ئەندامانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بە ئاشکرا باج دەسەپێنن بەسەر بازرگانان و جوتیاراندا لە ناوچە دوورەدەستەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەلاحەدین و کەرکوك، سەرکردە خێڵەکی و سیاسییەکانی عێراق بە دیارونایان وت.
هەرچەندە ئاستەکەی سنووردارە، ئەمە دووبارە ترسی خستۆتەوە نێو دانیشتوانی ئەم ناوچانە کە گروپەکە هەوڵی سەپاندنەوەی بوونی خۆی دەدات لەڕێگەی پارە کێشانەوە و هێرش و رفاندنهوه و لەڕێی سوتاندنی چەند کێڵگەیەکی کشتوکاڵییەوە.
لە راپۆرتێکی ئەمدواییانەدا، دانیشتوانی پارێزگای کەرکوك بە عەرەبیەیان وت ترسیان هەیە لە گەڕانەوە بۆ ناوچەکانیان لە قەزای حەویجە و مەخمور و هەندێك گوندی دوورەدەست لەسەر سنووری سوریا.
بهگوێرهی ئەو بڵاوکراوە هەواڵییە، دانیشتوانهكه وتیان ئەمە بەهۆی ئەوەوهیه كه داعش باج دەسەپێنێت بەسەر دانیشتوانی ئەو ناوچانەدا، بەناوی زەکاتەوە لە جوتیارانی کۆدەکاتەوە دوای وەرزی دروێنە و فرۆشتنی دانەوێڵەکانیان.
لە پارێزگای سەلاحەدینی دراوسێش، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی ئەنجومەنی پارێزگا، خەزعەل حەمماد بە دیارونای وت ئەندامانی داعش بوونیان هەیە لە پارێزگاکە و دەزانرێت کە خەڵکیان بێزارکردووە.
حەمماد ئەندامانی داعشی تۆمەتبارکرد بەوەی دەغڵودانی جوتیارانیان سوتاندووە لە گوندەکانی سەلاحەدین و داوای لە هێزەکانی عێراق کرد بۆ "چڕکردنەوەی هەوڵە هەواڵگری و ئەمنیەکانیان و شوێنکەوتنی شانە نوستووەکانی ئەو گروپە تیرۆریستیە لە هەر کوێیەك بن".
هێزە هاوبەشەکانی عێراق لە 7 تەمموز دەستیانکرد بە هەڵمەتێکی سەربازیی بەرفراوان، بەناوی "ویستی سەرکەوتن"، بۆ دەرکردنی پاشماوەکانی داعش لە بیابانەکە کە بەنێو پارێزگاکانی ئەنبار و سەلاحەدین و نەینەوادا درێژدەبێتەوە تا سەر سنووری عێراق-سوریا.
بێزارکردنی جوتیاران
وتەبێژی خێڵەکیی پارێزگاکە، شێخ موزاحیم حوهیت بە دیارونای وت داعش "دووبارە باج دەسەپێنێت و بە ئاشکراش ئەوە دەکات بەرامبەر جوتیاران و بازرگانان لە ناوچەکانی خۆرئاوای نەینەوا".
وتی پێشتر گروپەکە باجی سەپاندبوو بەسەر جوتیارانی گەنمدا لە گوندەکانی نزیك بە شارەکانی تەلەعفەر، شەنگال، بەعاج، بادوش، حەزەر، رەبیعە، زوممار لەگەڵ ناوچەی جەزیرە.
لەگهڵ باسکردنی شێوازی کاری گروپەکە، وتی ئەندامانی داعش "چاودێریی جوتیاران دەکەن لەکاتی فرۆشتنی گەنمەکەیاندا و دواتر ناویان و ئەو بڕەی دەفرۆشرن تۆماردەکەن".
وتی پاشان تەلەفۆنێك بۆ جوتیارەکە دەکەن تا ئامادەبێت و داوای پشکێکی لە داهاتەکە لێبکەن، هەڕەشەی مەرگ لە جوتیارەکان دەکەن یاخود رفاندن گەر پارەکە نەدەن.
حوهیت وتی داعش چیتر ئەم چالاکیانە بە نهێنی یاخود لەڕێی میانگیرەوە ئهنجامنادات، "بەڵکو کەس ناوێرێت هەواڵیان لێ بدات لەم ناوچانە" لەترسی تۆڵەکردنەوە.
لەئێستادا گروپەکە تەنانەت دەستیکردووە بە سەپاندنی باج بەسەر بازرگان و دوکاندارەکانیشدا، كه هەندێکیان دەڵێن هەڕەشەی مەرگیان لە چەکدارانی داعشەوە پێگەیشتووە.
بانگهواز بۆ ههنگاوی یەکلاییکەرەوە
حوهیت وتی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، بەپێشڕەویی لیوا نومان زوبەیعی "بەووریاییەوە کاردەکات بۆ کۆتاییهێنان بەمە"، هەرچەندە ئەم هەوڵانە تائێستا بەتەواوی سەرکەوتوو نەبوون لە بنەبڕکردنی هەڕەشەکانی داعش.
هۆشداریی دا لەوەی سەپاندنی باج مانای "گەڕانەوەی سەرچاوەی دارایی بۆ گروپە تیرۆریستیەکە، کە لە بەرامبەردا وادەکات بتوانێت چەکداری زیاتر رابکێشێت و هێرشی تیرۆریستیی نوێ ئەنجامبدات".
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، زەحوی شەممەری بە دیارونای وت ئەندامانی داعش خەڵك دەڕفێنن و دەکوژن، دەغڵودان دەسوتێنن و هەڕەشە لە جوتیاران دەکەن تا ناچاریان بکەن باج بدەن.
داوای لە دەزگاکانی حکومەت کرد ههنگاوی یەکلاییکەرەوە بنێن بۆ بەرگرتن بەم هەڕەشە و هێرش و کردە تاوانکارییانە.