هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده) سێشه‌ممه (2 نیسان) رایانگه‌یاند كه به‌دوای چه‌كدارانی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" (داعش)دا ده‌گه‌ڕێن له خۆرهه‌ڵاتی سوریا، له‌كاتێكدا فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانان بۆ ماوه‌ی زیاتر له هه‌فته‌یه‌ك دوای راگه‌یاندنی تێشكانی ته‌واوه‌تیی گروپه‌كه، چه‌كداران بۆردومانده‌كه‌ن.
ئاژانسی فرانس پرێس رایگه‌یاند كه هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له 23 ئازار چه‌كدارانی داعشیان له دواهه‌مین مۆڵگه‌یان به‌ده‌رنا له گوندی باغوز له‌سه‌ر سنووری عێراق، دوای هێرشێكی یه‌ك مانگی.
وته‌بێژی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات، موسته‌فا بالی وتی هاوپه‌یمانێتییه عه‌ره‌ب-كورده‌كه ئێستا "به‌دوای پاشماوه‌كانی گروپه تیرۆریستییه‌كه‌دا ده‌گه‌ڕێت".
ناوبراو وتی: "چه‌ند گروپێك هه‌ن كه خۆیان له ئه‌شكه‌وته‌كانی سه‌رووی باغوزدا حه‌شارداوه."
هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی رایگه‌یاند كه پشتگیری ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی راماڵینی حه‌شارگه‌كانی داعش ده‌كات به هێرشی ئاسمانی.
وته‌بێژی هاوپه‌یمانان، سكۆت راولینسن دووشه‌ممه وتی: "هێزه‌كانی سوریای دیموكرات به‌رده‌وامن بۆ رێگریكردن له كاریگه‌ری و بوونی فیزیكیی داعش له ناوچه‌كه‌دا و هه‌روه‌ها به‌رده‌وامن بۆ رێگریكردن له به‌ده‌ستڕاگه‌یشتنی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی بۆ گه‌ڕانه‌وه پێویستیان پێیه‌تی."
ناوبراو وتی: "بۆ پشتگیریكردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی سڕینه‌وه‌ی پاشماوه‌كان، هاوپه‌یمانان به‌رده‌وامن له پێشكه‌شكردنی پشتگیری له‌ڕێی هێرشی ئاسمانیی ورده‌وه به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات."
به‌رپرسه‌كه وتی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دژی داعش ئێستا ته‌ركیز ده‌خه‌نه سه‌ر "له‌ڕیشه‌هه‌ڵكێشانی" توانای داعش بۆ "سه‌رهه‌ڵدانه‌وه و هاوكاریكردنی یه‌كدی".
روانگه‌ی سوری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگه‌یاند كه له یه‌كشه‌ممه‌وه زیاتر له ده‌یان هێرشی ئاسمانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی مۆڵگه‌كانی داعشیان له باغوز كردۆته ئامانج.
چه‌كدارانی داعش له بیابانی گه‌وره‌ی بادییه‌ی سوریا و چه‌ند حه‌شارگه‌یه‌كی تر ده‌ركه‌وتوونه‌ته‌وه، به‌رده‌وامیشن له له‌ئه‌ستۆگرتنی هێرشه خوێناوییه‌كانی سه‌ر ناوچه‌كانی ژێرده‌سه‌ڵاتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات.