هه‌واڵه‌كانی عێراق
رەمەزان

موسڵ بە 'چێژی سەرکەوتنەوە' پێشوازی لە رەمەزان دەکات

خالید تائی

دانیشتوانی موسڵ لە دەرەوەن بۆ بازاڕکردن لە گەڕەکە ڕزگارکراوەکانی شارەکە لەکاتێکدا مانگی پیرۆزی رەمەزان بەڕێوەیە. [خاوەنداری وێنە: لاپه‌ڕه‌ی فەیسبوکی پاسەوانانی نیشتمانی له‌ نەینەوا]

دانیشتوانی موسڵ لە دەرەوەن بۆ بازاڕکردن لە گەڕەکە ڕزگارکراوەکانی شارەکە لەکاتێکدا مانگی پیرۆزی رەمەزان بەڕێوەیە. [خاوەنداری وێنە: لاپه‌ڕه‌ی فەیسبوکی پاسەوانانی نیشتمانی له‌ نەینەوا]

مانگی پیرۆزی رەمەزان ئەمساڵ بە بۆنوبەرامێکی دیکەوە بۆ دانێشتوانی موسڵ دێت چونکە زۆربەی گەڕەکەکان رزگارکراون لە چنگی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).

ئێستا دەتوانن ئەو دەستور و بۆنە ئایینیانەی رەمەزان بە ئازادی و بەبێ ترس ئەنجامبدەن کە گروپەكە زۆربه‌یانی به‌توندی قه‌ده‌غه‌كردبوو.

موعته‌ز عەلی، 36 ساڵ، کە خەڵكی گەڕەکی سۆمەرە لە رۆژهەڵاتی موسڵ، ماڵەکەی بە گڵۆپ و چرا رازاندۆتەوە وەک ئامادەکاری بۆ مانگی پیرۆزی رەمەزان.

ناوبراو به‌ دیارونای وت: "سێ ساڵ رەمەزانمان لەسایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی تیرۆریستەکاندا برده‌سه‌ر. ئەوان رێگەیان لێدەگرتین لە چێژی رۆژوگرتن و خواپەرستی و سەردانکردنی خزمانمان."

وتی: "ئێمە هیچ دەسەڵاتیكمان نەبوو جگە لە نوێژكردن و سوپاسی خودا دەکەین کە وەڵامی نزاکانی داینەوە."

عەلی سوێندی خواردووە خواردن بۆ هەژاران ئامادەبکات بە درێژایی مانگی رەمەزان و وتی: "ئێستا کاتی ئەوەیە کە ئەو سوێندە جێبەجێبکرێت."

لە کاتی دەسەڵاتی داعش بەسەر موسڵدا گروپە تیرۆریستیەکە هەموو ئەو لایەنانەی هاتنی رەمەزانی قەدەغەکردبوو وەك رازاندنه‌وه‌ی ماڵ و گۆڕینه‌وه‌ی خواردن له‌گه‌ڵ یەکتر و بەخشینەوەی شیرینی. هەروەها کۆبوونەوەی شەوانەشیان قەدەغەکردبوو کە ترادسیۆنە میللیەکانی كاتی ره‌مه‌زانی لەخۆگرتبوو وەك موحەیبس، کە یاریەکی عێراقیە به‌ ئه‌ڵقه‌ی په‌نجه‌ ده‌كرێت.

گروپەکە بۆنە ئایینیەکانیشی قەدەغە کردبوو.

هەڵگرتنی پەچەی ترس و تیرۆر

بەرپرسی وه‌قفی سونی لە نەینەوا، ئەبوبەکر کەنعان، وتی ترس لە سەرکوتکردن و سزادان لەلایەن چەکدارەکانەوە وای لە دانیشتوانەکە کردبوو کە لەناو ماڵەکانیاندا بمێننەوە و نەچنەدەرەوە تەنها لەکاتێکدا نه‌بێت کە زۆر زۆر پێویست بوایە.

"دەسەڵاتی داعش سه‌رده‌مێكی تاریك بوو بە هەموو مانایەکی ئەو وشەیە،" كه‌نعان بە دیارونای وت.

وتیشی: "دانیشتوانەکە دەترسان لە داپڵۆسینی گروپەکە و سزاکانیان لە دژی هەرکەسێك کە یاساکانی ئەوانی پێشێلدەکرد."

لە ئەنجامدا زۆربەی بۆنە ئایینی و ئەرکە کۆمەڵایەتیەکانی پەیوەند بە مانگی رەمەزانەوە ونبوون.

کەنعان وتی: " دانیشتوانەکە ئەوەیان پێ باشتربوو کە نوێژی تەراویح و جەماعەت لە ماڵەکانیاندا بکەن بۆ ئەوەی نەچن بۆ ئەو مزگەوتانەی لەلایەن ئیمامەکانی داعشەوە بەڕێوەدەبران و گوێنەگرن لەو وتانەی ئەوان کە پڕبوون لە بۆچونی پڕكینه‌ و دوور لە ئیسلام."

