وەزارەتی بەرگری عێراق هەینی رایگەیاند هێرشێكی ئاسمانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئێوارەی پێنجشەممە (6 نیسان) شهش سەرکردەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) کوشتووە لە رۆژئاوای موسڵ.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی هێرشە ئاسمانیەکە "ئەو شوێنەی بە ئامانج گرتبوو کە سەرکردەکانی داعش لێی کۆببونەوە لە حاوی ئەلکەنیسە لە رۆژئاوای موسڵ."
لەناو سەرکردە (کوژراەکانی) داعشدا یەکێکیان هاوڵاتییەکی سوریە و فەرماندەی سەربازیی جوند ئهلخلافە بووە، یەکێکی تریان هاوڵاتییەکی پاکستانیە كه بەرپرسی خۆکوژەکانی جوند ئهلخلافە بووە، هەروەها هاوڵاتییەکی تری سوری کە بەرپرسی حەشارگەکانی حەوانەوە بووە.
بەیاننامەکە وتیشی لەناو (کوژراوەکاندا) هاوڵاتییەکی تورکیش هەیە کە بەرپرسی ئاسایش بووە و هاوڵاتییەکی مەغریبی بەرپرسی هاتوچۆی موهاجیرەکان بووە و هاوڵاتییەکی عێراقیش کە بەرپرسی دانانی بۆمبەکان بووە لە شاری موسڵ.