خێڵەکانی عێراق لە پارێزگای نەینەوا دووشەممە (31 تەمموز) رایانگەیاند بەشداریدەکەن لە شەڕی داهاتوی گرتنەوەی تەلەعفەردا لە پارێزگای نەینەوا لەدەستی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).
وتەبێژی خێڵەکانی نەینەوا، موزاحم حوهیت وتی نزیکەی "حەوت هەزار خێڵەکی" لە نەینەوا خۆبەخشانه بەشدارییانکردووه لە شەڕی داعش لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا.
حوهیت بە دیارونای وت: "خۆبەخشان مەشقی جەستەیی و سەربازییان پێکراوە و چەکیان بەپێی پێویست پێیە."
وتی خێڵەکان کاریش دەکەن لەسەر پاراستنی ئاسایش لە تەلەعفەر لەدوای ئازادکردنی.
حوهیت وتی: "هێزە خێڵەکییەکان رۆڵیان هەبوو لە رزگارکردنی زۆر ناوچە لە نەینەوا وەك زومار، رەبیعە و دەشتی نەینەوا." وتیشی ئێستا هاوکاریی هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچانە.
ههروهها وتی: "تەلەعفەر دوایین ناوچەی کۆنترۆڵكراوە لەلایەن داعشەوە لە نەینەوا و بە گەڕاندنەوەی، جاڕی ئازادیی هەموو شار و شارۆچكهكانی پارێزگاکەمان دەدەین."
وتی ژمارەی چەکدارانی داعش لە تەلەعفەر کەمە، چونکە گروپەکە چەکدارە گرنگەکانی لە شەڕەکانی موسڵ و هێرشە ئاسمانییەکاندا لەدەستدا.
وتیشی: "پێشبینی هیچ ئاڵۆزییەك ناکەین لە شەڕەکەدا. تیرۆیرستان دەوریان گیراوە و لاوازن، ورەیان روخاوە و ناتوانن لە بەرامبەر هێزە رزگارکەرەکانماندا خۆیان بگرن."
ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی تەلەعفەر زوو دەستپێدەکات، دوای ئەوەی ئامادەکاریی سەربازی و لۆجستی تەواوکرا.
لە وتارێکدا لە سێیەمین خولی پەرلەمانی لاوانی عێراقدا لە 29 تەمموز، سەرهكوەزیران حەیدەر عەبادی وتی پلانی ئازادکردن تەواوکراوە.
رۆژێك پێشتر، وەزارەتی بەرگری رایگەیاند کە هێزە عێراقییەکان ناوچەکەیان گەمارۆداوە وەك ئامادەکارییەك بۆ ئۆپەراسیۆنی ئازادکردن.
تەلەعفەر، کە لە هاوینی 2014وە داعش دهستی بهسهردا گرتووه، کەوتۆتە 65 کیلۆمەتر خۆرئاوای موسڵ.