هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

داعش هه‌واڵی ناڕاست بڵاودەکاتەوە سەبارەت بە بەنداوی تەبقە

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

شەڕکەرێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەلای ده‌روازه‌ی باکوری بەنداوی تەبقە راوەستاوە لەسەر روباری فوڕات. [خاوەنی وێنە: نوسینگەی راگه‌یاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات]

شەڕکەرێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەلای ده‌روازه‌ی باکوری بەنداوی تەبقە راوەستاوە لەسەر روباری فوڕات. [خاوەنی وێنە: نوسینگەی راگه‌یاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات]

پڕوپاگەندەكانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) کە هۆشداری له‌ روخانی بەنداوی تەبقە دەدات بێبنەمان و دەیانەوێت ببنە هۆی ترس و راگرتنی هێزە رزگارکەرەکان، شارەزایان و بەرپرسان بە دیارونا دەڵێن.

لەڕێی میدیا و بڵدنگۆی مزگەوتەکانەوە، داعش رایگەیاند کە بەنداوەکەی سەر روباری فوڕات لە مەترسیی داڕماندایە -- روخانێك کە لەوانەیە ببێتە هۆی لافاوێکی کارەساتئامێز لە رەققە و لەوانەیە بگاتە خواروی روباره‌كه‌ له‌لای دێرە زوور.

دانیشتویەکی رەققە کە نازناوی وەیل مستەفای بەکارهێنا له‌ ترسی سەلامەتی خۆی، وتی: "گروپەکە بەردەوامه‌ لە تۆقاندنی خەڵکی شاری رەقە بە بڵاوکردنەوەی درۆ سەبارەت بە داڕمانی بەنداوی تەبقە."

مستەفا بە دیارونای وت لە 23 و 24 ئازاردا، ئەندامانی داعش بڵندگۆی مزگەوتەکانیان بەکارهێنا لە شاری رەققە بۆ راگەیاندنی ئەوەی کە بەنداوەکە خەریکە دەڕوخێت بەهۆی ئۆپەراسیۆنی بەردەوامی سەربازیه‌وه‌ بۆ سەر بنکەکانی داعش لە ناوچەکەدا.

وتی: "دڵەڕاوکێ لەناو دانیشتواندا بڵاوبووه‌وە لەترسی ئەوەی بەنداوەکە بڕوخێت و هەموو ناوچەکانی رەققە ئاوبیبات ، كه‌ وایلێکردن ماڵەکانیان بەجێبهێڵن بەرەو گردە بەرزەکان کە زۆربەیان لەوێ شەویان بەسەربرد."

وتیشی گروپەکە دواتر پاشگەزبووەوه‌ لە بانگەشەکەی لەهەمان مزگەوتەوە و رایگەیاند کە بەنداوەکە لە مەترسیدا نیه‌.

هێزەکانی سوریای دیموکرات دەڵێن نە ناوچەکانی دەوروبەری بەنداوەکەیان بۆردومانکردووە و نە شوێنەکەش کراوەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانیەکانی هاوپەیمانان چونکە هاوپەیمانان هێزە سەربازیەکانیان لەڕێی پەڕەشوتەوە خستۆتە خوارەوە بۆ شەڕکردنی راستەوخۆ دژی داعش.

بەپێچەوانەی بانگەشەی گروپەکەوە، مەترسیی سەرەکی بۆ سەر بەنداوەکە لەلایەن داعشەوەیە.

بەرپرسان دەڵێن داعش ئاگربەستێکی کورتی پێشێلکردووە -- کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە راگەیەندرا بۆ رێگەدان بە ئەندازیاران تا بچنە شوێنەکە و بەنداوەکە بپشکنن -- بۆ خۆڕێکخستنەوە و هێرشکردنە سەر هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی عەرەب-کورد.

هاوکات مستەفا وتی دانیشتوانی رەققە دەترسن لەوەی داعش بەنداوەکە بتەقێنێتەوە، تەنانەت ئەگەر بەشێکی بەنداوەکەش بێت، وەك تۆڵەکردنەوەیەك ئەگەر ناوچەکە لەدەست بدات.

وتیشی داعش رێگەی لە دانیشتوان گرتووە شارەکە بەجێبهێڵن تەنانەت بۆ ناوچەکانی دراوسێ و دەیەوێت وەك بارمتە بیانهێڵێتەوە و تا دەتوانێت چارەنوسیان کۆنتڕۆڵبکات.

