هێزە عێراقیەکان هەینی (18 ئاب) رێکارە ئەمنیەکانیان زیادترکرد لەو ناوچانەی کاکەییەکان تیایدا نیشتەجێن دوای ئەوەی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) هەڕەشەی لێکردن.
"دادگای شەریعە" ی داعش لە شاری حەویجە لە رۆژئاوای کەرکوك "فەتوا"یەکی دەرکرد بۆ کوشتنی کاکەییەکان، کە کەمینەیەکی ئایینیی کوردن و ئەندامەکانی زۆتر لە باشوری کەرکوك و دەشتەکانی نەینەوان، بە وتەی سەرچاوە ناوخۆییهكان.
سەعدی کاکەیی، سەرۆکی گوندی زەنکەل لە دەشتی نەینەوا، وتی ئهو فەرمانە "شتێکی نائاسایی نییە بۆ گروپێکی تیرۆریستی کە خاوهنی ئایدۆلۆژیای کوشتن و خاپورکردنه و جودایی و ترس بڵاودەکاتەوە."
ناوبراو بە دیارونای وت هەزاران کاکەیی ئاوارە بوون لە گوندەکانیان دوای ئەوەی داعش گوندەکانی داگیرکردن کۆتایی 2014.
وتی هێزە ئەمنییەکانی عێراق گوندەکانیان گرتەوە کۆتایی ساڵی رابردوو. وتیشی هەمووی خاپورکرابوون و دانیشتوانەکەش ئاوارە بوون "جگە لەم گوندەی ئێمە زەنکەل چونکە تیرۆریستەکان پێی نەگەیشتن."
پێشێلکارییەکان بەردەوامن
کاکەیی وتی تەنانەت دوای ئەوەی داعش لە ناوچەکە دەرکرا، کاکەییەکان بەردەوام دەناڵێنن بەدەست پاشماوەی داعشەوە.
وتی 14 مەدەنی کوژراون بەهۆی بۆمبی دەستکردەوە کە لەلایەن داعشەوە چێندرابوون لە ناوچەکە ئەمەش لەکاتێکدا بووە بەرەو گوندەکانیان گەڕاونەتەوە بۆ ئەوەی رەوشی ماڵەکانیان بزانن.
وتی 26 تەمموز داعش هێرشی کردەسەر خێزانێکی کاکەیی لە داقوق لە باشوری کەرکوك و 3 ئەندامی خێزانەکەی کوشت و 2 لەوانیشی بە دەستبەسەرکراوی رفاند، کە تاکو ئێستا قەدەریان دیارنییە.
هەفتەی رابردوو هەمان ناوچە هێرشێکی توندوتیژی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە بەخۆوە بینی بۆسەر بارەگا سەربازییەکان کە چەکداری ناوخۆیی فەوجی کاکەییەکانی تیادا جێگیركراون.
كاكهیی وتی هێرشەکە بەرپەرچدرایەوە، بەڵام 3 چەکداری کاکەیی کوژران و 7 برینداربوون.
هێزەکانی عێراق رێکارە ئەمنیەکانیان لە گوندەکانی کاکەییەکان زیاترکردووە بە ناردنی هێزی زۆر و سوڕانهوهی هێزە ئەمنیەکان و دانانی بازگە، بەتایبەتی لەو گوندانەی نزیکن لە ناوچەکانی ژێردەستی داعشەوە.
کاکەیی وتی ئەو هەوڵانە بۆ پاراستن زۆر پێویستن بۆ ئەوەی بەربگرن لە ئەگەری هێرشی تیرۆریستی و داوای لە هێزەکانی عێراق کرد هەڵبکوتنەسەر شانە نوستوەکانی داعش کە بوونەتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئارامی و ئاسایش.