بەڕێوبەرێتی وهقفی سونەی نەینەوا هەینی (16 حوزەیران) رایگەیاند بۆنەکانی لەیلەتولقەدر هەڵدەوەشێنێتەوە لە موسڵ و ناوچەکانی دیکەی پارێزگاکە.
موسوڵمانەکان ئەم "شەوی هێز"ه بە پیرۆزترین رۆژی ساڵ دەزانن، چونکە ئەو رۆژەیە کە قورئان بۆ پێغەمبەر موحەمەد هاتۆتەخوارەوە.
بەڕێوبەرێتییهكه وتی ڕێگرتن لە بۆنەکان هەوڵێکی پێشوەختەیە بۆ ئەوەی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) نەتوانێت بۆنەکان بكاتە ئامانج.
شێخ محەمەد شەماع کە ئیمام و خەتیبی مزگەوتی نەبی یونسە، وتی بەڕێوبەرێتییهكه "بڕیاریداوە هیچ مزگەوتێك نەکرێتەوە لەناو موسڵ و لەناو پارێزگاکەدا بە گشتی بۆ بۆنە ئایینیەکان و نوێژەکانی لەیلەتولقەدر."
ناوبراو بە دیارونای وت لە رەمەزاندا "مزگەوتەکان تهنها بۆ پێنج نوێژەکەی [رۆژانە] و هەینی کراوە دەبن".
بڕیارەکە دوای راوێژکاری درا لەگەڵ بەرپرسانی سەربازیی نەینەوا لەسەر کردنەوەی شوێنەکانی خوداپەرستی بۆ ئهو بۆنە ئایینیانهی بەڕێوبەرێتی وهقفی سونە هەموو ساڵێك بەڕێوەیدهبات پێشئەوەی داعش موسڵ بگرێت له حوزەیرانی 2014.
شەماع وتی: "ئەم رێوشوێنه گیراوەتەبەر لهبهر هۆکاری ئەمنی." ههروهها ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه تا ئێستا هیچ "مەترسییەکی تیرۆریستی پشتڕاستنەکراوەتەوە".
وتی بڕیارەکە دراوە بۆ پاراستنی مەدەنیەکان و بەرگرتن لە ئەگەری پێشێلکردنی ڕێکارە ئەمنیەکان کە دەکرێت ببێتە هۆکاری تێکچوونی دڵخۆشیی هاوڵاتیان بە ڕزگاربوونی ناوچەکانیان و بۆنەکانی رەمەزان کە بۆ یەکمجارە دەیبەنەسەر لە دوای دەرکردنی داعش.
وتیشی: "ئێمە نامانەوێت هێچ شانسێك بدەین بە چەکدارانی داعش تاوەکو ببنە مەترسی بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی گەڕەکە ڕزگارکراوەکانی موسڵ و شارەکانی دیکەی پارێزگاکە."
ههروهها وتی: "ئهم رێوشوێنه پێشگیرییه لە کۆتایی رەمەزاندا کۆتایی پێدێت و بۆ جەژنی رەمەزان درێژ ناکرێتەوە."
موسوڵمانەکان دوا 10 رۆژی مانگی رەمەزان بە نوێژ و خوداپەرستی بەسەردەبەن بەتایبەتی شەوی لەیلەتولقەدر.