https://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/features/2017/05/11/feature-02

×
×
ئاساییش |

هێزە عەرەبی-کوردییەکان تەبقە لە داعش دەسەننەوە

ئاژانسی فرانس پرێس و ستافی دیارونا

چوارشەممە (10 ئایار)، هێزەکانی سوریای دیموکرات دەستیانگرت بەسەر شاری ستراتیژیی تەبقە و بەنداوەکەی نزیکیدا و خۆیان ئامادەدەکەن بۆ پێشڕەوی بەرەو قه‌ڵای رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' رەققە. [ئاژانسی فرانس پرێس]

هێزەکانی سوریای دیموکرات چوارشەممە (10 ئایار) شاری تەبقەی باکوری سوریا و بەنداوێكی نزیك شارەکەیان لەدەست رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) سه‌نده‌وه‌.

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند هاوپەیمانێتی ئۆپۆزسیۆنی عەرەبی-کوردی رایگەیاندووە تەبقە و بەنداوەکەی نزیکی"بەتەواوی رزگارکردووە" دوای چەند هەفتەیەك لە شەڕی سەخت.

بەڕێوبەری روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ، رامی عەبدولڕەحمان، وتی: "هێزەکانی سوریای دیموکرات توانییان لەکاتی شەودا بچنە ناو بەنداوەکەوە."

وتیشی "بەڵام مەدەنییەکان هێشتا ناتوانن بچنە هەندێك بەشی تەبقەوە بەهۆی تەقەمەنییەوە" کە لەلایەن داعشەوە به‌جێهێڵراوە.

image

دیمەنێکی گشتیی تەبقە دوای ئەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات چەند گەڕەکێکیان لەدەست رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' سەندەوە لە 30 نیساندا. [دەلیل سڵێمان/ئاژانسی فرانس پرێس]

image

ئەندامێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئاڵایەکی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' دادەگرێت لە تەبقە لە 30 نیساندا. لە 10 ئایاردا، چەکدارانی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەتەواوی شارەکەیان گرتەوە. [دەلیل سڵێمان/ئاژانسی فرانس پرێس]

وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات، تەلال سەلۆ، وتی: "ئۆپەراسیۆنی گەڕان و پشکنین بەردەوامە بۆ دڵنیابوون لەوەی شارەکە پاککراوەتەوە."

واحید خەڵەف لە لیوای سوار ئه‌لڕەققە کە هێزێکی عەرەبە لەناو هێزەکانی سوریای دیموکراتدا وتی تیمەکانی پاککردنەوەی مین سەرەتا تەقەمەنی لە شەقامە سەرەکییەکاندا ناهێڵن.

خه‌ڵه‌ف بە دیارونای وت دواتر ماڵ و کێڵگە کشتوکاڵییەکان پاکدەکەنەوە لە ئامادەکاریدا بۆ گەڕانەوەی مەدەنییەکان.

گرتنی تەبقە بە سەرکەوتنێکی ستراتیژیی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات لەقەڵەمدەدرێت و وادەکات هاوپەیمانێتییەکە بتوانێت پێشڕەوی بكات بەرەو رەققە بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجەکەی لە ئۆپەراسیۆنی بەردەوامی توڕەیی فوراتدا.

تەبقە لەسەر رووباری فوراتە و رێگەیەکی ستراتیژیی دەستڕاگەیشتنه‌ بە کەلوپەل، نزیکەی 55 کیلۆمەتر خۆرئاوای شاری رەققەی پایتەختی بەناو-خەلافەتەکەی داعشە.

شەڕ بۆ تەبقە

فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان بۆ ماوەی چەند هەفتەیەك بۆمبارانی تەبقە و پێگەکانی دەوروبەریان دەکرد وەك بەشێك لە هەڵمەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ سەر رەققە.

هێزەکانی سوریای دیموکرات، بە پاڵپشتی هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانان و راوێژکاری تایبەتیی سەربازی لەناویاندا، یەکەمجار لە 24 نیسان توانییان بچنەناو تەبقەوە و پێشڕەوییان کرد بەرەو باکور و گروپەکەیان گۆشەگیرکرد لە دوو گەڕەکی نزیك بەنداوی تەبقە.

بەڵام داعش بەرەنگارییەکی سەختی ئەنجامدا بە بەکارهێنانی ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو و نیشانگر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چەکدارکراو.

یەکشەممە (7 ئایار)، هێزەکانی سوریای دیموکرات زیاتر لەسه‌دا 90ی تەبقەیان گرتبووەوە و شەڕی دەیان چەکداری داعشیان دەکرد کە گیریانخواردبوو لە گەڕەکەکانی باکوری شارەکە نزیك بە بەنداوەکە.

فەرماندەیەکی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەنێو تەبقەدا یەکشەممە وتی ئۆپەراسیۆنەکە بەخاوی بەڕێوەدەچێت "بەهۆی بوونی مەدەنییەوە کە لەلایەن داعشەوە وەك قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنرێن". هه‌روه‌ها وتی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەوڵیاندەدا بە "وریایی و وردەکارییەوە" پێشڕەوی بکەن.

ژمارەی دانیشتوانی تەبقە کەمیکردووە لە 250,000 پێش هەڵگیرسانی شەڕی سوریا لە 2011 بۆ 75,000. دوای ئەوەی داعش لە 2014 ناوچەکەی گرت، نزیکەی 10,000 چەکداری داعش و خێزانەکانیان هاتن لەو شارە بژین، کە وەك فەرماندەییەکی سەرەکی بەکاردەهێنرا و زیندانی سەرەکیی گروپەکەشی تێدابوو.

چەکداره‌كه‌ی هێزەکانی سوریای دیموکرات، خەڵەف، وتی شەوی سێشەممە کاروانێکی 50 ئۆتۆمبیلیی چەکدارانی داعش و خێزانەکانیان بینراوە کە تەبقەیان بەجێدەهێشت بەرەو شاری رەققە.

وتی: "لانیکەم 300 کەس [لە کاروانەکەدا بوون]، لەنێویاندا ژنانی چەکدارانی داعش و چەکدارە بریندارەکانی گروپەکە."

خەمڵاندنی زیانەکانی بەنداوەکە

تیمێکی چاککردنەوە رۆژی پێنجشەممە لە ئامادەباشیدا بوون، چاوەڕوانی مۆڵەتی شەوی سێشەممە بوون بۆ چوونەناوی و خەمڵاندنی ئەو زیانانەی بەر بەنداوی تەبقە کەوتوون -- کە گەورەترینە لە سوریا.

سەرچاوەیەك کە لەگەڵ کارمەندە هونەرییەکانی بەنداوەکە کاردەکات وتی لەو شوێنە هەڵهاتوون دوای ئەوەی لەم رۆژانەی دواییدا شەڕ نزیکبووەوە.

بەنداوەکە لە شوباتی 2013 کەوتە دەست ئۆپۆزسیۆنی سوریا، پێش ئەوەی داعش دەستبگرێت بەسەر شارەکە و پارێزگای رەققەدا لە سەرەتای 2014.

ئەوکات نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی دا کە زیانی بەنداوەکە "دەکرێت ببێتە هۆی لافاوێكی گه‌وره‌ بەناو رەققەدا تا ده‌گاته‌ دێرەزوور".

جوتیارانی سوری نزیك بە [رووباری] فورات وتیان لەوە تۆقیبوون داعش بەنداوەکە بتەقێنێتەوە بۆ بەرگرییکردن لە رەققە، بەمەش گوندەکانیان بەر شەپۆل بکەوێت.

فورات سەرچاوەیەکی سەرەکیی ئاوە بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری لە ناوچەکەدا و بەنداوەکەش، کە بە بەنداوی فورات و بەنداوی سەورە ناسراوە، رۆڵێکی گرنگی بەخشیوە بە ره‌ققه‌ له‌ ئابوریی سوریادا.

چەکدارکردنی یەپەگە

وتەبێژێکی سەربازیی ئەمریکا وتی چوارشەممە، ئەمریکا رایگەیاند بەمزوانە دەستدەکات بە ناردنی چەك بۆ یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی کوردیی، کە بەشێکی گەورەیە لە هێزەکانی سوریای دیموکرات.

وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بەغدا، عەقید جۆن دۆریان، وتی یەکەمین بڕە چەك ئامادەکراوە بۆ گواستنەوە و دەکرێت بنێردرێت بۆ کوردەکان "زۆر بەزوویی".

کۆشکی سپی سێشەممە گڵۆپی سەوزی بۆ پێنتاگۆن هەڵکرد بۆ ناردنی چەك و ئامێر بۆ یەپەگە "تا سەرکەوتنێکی ئاشکرا بەدەستبێت بەسەر داعشدا لە رەققە".

یەپەگە ستایشی هەنگاوەکەی کرد و بە "مێژوویی" لەقەڵەمیدا و وتی ئیتر "رۆڵێکی کاریگەرتر، بەهێزتر و یەکلاکەرەوەتر"ی دەبێت لە شەڕی داعشدا.

تا سێشەممە، سیاسەتی فەرمیی ئەمریکا ئەوەبوو تەنیا چەك بداتە پێکهاتەی عەرەبی نێو هێزەکانی سوریای دیموکرات.

وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات، تەلال سەلۆ، وتی: "بڕیاری ئەمریکا بۆ چەکدارکردنی یەپەگە... گرنگە و شکستی تێرۆریزم خێراتر دەکات."

سەلۆ وتی بڕیارەکەی ئەمریکا "ئاکامی کارایی یەپەگە و هێزەکانی سوریای دیموکراتە لە شەڕیاندا دژی تێرۆریزم".

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە بەشداریی لە ئامادەکردنی ئەم راپۆرتەدا کردووە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
0
نەخێر

1 كۆمێنت

رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین
Captcha

ئەندامانی داعش لە تەبقە هەڵاتن بەهۆی پێشڕەویی هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە. دەبێت ئەو گروپە چی بکات، [وشه‌ی ناڕوون و ئاشكرا]؟ گەر بکوژرێن، بە موجاهید لەقەڵەمنادرێن، گەر بەردەوامیش بن، زەلیل دەکرێن لەبەرچاوی دنیادا.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