هه‌واڵه‌كانی عێراق

نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوایین هەوڵیدایە بۆ پێکهێنانی لیژنەی دەستوری سوریا

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا دووشەممە (19 تشرینی دووەم) ئاماژەیدا بەوەی ئامادەیە دەستبەرداری هەوڵەکان بێت بۆ پێکهێنانی لیژنەیەك بۆ نوسینەوەی دەستوری قۆناغی دوای شەڕ ئەگەر هیچ رێکەوتنێك تا کۆتایی کانونی یەکەم ئەنجامنەدرێت، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

لیژنە پلانبۆدانراوەکەی دەستور کە لە کۆنفرانسێكی رێکخراو لەلایەن روسیاوە لە کانونی دووەم ئەنجامدرا لەلایەن حکومەتی سوریاوە رووبەڕووی رەتکردنەوە بووه‌تەوە لەسەر رێنەدان بە سەرکردە ئایینیەکان و نوێنەرانی گروپەکانی ژنان و شارەزایانی سەربەخۆ بۆ بەشداریکردن.

لیژنەکە، وەك بەشێکی هەرە سەرەکیی هەوڵەکانی ئاشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا، رادەسپێردرێت بە نوسینەوەی دەستورێکی نوێی دوای شەڕ کە رێده‌دات بە هەڵبژاردنەکان بەئامانجی دادانه‌وه‌ی لاپەڕەی شەڕی وێرانکەری حەوت ساڵە.

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ستافان دی میستورا، بە ئەنجومەنی ئاسایشی وت لە کۆبوونەوەیەكدا سەبارەت بە قەیرانی سوریا: "ئێمە لە دوایین رۆژەکانی هەوڵی پێکهێنانی لیژنەکەی دەستورداین."

نێردەکە، کە لەڕێی ڤیدیۆ کۆنفرانسێك لە جنێڤەوە قسەیدەکرد، وتی: "لەوانەیە بگەینە ئەو ئەنجامەی کە ناتوانرێت لیژنەیەكی دەستور پێکبهێنرێت."

هۆشداریشی دا: "لە بارێکی وەها نالەباردا بەدڵنیاییەوە من دەتوانم بۆ ئەنجومەنەکەی روونبکەمەوە کە بۆچی وایە."

دی میستورا، کە دیپلۆماتکارێکی ئیتاڵی-سویدییە و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکانە لە تەمموزی 2014وە، بەتەمابوو لە کۆتایی تشرینی یەکەمدا دەستلەکاربکێشێتەوە، بەڵام رازیبوو بۆ مانگێکی تر بمێنێتەوە بۆ ئەنجامدانی دوایین هەوڵ.

نێردەکە وتی نەتەوە یەکگرتووەکان هێشتا هیواخوازە تا ناوەڕاستی کانونی یەکەم بانگهێشنامە بۆ ئەندامانی لیژنەکە بنێرێت و کۆبوونەوەی یەکەم پێش 31 کانونی یەکەم ئەنجامبدات.

سەرۆکه‌كانی روسیا، تورکیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا داوایانکردووە تا کۆتایی ئەمساڵ لیژنەکە پێکبهێنرێت.

روسیا و ئێران، کە پاڵپشتیی سەرەکیی سەربازی بۆ سەرۆکی سوریا، بەشار ئەسەد، دابیندەکەن، تورکیاش کە پشتیوانیده‌كات له‌ هەندێك گروپی چەکدار، هەفتەی داهاتوو لە ئەستانەی پایتەختی کازاخستان کۆدەبنەوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500