هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هێزێکی نوێ پێکدەهێنرێت بۆ پاراستنی سنورەکانی عێراق لە دزەکردنی داعش

خالید تائی

بە هەزاران ئەندامانی هێزە ئەمنیەکان، وەك ئەم نیشانگرەی سوپای عێراق، راهێنانیان پێکراوە بۆ پاراستنی سنورەکانی عێراق لەگەڵ ئەردەن و سوریا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

بە هەزاران ئەندامانی هێزە ئەمنیەکان، وەك ئەم نیشانگرەی سوپای عێراق، راهێنانیان پێکراوە بۆ پاراستنی سنورەکانی عێراق لەگەڵ ئەردەن و سوریا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

سەدان پاسەوانی سنور بەمدواییانە خولێکی راهێنانیان لە ئەنبار تەواوکرد و ئامادەن بۆ لە ئەستۆگرتنی ئەرکی پاراستنی سنورەکانی عێراق بە ئەردەن و سوریاوە دوای دەرپەڕاندنی "دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام" (داعش).

لەو خولە دوو مانگییەدا لە بنکەی سەربازیی عەین ئەلئەسەد لە قەزای بەغدادی، کە 20 تەمموز تەواوبوو، 600 ئەندام فێری ئەوەبوون چۆن چەکی سوك و مامناوەند و تەکنەلۆژیای چاودێری بەکاربهێنن، وەك ئەندامی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، راجیع بەرەکات عەیفان، وتی.

عەیفان بە دیارونای وت: "ئەم هێزە لێپرسراو دەبێت لە پاراستن و پارێزگاریکردن لە هێڵی سنوری خۆرئاوای ئەنبار، کە لە باکوری شاری قائیمەوە لەسەر سنوری سوریا درێژدەبێتەوە تا شاری روتبە و سنوری نێوان عێراق و ئەردەن، کاتێك ئەم ناوچانە بەتەواوی لەدەستی چەکدارانی تیرۆرست رزگاربکرێن."

وتی ئەمە یەکەم وەجبە بوو لە چەندین گروپی دیکەی پاسەوانانی سنور کە راهێنانیان تەواوکرد، چونکە سنوری عێراق لەگەڵ ئەردەن و سوریا لانیکەم 3,000 چەکداری دەوێت بۆ ئەوەی بەباشی بیپارێزن.

عەیفان وتی: "هێزەکانی پاراستنی سنوری عێراق لە ئێستادا خاڵی پەڕینەوەی ترێبیڵ لەسەر سنوری ئەردەن دەپارێزن و یەکە سەربازییەکانیش لەسەر ئەو رێگە نێودەوڵەتییە جێگیرکراون کە لە خاڵە سنوریەکەوە بەرەو شارۆچکەی ئازادکراوی روتبە دێت، لەوێشەوە بۆ تەواوی شارەکانی ئەنبار."

وتیشی: "بەڵام چەکدارانی داعش هێشتا شاری قائیمی سنورییان بەدەستەوەیە لەگەڵ چەند ناوچەیەکی خۆرئاوای ئەنبار وەك راوە و عەننە. هەڵمەتێکی سەربازیی گەورە بەرپاکراوە بۆ گرتنەوەی ئەو شارۆچکانە و داخستنی تەواوەتیی سنورەکان بەڕووی داعشدا."

خۆئامادەکردن بۆ شکستی داعش

سەرۆکی ئەنجومەنی خۆجێی قائیم، نازم بەردان، بە دیارونای وت دەرچوونی یەکەم گروپی پاسەوانانی سنور"هەنگاوێکی گرنگە و تەواوکەری هەوڵە سەربازییەکانە کە بۆ روبەڕوبوونەوەی چەتەکانی داعش دەدرێن".

بەردان وتی سنوری نێوان قائیم و خاڵی پەڕینەوەی ترێبیڵ نزیکەی 220 کیلۆمەترە.

وتیشی: "پاراستنی ئەو ناوچە فراوانە پێویستی بە چەندین سەربازی بەتایبەتی راهێنراو، ئۆتۆمبیل، زرێپۆش و چەکی پێویست هەیە، جگە لە پشتگیریی ئاسمانی، بۆ ئەوەی شکست بە هەر هەوڵێکی دزەکردن بدرێت و باش دەست بەسەر سنوردا بگیرێت."

بەردان وتی: "ئەم هێزانە دەبێت هەر لە ئێستاوە ئامادەبن و هەرچی پێویستە لەبەردەستیاندا بێت بۆ ئەوەی بەرگری لە سنورەکانی وڵاتەکەیان بکەن و سەلامەتیی خاك و هاوڵاتییانی دابینبکەن."

فەرماندەی فەوجی یەکی حەشدی خێڵەکی لە خۆرئاوای ئەنبار عەقید جەمال شیهاب وتی: "پاراستنی سنوری خۆرئاوای عێراق بەرپرسیارێتیی هێزەکانی پاسەوانانی سنورە."

"ئامادەکاری دەکرێت بۆ زیادکردنی ژمارەی هێزەکانیان و باشتر ئامادەکردنیان، بەتایبەتی کە ناوچە ئازادکراوەکانی ئەنبار تادێت زیاتردەبن."

شیهاب بە دیارونای وت لە ئێستادا دوو لیوای سەربازی خاڵی پەڕینەوەی ترێبیڵ دەپارێزن. هەروەها هیوای خۆی دەربڕی بەوەی کاتێك ئەنبار بەتەواوەتی ئازاد بکرێت، ئەو هێزانە دەتوانن بە ناوچەکانی دیکەدا بڵاوببنەوە.

وتیشی: "زیاتر لە 500 چەکدار لە خێڵەکانی ئەنبار دامەزرێنراون بۆ بەشداریکردن لە هەڵمەتی سەربازیی دەرکردنی تیرۆرستەکان لە ناوچەکانی خۆرئاوای پارێزگاکە."

هەروەها وتی: "ئەم چەکدارە خۆبەخشانە راهێنانی جەستەیی و سەربازییان تەواوکردووە و ئەمڕۆ ئامادەن بۆ شەڕی داعش هاوشان بە براکانیان لە هێزەکانی سوپا و پۆلیسدا."

وتیشی: "رۆڵێکی سەرەکییان دەبێت لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکانیان دوای ئازادکردنیان."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500