نەتەوە یەکگرتووەکان پێنجشەممە (25 کانونی دووەم) دەستیکرد بە هەوڵی نوێ بۆ راپهڕاندنی وتووێژی ئاشتی سوریا کە وڵاتانی خۆرئاوایی و ئۆپۆزسیۆن دەترسن کۆسپیان بۆ دروستبێت لەلایەن هەوڵێكی جیاوازی دیپلۆماسیی روسیاوە، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
وتووێژە دوو رۆژیەکە لە نەمسا دوای هەشت گەڕی وتووێژ دێت لە جنێڤ کە هەردوو لایەنەکە شکستیان هێنا لە تەنانەت یەکتربینینیشدا.
هەوڵەکانی پێشوو شکستیانهێنا بەتایبەتی لەسەر چارەنوسی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا کە شاندی حکومەت رەتیانکردەوە رووبهڕوو لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن دابنیشن هەتا ئەو داواکاریە لادەبەن کە داوای وازهێنانی ئەسەد دەکات.
دانوستانکاری باڵای حکومەتی سوریا، بەشار جەعفەری، هیچ لێدوانێکی نەدا کە گەیشتە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نەمسا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ستافان دی میستورای نێردەی تایبەتی ئەو رێکخراوە جیهانیە.
گروپی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن، کۆمسیۆنی دانوستانی سوریا، رایگەیاند لەگەڵ نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆدەبێتەوە بۆ وتووێژی جیا کاتژمێر 4 پاشنیوهڕۆ.
دی میستورا چوارشەممە وتی دانوستانەکان "لەکاتێکی زۆر زۆر گرنگدا" دێن.
ناسر حەریری لە کۆمسیۆنی دانوسانی سوریا وتی گفتوگۆکان "تاقیکردنەوەیەکی راستەقینە دهبن بۆ هەموو لایەك".
لهههمانكاتدا وەزیری دەرەوەی فەرنسا، ژان-ئیڤ لو دریان، لە پاریس وتی وتوێژەکان "دوایین هیوا" بوون بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی بۆ ئەو شەڕە حەوت ساڵیە کە بووەتە هۆی ژیان لەدەستدانی زیاتر لە 340,000 کەس.
وتووێژی نەمسا لەپێش کۆنفرانسێکی ئاشتیی جیاوازدا دێت پێنجشەممەی داهاتوو لە سۆچی هاوینەهەواری سهر دەریای رەشی روسیا بە پاڵپشتی روسیا و ئێران و تورکیا.
تەرکیزی کۆبوونەوەی سۆچی لەسەر نوسینەوەی دەستورێکی نوێ دەبێت، بەگوێرەی ئۆپۆزسیۆن، شتێك کە دی میستورا دەیەوێت لە نەمسا باسبکرێت.
لەکاتێکدا حکومەتی ئەسەد رایگەیاندووە دەچێتە سۆچی، کۆمسیۆنی دانوستانی سوریا هێشتا بڕیاری نەداوە، تەنانەت دوای سەردانێکی ئەمدواییەی بۆ مۆسکۆ.