردنی وێنەی و وێناکردنی ساختەی کە پێچەوانەبوو لەگەڵ ئەوەی لە بەرەی شەڕدا روویدەدا."

لەکاتی هێرشی شکستخواردووی داعشدا بۆ سەر کەرکوك لە 21ی تشرینی یەکەمیدا رابردوودا، وێستگە رادیۆییەکە نەشیدی پەخشکرد لەگەڵ لێدوان لەلایەن سەرکردایەتی گروپەکەوە کە تیایدا بانگەشەی ئەوەیاندەکرد کە شارەکە لەژێردەستیاندایە.

مەشهەدانی وتی دانیشتوانی موسڵ هەرزوو زانیان کە درۆیە و گروپەکە زیانی گەورەی بەرکەوتووە و هێرشەکە هیچ نەبووە جگە لە هەوڵێکی ناکام بۆ شاردنه‌وه‌ی ئەو سەرکەوتنانەی هێزەکانی عێراق بەدەستیان هێنابوو.

پووكانه‌وه‌ی کاریگەریی

چالاکوان و پەیامنێر لە موسڵ ماهیر عوبێدی کە بەڕێوەبەری تۆڕی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییە لە نەینەوا وتی داعش دەزگا رادیۆییەکەی بەکاردەهێنا بۆ پەخشکردنی پروپاگەندە و چاندنی ترس لە دڵی خەڵکییدا.

بە دیارونای وت: "تیرۆریستەکان هەڕەشەی نابەجێیان پەخشدەکرد بۆ خەڵکەکە کە دڕندانە دەیانکوژن گەر دژی گروپەکە بن یان هەوڵبدەن لە شارەکە هەڵبێن یان بۆ نمونە تەنانەت گەر ریسیڤه‌ری سەتەلایتی خۆیان هەبێت."

وتی وەك بەشێك لە شەڕی دەروونی گروپەکە، وێستگەکە راستیەکانی دەشێواند، خەڵکی دەتۆقاند و هەوڵیدەدا لە بایەخی سوپای عێراق کەمبکاتەوە.

"پروپاگەندەی سه‌رلێتێكده‌ری گروپەکە هه‌ره‌سی هێنا دوای ئەوەی سوپای رزگارکەر بەشێوەیەکی مرۆییانە مامەڵەی لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە کرد،" عوبێدی وتی.

"لەئێستادا داعش یەکێك لە کاریگەرتریین ئامرازەکانی بۆ کاریگەریی دەروونی و میدیایی لەدەستداوە،" وتیشی: "گروپەکە چیتر ناتوانێت خەڵك فریوبدات و کاریگەرییشی لە خۆرئاوای موسڵ له‌پوكانه‌وه‌دایه‌."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
1
نەخێر
0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین
Captcha