هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

سوریەکان ترسیان لە روخاندنی بەنداوی تەبقە هەیە له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی شکستی داعش

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

دانیشتوانی تەبقە لە پارێزگای رەققەی سوریا دەترسن کە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) دەروازەکانی ئاوی بەنداوی تەبقە بەسەر روباری فوراتدا بکاتەوە بۆ وەستاندنی پێشڕەویی هێزە رزگارکەرەکان. [خاوەنی وێنە: ئیبراهیم شەممەری]

دانیشتوانی تەبقە لە پارێزگای رەققەی سوریا دەترسن کە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) دەروازەکانی ئاوی بەنداوی تەبقە بەسەر روباری فوراتدا بکاتەوە بۆ وەستاندنی پێشڕەویی هێزە رزگارکەرەکان. [خاوەنی وێنە: ئیبراهیم شەممەری]

بە نزیکبوونەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە شارۆچکەی تەبقە له‌ پارێزگای رەققەی سوریا، "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) خەڵکی مەدەنی بەکاردەهێنێت بۆ وەستاندنی پێشڕەوییان، خەڵکی ناوچەکە بە دیارونایان وت.

هەندێك دەترسن لەوەی داعش دەروازەكانی رێڕه‌وی ئاو له‌ بەنداوی تەبقە بکاتەوە بەسەر روباری فوراتدا، کە گەورەترین بەنداوی وڵاتەکەیە، بۆ پاراستنی شاری رەققەی نزیك بە بەنداوەکە.

وتیان ئەمە گوندەکان وێراندەکات بەهۆی شەپۆلی ئاوەوە.

لەم هەفتانەی دواییدا، ئۆپۆزسیۆنی کوردی-عەرەبی چوار کیلۆمەتری مابوو بگاتە بەنداوەکە، بە گرتنەوەی دوایین گوند لەنێوان خۆیان و ئەو بەنداوەی لەلایەن داعشەوە دەستی بەسەرداگیراوە.

بەنداوەکە تەنیا 500 مەتر لە شارۆچکەی تەبقەوە دوورە.

دوکاندار لە تەبقە، حەماد نافیع، کە لەترسی سەلامەتیی خۆی ناوی خوازراوی بەکارهێنا، وتی: "کاتێك ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فورات دەستیپێکرد، ئەندامانی داعش دەستیانکرد بە هەڵکوتانە سەر خەڵکی شارۆچکەکە و هاتن و رۆیشتنیان لێ قەدەغەکردن."

نافیع بە دیارونای وت لەئێستادا خەڵکەکە پێویستیان بە مۆڵەتی تایبەتیی داعش هەیە بۆ ئەوەی بچنە ناو شاری رەققەوە.

وتی: "هەوڵەکان بۆ هەڵهاتن لە شارەکە لە ژمارەدا کەمتربوونەتەوە بەهۆی ئەو مینانەی گروپەکە لەهەموو شوێنێك چاندوویەتی و ئەو نیشانگرانەی کە تەقە لە هەر کەسێك دەکەن کە دووربکەوێتەوە لە ناوچەی نیشتەجێبوون."

دانیشتوان لەناو تەبقەدا گیریانخواردووە

ئیبراهیم شەممەری، 25 ساڵ، کە خەڵکی رەققەیە و چەند مانگێك لەمەوپێش پەیوەندی بە هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە کرد، وتی داعش کۆتوبەندەکانی خۆی به‌سەر خەڵکەکەدا دەسەپێنێت "لەهەوڵێكدا بۆ بەکارهێنانیان وەك قەڵغانی مرۆیی و رێگرتن لە پێشڕەویی هێزە رزگارکەرەکان".

شەممەری بە دیارونای وت: "هێزەکانی سوریای دیموکرات لەئێستادا تەنها چەند کیلۆمەترێك لە تەبقەوە دوورن."

وتی لە باکورەوە نزیکدەبنەوە، نزیك گوندی سوەیدا کەبیرە و"لەگەڵ مەدەنیەکانی ناوچەکەدا پەیوەندیدەگرن بۆ رێکخستنی هەڵهاتنیان بۆ ناوچە سەلامەتەکان".

شەممەری وتی: "داعش زۆر بنکەی چاودێری و پشکنینی داناوە بەدرێژایی ئەو رێگەیەی بەرەو شارۆچکەکە دەچێت، کە ئەرکی ئاشکرایان رێگرتنە لەهەر هەڵهاتنێك لە شارۆچکەکە."

وتیشی زۆر حاڵەت روویداوە کە خەڵکی بێچەك تەقەیان لێکراوە.

شەممەری وتی هێزەکانی سوریای دیموکرات تیمی تایبەتیان پێکهێناوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کاروباری مەدەنیەکان بە نزیکبوونەوەی هێزە رزگارکەرەکان لە شارۆچکەکە.

وتیشی: "پەیوەندیگرتنی بەردەوام هەیە لەگەڵ چەندین گروپی نێو تەبقەدا بۆ رێکخستنی هەڵهاتنی نهێنی و پاراستنیان لە هەر زیانێك کاتێك شارەکە هێرشی دەکرێتەسەر، لەگەڵ دیاریکردنی شوێنی خۆشاردنەوە."

وتی زۆر کوڕی گەنج لە تەبقە پەیوەندییان کردووە بە هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە بۆ ئازادکردنی شارۆچکەکەیان لەدەست داعش.

نافیعی دوکاندار وتی داعش هەفتانه‌ چەندین کردەی لەسێدارەدان ئەنجامدەدات وەك تۆڵەکردنەوە لەدژی ئەوانەی هاوکاریی هێزە رزگارکەرەکان دەکەن.

وتی گروپەکە قوربانیەکان تۆمەتباردەکات بە "سیخوڕیکردن بۆ کافرەکان"، وتیشی زۆربەیان گەنجی ناوچەکەن یان چەکداری دەستگیرکراوی هێزەکانی سوریای دیموکراتن کە بەئاشکرا داعش رەتدەکەنەوە یان زانیاری بە هاوپەیمانان یاخود هێزەکانی سوریای دیموکرات دەدەن.

وتی ئامانجەکە "تۆقاندنی هاوڵاتیانە و دڵنیابوونە لەوەی یاخی نابن"، لەکاتێکدا نیگەرانیی داعش زیاددەکات بەهۆی زیانە گەورەکانیەوە.

داعش هەڕەشە لە بەنداوی تەبقە دەکات

هاوکات جوتیارانی سوریای نزیك روباری فورات ترساون لەوەی داعش دەروازە ئاوییەکان بکاتەوە بۆ بەرگرییکردن لە رەققە، بەمەش گوند و کێڵگەکان لەم پرۆسەیەدا تێكده‌ده‌ن.

ئاژانسی فرانس پرێس لە سەرەتای ئازاردا رایگەیاند كه‌ ئاستی ئاوی فورات لە مانگی رابردوودا له‌نزیك رەققە بەرزبۆتەوە.

خەڵکی گوندە کشتیاریەکان کە بەدرێژایی بەری خۆرهەڵاتی روبارەکەدا بڵاوبوونەتەوە دەڵێن دەترسن گروپەکە بەنداوی تەبقە بڕوخێنێت تا پێشڕەویی هێزەكانی دژ به‌ داعش خاوبکاتەوە.

ئەبو حسێنی 67 ساڵ کە خەڵکی ناوچەکەیە، وتی: "گەر داعش هەڕەشەکەی بۆ تەقاندنەوەی بەنداوی تەبقە جێبەجێبکات، ئەوا ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ هەموو ناوچەکانی دەوروبەری بەشی باشوری روبارەکە ببن بەژێر ئاوەوە."

وەستای کارەبا، محەمەد کەیالی، کە ناوی خوازراوی بەکارهێنا لەبەر سەلامەتیی خۆی، وتی: "کارەساتێکی گەورە چاوەڕێی خەڵکی تەبقە و رەققە و ناوچەکانی دەوروبەری دەکات، چونکە هەمووان بەو ترسەوە دەژین کە بەنداوەکە بڕوخێت."

كه‌یالی بە دیارونای وت ماوەیەکە داعش ده‌ستكاریی پرۆسەی بەردانەوەی ئاوەکە ده‌كات.

ناوبراو روونیکردەوە گروپەکە "رێگه‌ی له‌ بەردانەوەی ئاو بۆ حەلەب گرتووه‌ تا هاوڵاتیان بێبه‌شبكات له‌ ئاوی خواردنەوە و کشتیاری، ئەمەش وایکردووە ئاستی ئاو لە زێی ئەسەد بەرزببێتەوە".

وتیشی بە نزیکبوونەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و رژێم لە تەبقە، "گروپەکە لافاوی هه‌ستاند له‌ ناوچەکانی باکوری زێیەکە بۆ خاوکردنەوەی پێشڕەوییان، کە ناوچە کشتیاریەکانی خراپکرد، کە یەکێك بوو لەو سەرچاوە کەمانەی لە ناوچەکەدا مابوو."

کەیالی هۆشدارییدا "لە هەندێك درز کە دەرکەوتوون لەسەر دیوارەکانی بەنداوەکە، کە ئاماژەن بە ئه‌گه‌ری تەقینێکی چاوەڕوانکراو و روخاندنی پەیکەری سەرەکیی بەنداوەکە".

وتی ئەمە دەکرێت ببێتە هۆی روخانی بەنداوەکە و ژێرئاوکەوتنی هەموو گوند و شارۆچکە و ناوچە کشتیاریەکان لە دەوری زێی ئەسەد، تا ده‌گاته‌ رەققەش.

کەیالی وتی خەڵکی ناوچەکە لەوەش دەترسن گروپەکە بەمەبەست بەنداوەکە بڕوخێنێت گەر ناوچەکە بکەوێتە ژێردەستی هێزە رزگارکەرەکانەوە.

وتی شوێنی ستراتیژیی بەنداوەکە مانای وایە ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی رێ لەهەموو رێگاکانی هاتن و رۆیشتن لە رەققە دەبرێت و "کەوتنی چاوەڕوانکراوی شارەکە" خێراتردەکات.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500