Topic/IraqToday

عێراق پلانی رزگارکردنی رۆژئاوای ئەنبار تەواودەکات

عەلاء حسێن / بەغدا

image

هێزەکانی عێراق لە بەرەبەیانێکی زوودا کۆبوونەتەوە بۆ بەردەوامیدان بە هەڵمەتی ئازادکردنی شارەکانی رۆژئاوای ئەنبار. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

عێراق پلان دادەنێت بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بۆ ئازادکردنی شارەکانی رۆژئاوای ئەنبار لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)، هەر لە شارەکانی راوە و عانە و گوندەکانی دەوروبەریانەوە تا شاری قائم لەسەر سنوری سوریا.

بەرپرسانی عێراقی بە مەوتنی-یان وت هێزە هاوبەشەکانی عێراق لە شەڕێکی 34 رۆژیدا گورزێکی بەهێزیان لە داعش دواوە بە دەرپەڕاندنیان لە فەلوجە کە قەڵای ئەم گروپە بوو لە ئەنبار.

وتیان ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی فەلوجە کە لە 26 حوزەیران کۆتایی هات، لەوەدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا کە دەسەڵاتی گروپەکەی لەم پارێزگایەدا تێکشکاند و بەشێوەیەکی کاریگەر ئامادەییانی کەمکردەوە.

وتەبێژی دەزگای دژەتیرۆری عێراقی، سەباح نوعمان، وتی: "حکومەتی عێراق سورە لەسەر دەرپەڕاندنی داعش لە سەرانسەری پارێزگای ئەنبار."

نوعمان بە مەوتنی وت هەنگاوی داهاتوو پێشڕەوی دەبێت بەرەو راوە و عانە و ئەپەڕی رۆژئاوای پارێزگاکە.

وتی وا چاوەڕوان دەکرێت شەڕەکە بەئاسانی لەم ناوچانە بەڕێوەبچێت " چونکە ورەی داعش بەتەواوی داڕماوە لەپاش دۆڕاندنەکانی ئەم دواییەیان لە ئەنبار".

وتیشی هەر کە ئازادکرا و سەلامەت بوو، رۆژئاوای ئەنبار دەبێتە بنکەیەك بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی رزگارکردنی شاری موسڵ لە باکوری وڵات.

پلانی جوڵە بەرەو رۆژئاوای ئەنبار

فەرماندەی لیوای حەدیسە، نازم جوغەیفی، وتی زۆر لە یەکەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە و بادیە لە ئەنبار یەکیان گرتۆتەوە تا خۆیان ئامادەبکەن بۆ شەڕی رزگارکردنی بەشە رۆژئاواییەکانی پارێزگاکە.

جوغەیفی بە مەوتنی وت لەسەر ئەوە رێکەوتوون کە ئۆپەراسیۆنەکە دوای رەمەزان دەستپێبکەن.

وتی: "ئامادەکاری دەکرێت بۆ پێشوازیکردن لە هاتنی لیوایەکی زریپۆش بۆناو فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە تا خۆیان بۆ شەڕەکە ئامادەبکەن کە هێزەکانی فیرقەی حەوتی سوپا و یەکەکانی پشتگیری تیایدا بەشداردەبن."

وتیشی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکان بەرەو گوندی زاویە دەکشێن، دەوروبەری 25 کیلۆمەتر رۆژئاوای حەدیسە، کە ئەو چەکدارانەی داعشی لێ کۆبوونەتەوە کە لە هیت هەڵهاتوون، دوای رزگارکردنی.

هەروەها وتی: ئەندامانی داعش بنکەی ئۆپەراسیۆنەکانیان لە هیتەوە گواستۆتەوە بۆ زاویە و "کردویانەتە بنکەیەك بۆ ئۆپەراسیۆنە تێرۆریستیەکانیان کە ئەو گوندە دەکاتە ئامانجێکی گرنگ لە هەر جوڵەیەکی سەربازیدا بەرەو رۆژئاوا".

جوغەیفی وتی دوای ئەوە ئۆپەراسیۆنەکان ناوچەی سەگرە دەکەنە ئامانج، کە نزیکەی 40 کیلۆمەتر لە حەدیسەوە دوورە.

لیوای حەدیسە پاراستنی هەردوو گوندەکە دەگرێتە دەست پاش رزگارکردنی، لەکاتێکدا هێزەکانی عێراق بەردەوامدەبن لە پێشڕەوی بەرەو راوە و عانە تا دەگاتە قائم.

لە پاشەکشێدا، داعش تاکتیکەکانی دەگۆڕێت

جوغەیفی مەزەنەی ئەوە دەکات لەجیاتی روبەڕوبوونەوە لەگەڵ هێزەکانی عێراق، داعش تا دێت زیاتر پەنا بەرێت بۆ بۆمبڕێژکردنی ماڵان و چاندنی بۆمبە دەستکردەکان چونکە هەم ژمارە و هەم ورەیان لەدابەزیندایە.

وتی ئەم تاکتیکە پێویستی بە هەوڵی یەکەکانی ئەندازیاریی سەربازی هەیە کە ئەرکی پوچەڵکردنەوە و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو تەقەمەنیانە دەکەوێتە سەرشانیان کە تاڕادەیەك رەنگە ببنە بەربەست لەبەردەم پێشڕەویی هێزەکانی عێراق بەرەو ئامانجەکانیان.

وتیشی: " زانیاریە هەواڵگریەکان ئەوە پشتڕاستدەکەنەوە کە چەکدارانی داعش دەستیانکردۆتە هەڵهاتن لە راوە و عانە بەرەو قائم یان بۆ شاری موسڵ لە پارێزگای نەینەوا."

ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار ترسی خۆی لەوە راگەیاند کە دەشێت شەڕەکە ببێتە هۆی قەیرانێکی ئاوارەبوونی نوێ کە لە توانای دەزگا ناوخۆییەکاندا نەبێت داڵدەیان بدات و داوای کۆمەکی زیاتری لە حکومەتی فیدراڵ کرد.

وتەبێژی ئەنجومەنەکە، عید عەماش، بە مەوتنی وت دەشێت ئازادکردنی راوە و عانە شەپۆلێکی تری ئاوارەبوون بخوڵقێنێت.

وتی لەبەر روناکی ئەمەدا، "دەبێت حکومەتی فیدراڵ هەوڵێکی زیاتر بدات بۆ پشتگیریکردنی حکومەتی ناوخۆیی پارێزگاکە بۆ داڵدەدانی ئاوارەکان."

وتی بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم دواییەوە، لەوانەش ئازادکردنی فەلوجە، هەزاران ئاوارە بوون و ئەمەش ئەرکێکی زۆر دەخاتە سەرشانی ئیدارەی ناوخۆی ئەنبار.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
1
0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 پیتت ماوە بینووسیت (1500 MAX)