ئاستی ئاوه‌كه‌ پێویستی بە چاودێرییە

ئەندازیار موسا ئەحمەد کە کاری لە بەنداوەکەدا کردووە پێشئەوەی ناچار بە هەڵهاتن بکرێت بۆ تورکیا، وتی: "بەنداوی فورات لە دوو بەش پێكدێت."

ئەحمەد بە دیارونای وت: "بەشی یەکەم بەنداوەکەیە، کە دەریاچەی تەبقەی لە پشتەوەیە و بەشی دووەم وێستگەی کارەبایە."

وتیشی: "سەرەڕای هۆشداریی بێشومار، ئاستی ئاوەکە هێشتا سەلامەتە."

ئەحمەد وتی ئاستی ئاوەکە هێشتا دەتوانێت مەترو نیوێك بەرزببێتەوە پێشئەوەی بگاتە ئاستی توانای خۆی.

وتیشی کەمکردنەوەی بڕی ئاوی پێویست بۆ ئاستی سەلامەتی دەتوانرێت ئەنجامبدرێت لەماوەی چەند رۆژێکی کەمدا تەنها بەچەند کرێکارێکی شارەزا کە پێویستن بۆ کۆنترۆڵکردنی به‌ردانه‌وه‌ی ئاوه‌كه‌ و کەمکردنەوەی فشاری ئه‌و ئاوه‌ی به‌رده‌درێته‌وه‌.

ئه‌م ئەندازیارە وتی: "بەپێچەوانەوە، نیگەرانیەکانی ئێستا سەبارەت بە وێستگەی کارەبای بەنداوی فوراتن کە ژێرئاو دەکەوێت،" و ئاماژەی به‌وه‌ دا کە کرێکاری تایبەت پێویستن بۆ ئامادەبوون لەسەر بەنداوەکە لە هەموو کاتێکدا بۆ چاودێریکردنی ئاستی ئاوەکە و دابینکردنی ئاو بۆ وێستگەکە و چاودێریکردنی بەنداوەکەش نه‌وه‌كا ئاوبدزێت.

وتیشی نیگەرانیەکان لە لادانی كارمه‌نده‌كانه‌ لە بەنداوەکە کە ئەمە لەوانەیە ببێتە هۆی کێشە.

ئەحمەد وتی ئەگەر بەنداوەکە بەردەوام بەجێبهێڵدرێت بەبێ چاودێری و کرێکار بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاستی ئاوەکە، دەرەنجامەکانی فشاری ئاوەکە "کارەساتئامێز دەبێت بۆ ناوچەکانی دێرە زوور و رەققە."

وتیشی شاری تەبقە لە ئاستێکی بەرزتری زەویدایە و "لە مەترسییه‌كی چاوەڕوانکراودا نییە."

داعش هەوڵی خۆڕێکخستنەوە دەدات

ئەفسەرێکی هێزەکانی سوریای دێموکرات، فەرهاد خۆجە، کە بەشدارە لە ئۆپەراسیۆنەکانی توڕەیی فوڕاتدا، وتی: "شەڕ لە ناوچەی بەنداوی تەبقە بەردەوامە."

خۆجە بە دیارونای وت هێرشەکان بە وریایی ئەنجامدەدرێن بەهۆی بەنداوەکەوە و ئاماژەی به‌وه‌ش دا کە هێزەکانی سوریای دیموکرات بەپەرۆشن بۆ پاراستنی بەنداوەکە لە بەرکەوتنی هەر زیانێك.

وتیشی: "هێزەکانی سوریای دیموکرات بەهیچ شێوەیەك رووی چەکەکانیان نەکردۆتە ناوچەی بەنداوەکە و رێگەیان نەگرتووە و گرفتیان بۆ هیچ تیمێکی تەکنیکی دروستنەکردووە کە بگاتە بەنداوەکە."

خۆجە وتی لە 27 ئازاردا ژووری ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فوڕات ئاگربەستێکی چوار كاتژمێریی راگەیاند بۆ رێدان بە ئەندازیاران و تەکنیککاران بۆ چوونەناو بەنداوەکە .

