تێرۆریزم

خەڵکی رەققە لە چاوەڕوانی هێزە رزگارکەرەکاندان

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

image

خاڵێکی پشکنینی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" لە شەقامێکی رەققەدا. [خاوەنی وێنە: گروپی رەققە بە بێدەنگی سەردەبڕدرێت]

بە بەردەوامی پێشڕەویی هێزە رزگارکەرەکان بەرەو شاری رەققەی سوریا، خەڵکی شارەکە دەڵێن "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) هەوڵەکانی چڕدەکاتەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی ژیان و مێشك و جوڵەیان.

هێزەکانی سوریای دیموکرات ماوەیەکە شەڕی گروپەکە دەکەن لە 25 کیلۆمەتر لە باکوری شارەکە وەك بەشێك لە ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فورات کە 6 تشرینی دووەم دەستیپێکرد.

دانیشتوان بە دیارونا دەڵێن بەهۆی گیرخواردنیانەوە لە شارەکەدا بەشێوەی دارایی و جەستەییش، و نەتوانینیان بۆ بەدواکەوتنی ژیانیان یان هەڵاتنیان، ئەوان لە دۆخێکی سەختدا دەژین لە چاوەڕوانی ئەوەی رزگاربکرێن تا بتوانن بۆ ژیانی [ئاسایی] خۆیان بگەڕێنەوە.

لە هەمانکاتدا، ئەندامانی داعش سوود لەو دۆخە دەبینن بۆ سەپاندنەوەی یاساکانیان و ئایدۆلۆژیای توندڕەو و وەرگرتنی پارە لە چەندین رێگەوە.

نەبوونی میدیا

مامۆستایەك لە رەققە ناسر عەلی، کە ناوی خوازراوی بەکارهێنا بەهۆی نیگەرانی لە سەلامەتی خۆیەوە وتی: لە دەستپێکی کەمپینی توڕەیی فوراتەوە گروپەکە هەڵکوتانە سەر [ماڵان]ی زیادکردوە، هەر ماڵێك دەکرێت لە هەر کاتێکدا بپشکنرێت."

بە دیارونای وت لە رابوردوودا، ئەندامانی داعش مۆڵەتیان لە خاوەن ماڵەکە وەردەگرت پێش ئەوەی بچنە ناو ماڵی خەڵکەوە، بەڵام ئێستا هەر دەرگا بکرێتەوە خۆیان دەکەن بەژوردا.

وتی: "ئەوان بە وردی ماڵەکان دەپشکنن بۆ هەر ئامێرێکی پەیوەندیگرتن، بەتایبەت بۆ وەرگری سەتەلایت."

ئەمەش کاتێك دەستیپێکرد کە دەنگۆی ئەوە لە شاردا بڵاوبۆوە کە زۆرکەس بە نهێنیی سەتەلایت دادەنێن تا بزانن چی لە دونیای دەرەوەدا دەگوزەرێت.

وتی بۆ ئەو مۆبایلانەش دەگەڕێن کە توانای وەرگرتنی ئینتەرنێتیان هەیە، دەستیان بەسەردا دەگرن و خاوەنەکەی بۆ زیاتر لە دوو هەفتە دەستبەسەردەکەن.

وتی: "ئەو کافێیانەی ئینتەرنێتیان هەیە لە ئێستادا بە تەواوی لەژێردەستی گروپەکەدان، زۆربەی کاتەکانیش مەدەنیەکان رێیان لێدەگیرێت بچنە ناویان، چونکە چونە ناوەوە تەنیا بۆ ئەندامانی داعشە."

عەلی وتی کاتێك بۆ مەدەنیەکان دەکرێنەوە، بەکارهێنەران بە وردی چاودێریی دەکرێن و کۆمپیوتەرەکانیان بەجۆرێك دانراوە رووی لە خاوەنی کافێکە بیت، کە زۆربەی کات حسبە ("پۆلیسی ئاینیی") بە تەنیشتەوە دانیشتوە.

وتیشی لە هەمانکاتدا، گروپەکە سوورە لەسەر ئەوەی منداڵانی ناوچەکە بەشداری خوێندنگەکانی بکەن و ئایدۆلۆژیای توندڕەویی و وانەکانی دەربارەی چەکسازیی و شەڕ وەربگرن.

تاکتیکی فشارکردنە سەر مەدەنییەکان بۆ مانەوە

دانیشتوی شارەکە ئەمجەد محەمەد، کە ناوی خوازراوی بەکارهێنا لەبەر سەلامەتی خۆی، وتی هەڵاتن لە رەققە ئەستەم بووە.

