راپەرێکی پێشووی بەریتانی و گومانلێکراوێکی بهدناوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە ئیسپانیا دەستگیرکرا، سەرچاوە دادوەرییەکان چوارشەممە (22 نیسان) رایانگەیاند.
بهگوێرهی سەرچاوەکە، عەبدولمەجید عەبدولباری کە پێشتر راپەر بووە لە خۆرئاوای لەندەن و جارێکیان وێنەیەکی خۆی بڵاوکردۆتەوە کە سەرێکی بڕاوی بەدەستەوەبووە، لە شاری ئەلمێریای سهردهریا له باشور دەستگیرکرا.
پۆلیس سێشەممە دەستگیرکردنی "یەکێک لە داواکراوترین تیرۆریستە بیانییەکانی داعش"ی راگەیاند، کە وەک هاوڵاتییەکی میسری ناساندی بەڵام بێئەوەی ناوی ئاشكرابكات یان بڵێت بە دیاریکراوی کەی دەستگیرکراوە.
سەرچاوەیەکی دادوەریی ئیسپانیا بۆ ئاژانسی فرانس پرێسی پشتڕاستکردەوە کە عەبدولباری بووە.
پۆلیس رایگەیاند كه گومانلێکراوەکە "پێشتر بە نایاسایی هاتۆتە ناو خاکی ئیسپانیاوە و لە شوقەیەکی کرێدا خۆی حەشاردابوو".
پۆلیس لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "ئەو یەکێکە لە داواکراوترین تیرۆریستەکان لە ئەوروپا بە تۆمەتی پێشینەی تاوانەکاری لە نێو ریزەکانی داعشدا و چونکە زۆر ترسناکیشە."
پۆلیس رایگەیاند کە پێش ئەوەی بگاتە ئیسپانیا، عەبدولباری "بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە ناوچە ناکۆکانی سوریا و عێراق بووە" و ئاماژەی کرد بۆ ئەوەش کە ناوبراو "کەسایەتییەکی زۆر سەیری هەیە و دۆسیەیەکی تاوانکارانەی زۆر ترسناکی هەیە کە وایکردووە ببێتە جێی سەرنجی پۆلیسی ئەوروپا و ئاژانسە هەواڵگرییەکان".
عەبدولباری، کە لە لەندەن لەدایکبووە، دوای بڵاوکردنەوەی پۆستەکەی تویتەری ناوبانگی دەرکرد کە تێیدا سەرێکی بڕاوی بەدەستەوەیە و لە کاپشنهكهیدا نوسراوە: "کاتێکی خۆش لەگەڵ برادەرەکەم، یان ئەوەی لێی ماوەتەوە".
کوڕی عادل عەبدولبارییە، میسرییەک کە لە 2015 سزای 25 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا لەلایەن دادگایەکی ئەمریکییەوە لهسهر بەشداربوونی لە رووداوی تەقینەوەکانی باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە کینیا و تانزانیا، کە بووە هۆی کوشتنی 224 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 5,000 كهسی دیکە.