وتیشی هێزەکانی سوریای دیموکرات پەیڕەوی ئاگربەستەکەیان کرد بەڵام داعش سودی لە بارودۆخەکە وەرگرت بۆ ڕێکخستنەوەی شەڕکەرانی لە ناوچەکەدا و هێرشکردنە سەر یەکەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ناچارکردنیان بە وەڵامدانەوە و شەڕ و دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکان.

هه‌روه‌ها وتی: "داعش دەنگۆ بڵاودەکاتەوە سەبارەت بە تێکشکانی بەنداوەکە بەهۆی بۆردومانەوە بۆ لەکەدارکردنی وێنەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و وێناکردنیان وەك ئه‌وه‌ی كه‌ گوێناده‌ن بە ژیانی هاوڵاتیان."

خۆجە وتی گروپەکە هەوڵدەدات بۆ راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکان و هێرشە ئاسمانیەکان و بۆردومانکردن لە ناوچەی بەنداوەکە بۆ سودوەرگرتن لە کات بۆ خۆئامادەکردن و رێکخستنەوەی هێزەکانی تا بەرگری لە رەققەی نزیك ناوچەکە بکەن دوای لەدەستدانی ناوچەی زۆر لەسەر دەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات.

پاراستنی سەلامەتیی بەنداوەکە

فەرماندەیەکی یەکەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، عادل فەتاح نەسرەدین، وتی هێزەکانی سوریای دیموکرات پاراستنی بەنداوەکەیان کردۆتە پێشه‌نگی كاریان و هەر مەترسییەك لادەدات کە ببێتە زیانگەیاند بە ژێرخانی بەنداوەکە."

نەسرەدین بە دیارونای وت رێساکانی پاراستنی بەنداوەکە پێكدێن لە "ناردنی تیمی ئەندازیاری، تەکنیککار و شارەزایانی بەنداوەکە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە دەتوانێت بەردەوامبێت لە کارکردن و هاوڵاتیانیش نەخرێنە هیچ مەترسییەکەوە دوابەدوای داڕمانی تەواوی یان بەشێکی بەنداوەکە."

وتیشی هەواڵەکان سەبارەت بە روخانی بەنداوەکە زیادەڕۆییه‌كی زۆریان تێدابوو. ئاماژەشی دا به‌وه‌ی كه‌ میدیای داعش سەرچاوەی دەنگۆکان بوون.

نەسرەدین وتی گروپەکە هەوڵیداوە سود لە دڵەڕاوکێی خەڵك وەربگرێت سەبارەت بە مەترسیی بەنداوەکە بۆ راگرتنی پێشرەویی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەرەو تەبقە و رەققە.

وتیشی: "تیمە کارکەرەکان بە تەواوی توانیویانە مەترسی لەسەر بەنداوەکە لابەرن لەڕێی بەگەڕخستنەوەی بەنداوەکەوه‌." ئاماژەشیدا به‌وه‌ی کە دوو رێڕه‌وی به‌ردانه‌وه‌ی ئاو ئێستا کاردەکەن.

هه‌روه‌ها وتی ئەندازیاران توانیویانە یه‌كێك له‌ رێڕه‌وه‌كان بکەنەوە کە بەتەواوی گیرابوو لەگەڵ ئەنجامدانی کاری چاککردنەوە لە رێڕه‌وێكی تردا کە نیوەی گیرابوو.

رونیشیکردەوە کە ئەو کارە ئەنجامدراوە لەڕیگەی دروستکردنی چەند خاڵێکی کۆنتڕۆڵکردنی کاتییەوە دوایئەوەی رێڕه‌وه‌ سەرەکیەکان بەهۆی تۆپبارانی داعشەوە بۆ سەر بەنداوەکە زیانیان بەرکەوتبوو.

نەسرەدین وتی: "هێزەکانی سوریای دیموکرات هەموو شێوازه‌كانی هاوكارییان خستۆته‌گه‌ڕ لەگەڵ تیمەکانی چاککردنەوە، کە یاوەریکراون لەلایەن چەند پیاوێكه‌وه‌ لە رێکخراوی خاچی سوری سوریاوە." هه‌روه‌ها ئاماژەی به‌وه‌ش دا کە تەکنیککارەکان بەردەوام کاردەکەن بۆ چاودێریکردنی بەنداوەکە و ئەنجامدانی کاری چاککردنەوەی پێویست.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500