وتیشی: "ئەوەی ئێستا گرنگە ئەوەیە کە ئەو سەردەمە تەواو بووە و ناگەڕێتەوە، رەمەزانیش ئەمساڵ بەبێ تیرۆریزم و تۆقاندن [بەسەر دەبرێت]."

رەمەزان بە چێژی سەرکەوتنەوە

کەنعان وتی ئەم گەڕاندنەوەیەی ئازادی و خواپەرستی بەبێ ترس "لەگەڵ ئەوە دێت کە هێزە سەربازیەکانمان بەردەوامن لە سەرکەوتنەکانیان و نزیكدەبنەوە لە ڕزگارکردنی هه‌موو گەڕەکەکانی موسڵ."

وتی بەڵگەی ئەمەش ئەویە کە وه‌قفی سونیی نەینوا بەرنامەیەکی چڕوپڕی بۆ رەمەزان ئامادەکردووە.

هه‌روه‌ها وتی: "ئێمە خوتبە و سیمینار و وانەی پەروەردەیی لەناو مزگەوتەکانی موسڵ و پارێزگاکەدا دەبەستین بۆ روونکردنەوەی لێبوردەیی ئایینی و رەتکردنەوەی توندڕەوی و هەموو شێوازه‌كانی توندوتیژی بە بانگه‌شه‌ بۆ یەکێتی و بنیاتنانی نەتەوە."

په‌رله‌مه‌نتار و سەرۆکی کۆمیتەی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە پەرلەمانی عێراق، عەلی عەلاق، وتی چەکدارانی داعش هەموو به‌هاكانی باوه‌ڕی ئیسلامییان پشتگوێخست.

عه‌لاق بە دیارونای وت: "رەمەزان مانگی چاکەیە، کەچی ئەوان بەکاریانهێنا بۆ ئەنجامدانی گەورەترین تاوانەکان و رەتکردنەوەی هەموو ئەوانەی خودا رێگەی پێداوە بۆ هێرشکردنە سەرمافەکانی خەڵك."

"خەڵكی موسڵ ژیانێکی سەختیان بردە سەر ئەو مانگانەی رەمەزان لەگەڵ ئەو تاوانکارانە [...] بەڵام ئەمساڵ رەمەزان بە تامی سەرکەوتنەوه‌یه‌."

هێزەکانی عێراق ئامادەن بۆ پاراستنی دانیشتوانی موسڵ

هێزەکانی عێراق هەوڵەکانیان زیادکردووە بۆ پاراستنی ناوچە ڕزگارکراوەکانی موسڵ و بۆ ئەوەی بەرپەرچی هەوڵەکانی چەکدارانی داعش بدەنەوە بۆ تێکدانی باری ئاسایش لە رەمەزاندا.

بەرپرسی لیژنه‌ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەینەوا، محەمەد ئیبراهیم، وتی سوپا و پۆلیس و یەکەکانی هەواڵگری هەماهەنگی دەکەن بۆ ئەوەی پلانێکی تۆکمەی ئەمنی ئەنجامبدەن.

ئیبراهیم بە دیارونای وت: "پلانەکە چڕكردنەوەی ناردنی هێزی زیاتر له‌خۆده‌گرێت بۆ دەوروبەری مزگەوتەکان و بازارە گشتیەکان و باخچە و کافیتریاکان، دانانی خاڵی ئەمنی و ئەنجامدانی پشكنینی لەناکاو لەگەڵ سوڕانه‌وه‌ی [هێزەکانی ئاسایش] هەتاوەکو درەنگانی شەو."

ئیبراهیم باسی لەوەشکرد کە ئەو پلانە بە شێوەیەکی بەرفراوان پەیوەستە بە هەوڵەکانی هەواڵگریەوە بۆ ئەوەی پلانی چەکدارەکان پوچەڵبکەنەوە.

وتی: "بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی نەینەوا [ و دژە تیرۆر] و ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی بەنهێنی کاردەکەن بۆئەوەی زانیاریی ئەمنی کۆبکەنەوە بۆ چاودێری ودەستگیرکردنی چەکدارانی داعش کە لەناو خەڵكدا خۆیان شاردۆتەوە هەروەها ئاشكراكردنی حەشارگەکانیان."

وتیشی ئەم ئاژانسانە چەند مانگێکە "ئۆپەراسیۆنی بەرگری پێشوەختەی سەرکەوتوویان" ئەنجامداوە و توانیویانە موسڵ لە شانەکانی داعش پاکبکەنەوە.

ئیبراهیم وتی: "ئێمە بەڵێندەدەین بە هاوڵاتیانمان کە مانگی رەمەزان ئارام دەبێت. ئێمە ڕێگەنادەین داعش هەڕەشە بکاتەسەر ژیانی هاوڵاتیان و بیانترسێنێت و لە خۆشیەکانی ئەم مانگەیان بکات."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500