هێزەکانی پاسەوانانی سنوری عێراق ناوچەیەکی سەرسنوریان لەدەست رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) سهندهوه لەنێوان عێراق و ئەردەن و سوریادا لە روتبەی رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار، بەرپرسێکی ناوخۆ بە دیارونای وت.
قایمقامی روتبە، عیماد مەشعەل دولەیمی، سێشەممە (20 حوزەیران) بە دیارونای وت هیزەکانی عێراق سەرەتای ئەم هەفتەیە دەستیانکرد بە هەڵمەتێکی سەربازی بۆ گرتنی ناوچە سنوریەکە کە لە دەروازەی وەلیدەوە درێژدەبێتەوە لەسەر سنوری سوریا بۆ دەروازەی ترێبیڵ لەسەر سنوری ئەردەن.
وتیشی: "هیزەکانمان بەتەواوی ناوچە سنوریە 80 کیلۆمەترییەکەیان گرتۆتەوە."
هەروەها وتی: "لە کاتژمێرەكانی سهرهتای ئۆپەراسیۆنەکەدا، هێزەکانی عێراق گرتنەوەی 70 کیلۆمەتری رێگای سەرەکی نێودەوڵەتییان تەواوکرد کە دەچێتەوه خاڵی سنوریی وەلید."
وتیشی: "پێشڕهوییهكه زۆر خێرا بوو و هێزەکانمان روبەڕووی هیچ بەرگرییەك نەبوونەوە لەلایەن ئەندامانی داعشەوە کە خۆیان لە روبەڕوبوونەوە بەدووردەگرن لە ناوچە بیابانیە کراوەکاندا."
دولەیمی وتی پاسەوانانی سنور دەستیانکرد بە لێدانی خەندەق و دروستکردنی بەربەست و قەڵا و رەبیە لەسەرانسەری ناوچەکەدا وەك گرتنهبهری رێوشوێنی پێشوەخت دژی هەرهێرشێکی داعش.
وتیشی هێزەکانی عێراق بەردەوامبوون لە پێشڕەویکردن لە باکوری دەروازەی وەلیدەوە بەرەو قائم کە هێشتا لەژێردەستی داعشدایە.
هەروەها وتی: "ئێمە بە خێرایی پێشڕەویدەکەین بۆ گرتنەوەی سنوری رۆژئاوا و بڕینی رێگاکانی داعش وەك ئامادەکاری بۆ ئازادکردنی قائم، کە دوایین پێگەی بەهێزی داعشە لە پارێزگای ئەنبار."
هاوکات ئەو دانیشتوانەی هێشتا گیریانخواردووە لە قائم و شارۆچکەکانی تەنیشتی – عانە، راوە و عاکاشات – بەردەوام روبەڕووی بارودۆخی سەخت دەبنەوە بەهۆی هێرشه بەردەوامهكانی چەکدارانەوە.
دولەیمی وتی دانیشتوانێكی زیاتر لە ناوچەکە هەڵهاتوون لەم چەند رۆژانەی دواییدا.
وتیشی: "مانگی رابردوو دەستمانکرد بە پێشوازیکردن لە 50 خێزانی هەڵهاتوو رۆژانە - نزیکەی 300 کەس." ئاماژەشیدا بهوهی كه ئەوان دەستبەجێ دەنێردرێن بۆ شوێنی حەوانەوە لە رەمادی کە خزمەتگوزاریی سەرەتایی و دەرمان وەردەگرن.
هەروەها وتی: "هێرشی تیرۆریستان کە روتبە دەکەن ئامانج کۆتاییان نایەت هەتا ئهو شارانهی ئەنبار ئازادنەکرێن [كه لهدهست داعشدان]."