هه‌واڵه‌كانی عێراق

هێزەکانی عێراق دەگەنە پردێکی گرنگی موسڵ

هێزەکانی عێراق کە شەڕی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) دەکەن لە خۆرئاوای موسڵ، دووشەممە (27 شووبات)، گەیشتنە پردی ئەوپەڕی باشوری شارەکە، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

ئەم هەنگاوە، تەنیا کەمێك دوای هەفتەیەك لە دەستپێکی هێرش بۆ سەر بەشی خۆرئاوای موسڵ، وادەکات هێزەکانی عێراق بتوانن پردێکی کاتیی لەنێوان دوو نیوەی شارەکەدا درێژبکەنەوە و فشاربخەنە سەر توندڕەوەکان.

وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان عەمید یەحیا رەسوڵ وتی: "هێزی ئامادەی خێرا و پۆلیسی فیدراڵی گەڕەکی جەوساقیان ئازادکردووە و لەئێستادا کۆنترۆڵی بەشی خۆرئاوای پردی چوارەم دەکەن."

ئەو ئاماژەی بە ئەوپەڕی باشوری پێنج پردەکە کرد -- کە هەموویان شکاو و خراپ بوون -- لەسەر روباری دیجلە کە ئەو شارەی باکوری عێراق دابەشدەکات.

رەسوڵ وتی: "ئەمەش مانای وایە پردەکە لەهەردوو بەشەکەوە لەژێردەستماندایە."

هاوکات هەر لەدووشەممەدا، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا رایگەیاند هێزەکانی عێراق یەکێك لە گرنگترین گەڕەکەکانی خۆرئاوای موسڵیان ئازادکرد دوای شەڕێکی خوێناویی لەگەڵ داعش.

فەرماندەییەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "هێزە هاوبەشەکانی عێراق گەڕەکی تەیرانیان لە خۆرئاوای موسڵ رزگارکردووە."

بەیاننامەکە رایگەیاند: "هێزەکانمان زیانی گەورەیان بە داعش گەیاندووە لەڕووی زیانی گیانیی و ماددییەوە."

فەرماندەی فیرقەی زرێپۆشی 10 لە فەوجی 2 عەقید عامر سەعدی بە دیارونای وت کە هێزەکانی عێراق لەئێستادا کۆنترۆڵی نیزکەی 30%ی خۆرئاوای موسڵیان کردووە.

وتیشی: "پێشڕەویی بەرچاو کراوە لە گەڕەکەکانی دیکەدا، لەنێویاندا وادی هاجەر، یەکێك لە بنکە هەرە گرنگەکانی ئەو گروپە تیرۆرستیە."

وتی: "داعش دەکشێتەوە و پێشڕەوی کراوە لە چەندین بەرەوە بۆ رێگرتن لە تیرۆرستان لە دزەکردن بۆ دەرەوەی ناوچەکە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500