"لە رابوردوودا، گەشتکردن لە ناوچە و گوندەکانی دەوروبەری رەققەوە بۆ ناو شارەکە رێگە پێدرابوو چونکە هەموو ناوچەکە لەژێردەستی گروپەکەدا بوو،" وتی: "بەڵام ئێستا تەنانەت چوونە دەوروبەری رەققەش یاساغە، هەر کەسێکیش بڕوات ئەکرێت لێی قەدەغەبکرێت بگەڕێتەوە ناو ماڵەکەی."

محەمەد وتی ئەو ئۆفیسەی داعش کە نشینگە بەڕێوەدەبات دەست بەسەر هەر ماڵێكدا دەگرێت کە خاوەنەکەی تێدانەبێت، ئەمەش وایکردوە "بە سەدان خێزان لە شارەکەدا بمێننەوە".

وتی دانیشتوان دەزانن ئەمە تاکتیکێکە تا فشاریان لێبکرێت لە شارەکە بمێننەوە "وەك قەڵغانی مرۆیی" بۆ پاراستنی چەکدارانی داعش لە هەر ئۆپەراسیۆنێکی داهاتوو کە پێگەکانی داعش بکاتە ئامانج و لەگەڵ ماڵەکانی چەکدارانی داعش لەناو رەققەدا.

وتیشی مۆڵەت بۆ جێهێشتنی رەققە تەنیا لە دۆخی تایبەتدا دەدرێت، تەنیا بۆ ئەوانەش دەدرێت کە نزیکن لە گروپەکەوە، بەتایبەت هەندێك خاوەنکار و ئاڵوگۆڕکەری دراو.

وتی لەهەمانکاتدا، خەڵکی ئاسایی کە مۆڵەتیان پێدەدرێت بۆ رۆیشتن دەبێت هەمو کەلوپەلەکانیان جێبهێڵن وەك بارمتە تا دەگەڕێنەوە، دەبێت رۆژی [گەڕانەوەش] دیاریبکەن پێش ئەوەی بڕۆن.

چەکدارانی داعش لە رەققە کۆدەبنەوە

خاوەنکاری شارەکە وائیل موستەفا، کە ناوی خوازراو بەکاردەهێنێت بەهۆی نیگەرانی لە سەلامەتی خۆیەوە وتی داعش هەراسانکردنی مەدەنیەکانی زیاددەکات هەرکاتێك لە دەوروبەری رەققە شەڕ چڕببێتەوە.

بە دیارونای وت: "لە ئێستادا دانیشتوان بەرپرس دادەنرێن لەبەر هۆکاری زۆر لاوەکیی و لەجیاتی شێوازی سزادانی تەقلیدیی وەك زیندانییکردن و لێدان لە مەیدانی گشتییدا و لەبەرچاوی خەڵك، سزای دارایی دەدرێن".

وتیشی سزای دارایی وەردەگیرێت لەکاتی دواکەوتن بۆ نوێژ، کردنەوەی دوکان لەکاتی نوێژ و فرۆشتنی شمەکی قەدەغەکراو، یان کاتێك ژنێك ماڵەکەی جێدەهێڵێت بەبێ هاوڕێی مەحرەمێك [پاسەوانێکی نێرینە].

مستەفا وتی: "ئەم سزایانە زۆرجار داوادەکرێت بە دۆلاری ئەمریکی بدرێن، کە بارێکە بەسەر شانی دانیشتوانەوە بەهۆی ئەو دۆخەی تێیدا دەژین."

وتی ئەو خەڵکەی لە کشتوکاڵدا کاردەکەن زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، چونکە کرێی کێڵگەکانیان داوە بە داعش، بەڵام لە ئێستادا ناتوانن بچنە ناو موڵکەکانیانەوە بەهۆی دۆخی ئەمنیەوە.

جیا لەوەش، مستەفا وتی، "نیمچە-قەدەغەکردنێکی هاتوچۆ سەپێنراوە، سەرەڕای ئەو راستییەی کە هەرگیز رانەگەینراوە. دوای کاتژمێر 9ی شەو، شەقامەکانی شار بەتاڵ دەبن و تەنیا ئەندامانی گروپەکە لە شەقامەکاندا دەبینرێن بۆ پاسەوانیکردن".

وتیشی ژمارەی ئەندامانی داعش لەناو شارەکەدا زۆر زیادیکردوە.

وتیشی: "دەوترێت زۆربەی چەکدارانی شاری جەرابلوس ئێستا لە رەققەن، و چەندین گروپی دیکەش بەمدواییانە لە عێراقەوە هاتوون".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500